یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن
2022-08-10 11:26:51
(درەو):
كۆبونەوەی كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، چارەنوسی هەڵبژاردن درایە دەست كۆبونەوەیەكی تر لە مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو، پارتیو یەكێتی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێككەوتن، بەڵام لەبارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان رێككەوتن نەكرا.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكاندا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشداربوو، جارێكی تر لایەنەكان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتیو گۆڕان هەندێك سازشیان كردووەو قایلبوونی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر بە شێوەی (یەك بازنە)، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی سەركردایەتی بەرەی ئەو حزبانەی دەكرد كە داوای شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان دەكرد.
سەرباری لێكنزیكبوونەوە لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە)، بەڵام پارتیو یەكێتیو لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11 كورسی كۆتای پێكهاتەكان)و (تۆماری دەنگدەران) نەگەیشتنە رێككەوتنو بەوهۆیەوە نەتوانرا لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، بۆیە سەرۆكایەتی هەرێمو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكاندا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو جارێكی تر لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی و یەكێتی نایانەوێت لەسەر وادەی هەڵبژاردن رێكبكەون و دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە دوای تێپەڕاندنی كێشەكانی بەغداد، واتا تا كێشەكانی بەغداد یەكلانەكرێتەوە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا دوادەكەوێت.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشتری كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمە كە حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە رۆژی (4ی ئازار)ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
خاڵی سەرەكی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، بەدیاریكراویش پارتیو یەكێتی بریتی بوون لە شێوازی هەڵبژاردن، پارتیو سۆسیال دیموكرات و زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی شیوعی پشتیوانی ئەوەیان دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكان پێشتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، واتە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە) یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، لەبەرامبەردا یەكێتیو گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەرییو نەوەی نوێ داوا دەكەن هەڵبژاردنەكە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێتو هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن واتە چوار بازنە، لەمەشدا (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشبكربَت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.
یەكێتیو ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی فرەبازنەیی دەكەن، پێیانوایە لەم رێگەیەوە دەتوانن رێگری لەوە بكەن جارێكی تر پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات، هاوكات دەتوانن كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دەربهێنن.