لە سەر فه‌رشی سووری پارتی و حكومه‌ت، توركیا هه‌رێم داگیرده‌كات؟
2018-06-05 14:53:05
راپۆرتی رۆژنامەوانی: نیاز عه‌بدوڵڵا
به‌ڕێوبه‌ری ناحییه‌ی سیده‌كان ئیحسان چه‌له‌بی له مانگی ئازاری 2018 رایگه‌یاند "لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧وە تورکیا ھێزی زیاتری ھێناوەتە دەشتی بەرازگرو خاڵی سنووری سەربازی نوێی دروستكردووه‌و، دەوڵەتی تورکیا بەقوڵایی ١٥ کیلۆمەتر لەناو خاکی ھەرێم لەماوەی ١١ی ئازاری ئەم ساڵه‌وه بنكه‌ی سه‌ربازی دامه‌زراندووه". به‌ڵام ته‌نیا دوای پێپه‌ڕبوونی سێ مانگ به‌سه‌ر قسه‌كانی چه‌له‌بی، وه‌زیری ناوخۆی توركیا سلێمان سۆیلۆ له2ی حوزه‌یران وتی "سەربازانی سوپای تورکیا 27 کیلۆمەتر چوونەتەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێستاش نزیکن لەچیای قەندیل و پێشڕەوی دەکەن، پێشتر وتمان بەهەر رێگەیەک بێت دەچینە قەندیل ئەوەتا ئەمڕۆ ئێمە نزیکی قەندیلین".
مێژووی به‌زاندنی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو و قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌ڵام به‌درێژایی 27ساڵی رابردوو هێنده‌ی ئێستا سوپای توركیا به‌و مه‌ودای قوڵاییه نه‌هاتۆته ناو خاكی هه‌رێم و به‌وچڕییه بۆردوومانی گوندنشینانی نه‌كردووه.
له 16ی ئازار ھێزەکانی پاراستنی گەل- ھ.پ.گ زانیاریارییان له‌باره‌ی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوچه‌ی برادۆست خسته‌ڕوو و رایانگه‌یاند "تورکیا ھێزی زیاتری کۆکردۆتەوە بۆ داگیرکردنی ناوچەیەکی گەورەی کوردستان".
چوار مانگ پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری عێراق، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ڕێگای وتاره‌كانییه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر شنگال و قه‌ندیلی كرد به‌ڕێككه‌وتنی دوولایه‌نه‌ی نێوان حكومه‌ته‌كه‌ی وعێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان-په‌كه‌كه له‌دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام عێراق هه‌ر جۆره رێككه‌وتنێكی هاوشێوه‌ی ره‌تكرده‌وه.
جه‌میل خدر عه‌بدال به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی به‌هۆی بوونی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مریكاو سوپای عێراق ئه‌وه‌ی به‌دوورزانی توركیا له‌كاتی بوونی هێزه‌كانی له‌نزیك قه‌ندیل، له‌م كاته‌دا هێرش بكاته سه‌ر شنگال و به (دره‌و میدیا)ی وت "چۆن له‌مه‌نبه‌ج بوونی ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسییه‌كان وه‌ڵامێكه بۆ هێرشه‌كانی توركیا‌و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، لێره‌ش بوونی ئه‌مریكییه‌كان و سوپای عێراق هه‌مان په‌یامه".
كرمانج عیزه‌ت قایمقامی قه‌زای سۆران له‌دوای هاتنی سه‌ربازانی سوپای توركیا له‌ڕۆژی 1ی حوزه‌یران بۆ گوندی به‌رمیزه‌ی سه‌ر به‌ناحییه‌ی سیده‌كانی قه‌زای سۆران و به‌ربانگكردن له‌گه‌ڵ دانیشتوانی گونده‌كه، به رادیۆ نه‌وای وت "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه سوپای توركیا به‌قوڵایی 15 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناوخاكی هه‌رێم و له‌به‌رزاییه‌كانی پشت گوندی به‌رمیزه جێگیربوون كه 500 مه‌تر له‌گوندنشینان دوورن".
سوپای توركیا له‌ناوچه‌ی برادۆست كه‌ماوه‌ی هه‌شت مانگه تیایدا كاربۆ دروستكردنی بنكه سه‌ربازییه نوێیه‌كانی ده‌كات، ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه‌و به‌هۆی سروشتییه‌وه به‌بوونی بێستان و ره‌زو باخ و به‌خێوكردنی هه‌نگ ناسراوه، ده‌كه‌وێته سێ گۆشه‌ی سنووری نێوان توركیا‌و ئێران و عێراق. له‌سنووری ناحییه‌ی سیده‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای سۆرانی پارێزگای هه‌ولێره، سنووره‌كه‌ی "درێژده‌بێته‌وه له گه‌لی عه‌لی به‌گه‌وه بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ره‌و هێڵی شه‌هیدان له‌شه‌مزینان، به‌دیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌كێله‌شین و به‌دیوی باكووری كوردستان له‌مه‌رزی زیت-ه‌وه باشووری كوردستان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه". به‌هۆی شوێنی جوگرافییه‌وه هه‌ر هێزێكی سه‌ربازی له‌وێ باڵا ده‌ست بێت، ده‌توانێت سێ گۆشه‌ی سنووری نێوان عێراق و ئێران و توكیا كۆنتڕۆڵ بكات، كه ئامانجی حكومه‌تی توركیایه له‌ئێستادا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان به‌بیانووی بوونی په‌كه‌كه ئه‌و له‌شكركێشییه بۆسه‌ر باشووری كوردستان ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه له‌ماوه‌ی گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی وتی "پێویستمان بە مۆڵەت نییە لە کەسەوە" ئەگەر "جوڵەیەک هەبێت دەستبەجێ دەچین، جا لە باکووری سوریا بێت یان لەباکووری عێراق".
له‌مانگی ئازاری ئه‌م ساڵ میدیا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی توركیا بڵاویانكرده‌وه له‌ڕێگای بنكه‌یه‌كی فڕۆكه‌وانییه‌وه له چیای كۆلیتار كه ده‌كه‌وێته سنووری ناحییه‌ی قه‌سرێی سه‌ر به قه‌زای چۆمان، چاودێری سنووره‌كان و جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن به‌مه‌ودای 23 كیلۆمه‌تر. به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتیمانیش له ناوچه‌ی برادۆست، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به (دره‌و میدیا)ی وت "له هه‌نگاوی دانانی بنكه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی توركیا له چیای كۆلیتار، پێشتر به‌هاوكاری حیزبی باڵاده‌ستی ناوچه‌كه رێگای چیاكه بۆ سوپای توركیا به شۆفه‌ڵ و ئامرازه‌كان پاككرانه‌وه تا سوپاكه بتوانن بنكه‌كه‌یان له‌وێ جێگیربكه‌ن، له‌كاتی پێویستیش ئه‌و هێزه هاوكاری و رێنوێنی سوپای توركیا ده‌كات له‌ناچه‌كه‌و چه‌ندجارێك سه‌ربازانی تورك له‌چیاكه بیندراون".
به‌ڵام رێناس جانۆ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌فراكسیۆنی پارتی دیموكرات هه‌ر هاوكارییه‌كی پارتی بۆ حكومه‌تی توركیا دژ به په‌كه‌كه ره‌تكرده‌وه‌و به رادیۆ نه‌وای وت "پارتی ناچێته ناو هیچ رێككه‌وتنێكه‌وه دژ به پارتی كرێكارن بێت، ئه‌وه‌ی توركیا له هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات داگیركارییه".
له‌دوای رووداوی هاتنی سوپای توركیا بۆ گوندی به‌رمیزه، سه‌رحه‌د وارتۆ وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان- كه‌جه‌كه ره‌خنه‌ی له‌سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرت و وتی "سیاسەتی حكومەتی هه‌رێم هەمان سیاسەتی پارتییە لەبەرامبەر هاتنی سوپای توركیا". سه‌رحه‌د وارتۆ پارتی به‌هاوكاریكردنی توركیا تۆمه‌تباركردو وتی "لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ باشووری كوردستان بەهاوکاریی هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و هه‌رێمی و بێدەنگی و بێهەڵوێستی هەندێک هێزی کوردی ئەنجام دەدرێت" كه ئامانج لێی "هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پارتی كرێكارانه له قه‌ندیل".
دوای رووداوی هاتنی سوپای توركیا بۆناو گوندی به‌رمیزه كه دانیشتوانی زیاتر له 200 خێزانن، جگه له‌هه‌ڵوێستی چه‌ند حیزبێك هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی به‌دوادا نه‌هات به‌تایبه‌ت پارتی دیموكرات كه فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و ناوچانه له‌ژێر باڵاده‌ستی حیزبی ئه‌ودایه.
حكومه‌تی عێراق له‌كاتی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناحییه‌ی به‌عشیقه‌ی سه‌ر به‌پارێزگای موسڵ له‌ساڵی 2015، دژ به‌هاتنی سوپا له12ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه ناڕه‌زایی فه‌رمی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد، به‌ڵام له‌بابه‌تی ئیستای له‌شكركێشی توركیا بۆناو خاكی هه‌رێم هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی نییه. ئه‌وكات حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی "بوونی هێزه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ناو خاكی عێراق پێشێلكاری سه‌روه‌ری خاكی عێراقه له‌لایه‌ن توركیاوه". ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش له‌به‌رامبه‌ردا وتی "ئه‌و هێزانه ماوه‌یه‌كی زۆره به‌ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌باكوور هه‌ن". ئه‌وكاتیش پارتی دیموكرات تۆمه‌تباركرا به‌كردنه‌وه‌ی ده‌روازه سنووره‌كان بۆ سوپای تۆركیا تابه‌ره‌و به‌عشیقه به‌سوپاوه بڕۆن، بۆیه مه‌سعود بارزانی هاته وه‌ڵام و وتی "ئه‌و هێزانه به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم بۆ راهێنانی سه‌ربازی هه‌ن و هه‌رێم به‌رپرسه‌و رێگا نادات به‌پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق".
به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانی له‌چوونی سوپای توركیا بۆ به‌عشیقه، سه‌ره‌ڕای بینینی چه‌ندین باڵیۆز‌و كونسوڵ و شاندی وڵاتان له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌كدا، به‌ڵام له‌هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كدا بارزانی ناڕه‌زایی خۆی و حیزبه‌كه‌ی دژ به‌زیادبوونی سوپا‌و بوونی سه‌ربازانی توركیا له‌ناوچه‌ی باڵاده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی حیزبه‌كه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه.
موختاری گوندی به‌رمیزه عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌حمه‌د به رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند "سوپای توركیا 20 كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی هەرێم و ناكشێتەوە بارەگای له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانە داناوه". روونیكرده‌وه ئه‌وان وه‌كو خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌به‌ر سوپای توركیا ژیانیان نه‌ماوه‌و شەڕی توركیایان پێ ناكرێت. وتیشی "تاحكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق تەداخول نەكه‌ن باوەڕ ناكەین ئەوان بكشێنەوە، چونكه پشتەوەی گوندەكەمان هەمووی لەدەست توركیایەو پێشتر پەكەكەی لێبووە، بەڵام ئێستا لەوێ نین".
بۆردوومانه‌كانی سوپای توركیا له‌به‌ره‌به‌یانی 22ی ئازار له‌گوندەكانی ماونان و وەسان و سەركان-ی سه‌ر به قه‌زای چۆمان بووه هۆی شه‌هیدكردنی چوار هاووڵاتی مه‌ده‌نی، كه دواتر به‌پێی وته‌ی خێزانی شه‌هیده‌كان راپۆرتی پزیشكی هۆكاری شه‌هیدكردنیان گۆڕاوه بۆ رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی مین. رۆژانی 5و6ی نیسان توركیا ناوچه‌كانی ئامێدی و سیده‌كان و شێلادزێی به‌چڕی بۆردوومانكرد و بریندار و شه‌هیدی لێكه‌وته‌وه، ئه‌وكات به‌رپرسانی ئیدرای ناوچه‌كه رایانگه‌یاند "زیاتر له 100خێزان ئاواره بوون و نزیكه‌ی 20 گوندیش چۆڵكراون".
فه‌ره‌ج رێكانی به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی له شیلادزێ ئه‌وكات به (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "سوپای توركیا هێزه‌كانی له‌ناوچه‌ی شیلادزێ له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر ده‌گوازێته‌وه‌و ده‌بابه ده‌هێنێت و موده‌ڕه‌عه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، سه‌ربازه‌كانیشی به‌پاس دێن و ئاڵ‌وگۆڕیان پێده‌كرێت، نازانین ژماره‌ی سه‌ربازو ده‌بابه‌كانیان چه‌ندن به‌ڵام رۆژانه زیاترده‌بن و له‌بۆردوومانه‌كانیش گوندنشینان به‌ئامانج ده‌كرێن".
بێده‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا به‌ره‌و شاره‌كانی هه‌رێم له‌كاتێكدایه، ساڵی 2003 په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری ژماره 37ی تایبه‌ت به‌ده‌رچوونی سوپای توركیای له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه.
رێكخراوی ئینه‌ف بۆ به‌رگریگرن له‌ئازادی رۆژنامه‌وانی و مافه‌كانی مرۆڤ، بۆجێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماری 37ی 2003ی په‌رله‌مان و داواكردن له‌حكومه‌ت تا "فه‌رمان به‌رده‌ركردنی ئه‌وهێزه داگیركاره‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا" بكات، له‌مانگی ئازاری ئه‌م ساڵ 10هه‌زار و 400 واژووی كۆكرده‌وه‌و پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كرد. هێمن مامه‌ند سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه به(دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "واژووه‌كانمان پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام ئه‌وان تائیستا هه‌ڵوێستێكی كرده‌ییان نه‌بووه، بۆیه له‌ڕۆژانی داهاتوو رێگای فشاری تر ده‌گرینه‌به‌ر".
جگه له‌داواكاری 13په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كوردستان له1ی حوزه‌یران بۆبه‌ستنی دانیشتنێكی نائاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌هاتنی سوپای توركیا‌و جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره 37، رۆژی4ی حوزه‌یران "به‌ره‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاری توركیا" راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌و وتیان "ده‌وڵه‌تی توركیا پرۆسه‌ی داگیركردنی شاراوه‌و ناڕاسته‌وخۆی باشووری گه‌یانده پرۆسه‌یه‌كی ئاشكرا".