Draw Media

یەپەگە: راوێژكارە سەربازییەكانمان لە مەنبەج دەكشێنینەوە

یەپەگە: راوێژكارە سەربازییەكانمان لە مەنبەج دەكشێنینەوە

2018-06-05 13:41:33


(درەو میدیا):
یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" رایدەگەیەنێت راوێژكارە سەربازییەكانیان لە مەنبەج دەكشێننەوە، ئەوەش دوای رۆژێك دێت لە راگەیاندنی رێككەوتنی توركیا و ئەمریكا لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ بەڕێوەبردنی شاری مەنبەجی باكوری سوریا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی گەل “یەپەگە” ئاشكرایكرد: " لە چوارچێوەی ستراتژیی گشتیی یەپەگە بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر و داعش، ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج داوای هاوكاری لێ كردین، تا پێكەوە شارەكە لە چەتەكانی داعش ڕزگار بكەین. ئەو داوا كارییە بەفەرمی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا ئاڕاستەی ئێمە كرا. ئێمەش وەك یەپەگە، لە سەر بنەمای ئەو داخوازییە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕێككەوتین و ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مەنبەجمان لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا دەست پێكرد، كە پاشان ماوەی  دوو مانگی خایەند و دەرەنجام سەركەوتنی بەدوادا هات و تیرۆریستانی داعش لە شارەكە وەدەرنران و بەشێكی زۆری گوندەكانی دەوروبەری مەنبەجیش پاككرانەوە. بە گشتی بەرخۆدان تا ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٦ بەردەوام بوو و لەو ڕێككەوتەدا بە ڕاگەیەندراوێك جاڕی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە درا".
یەپەگە ڕاشیگەیاندووە: " پاش ئەوەی مەنبەج ڕزگار كرا، ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەكە گەڕێندرایەوە، لە ڕێككەوتی ١٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٦دا، وەك ئیدارەی سەربازی و مەدەنی شارەكە و دەروبەریمان ڕادەستی هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج كرد و هێزەكانمان كشاندەوە و بەفەرمیش ئەو كشانەوەیەمان ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش مەراسیمی سەربازییمان ڕكخست و بەشێوەیەكی زیندوو لە تەلەفزیۆنەكانەوە بڵاوكرایەوە".
یەپەگە ئاشكراشیكردوە: " لەسەر داوای ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج، چەندین گروپ لە فەرماندەكانی یەپەگە وەك ڕاوێژكار لە شارەكە و دەوروبەری مانەوە. ئەو گروپانە كاریان پەروەردە و ڕاوێژی سەربازی بوو بە هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج. هەڵبەتە ئەوەش لە ژێر چاودێریی هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەنجام درا."
فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی گەل - یەپەگە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: " ئێستاش پاش ۲ ساڵ ئەنجومەنی سەربازیی منبج گەیشتووەتە ئاستێك كە دەتوانێت خۆی بەرێوەبەرێت و پەروەردە بكات، بۆیە فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ئیدی بە پێویستی نابینێت ڕاوێژكارەكانی لە منبج بمێنەوە و بڕیاری كشانەوەیانی داوە."
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا یەپەگە دەستنیشانی كردوە: " ئێمە وەك هێزەكانی یەپەگە بۆ ڕایگشتی مەنبەج دووپاتی دەكەینەوە، بۆ ڕزگاركردن و ئازادكردنی هاوڵاتیانمان و پاراستنیان لە چەتەكانی داعش، بە تێكۆشان و فیداكارییەوە ئەركی سەر شانمانە بەجێ دەهێنین و لەسەرییشی بەردەوام دەبێن تا ئەو كاتەی بە تەواوەتی كۆتایی بە تیرۆرستان دەهێنین و ئاسایش و ئارامی یەكجارەكی بۆ هەموو ناوچە ڕزگاركراوەكان دابین دەكەین".

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand