لە خوێندنگە دەركرا و بوو بە ملیۆنێر
2018-06-05 13:26:05
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
سیمۆن دولان، ئەو ملیۆنێرەی كە لە قوتابخانە دەركرا، بەڵام بەهۆی بیرۆكەیەكی ناوازە و تەنها بڵاوكردنەوەی ریكلامێكەوە لە رۆژنامەیەكدا، بوو بە خاوەنی پرۆژەیەك و توانی ببێتە ملیۆنێر.
دولان لە رۆژنامەیەكی ناوخۆدا ریكلامێكی بڵاوكردەوە رایگەیاند، ئامادەیە بە 10 پاوەند خزمەتگوزاری لە بواری ژمێریارییدا پێشكەشبكات و ئەو ریكلامەش ژیانی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی.
دولان ئەو كاتە تەمەنی 22 ساڵ بوو، ماوەی 15 ساڵ بوو لەسەر پارەی هاوكار كۆمەڵایەتی " سۆسیال" دەژیا، كاتێك بەهۆی شۆفێریكردن لەژێر كاریگەری خواردنەوە كهولییەكاندا مۆڵەتی شۆفێرییەكەی لێ سەندرایەوە و بێ كاربوو، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ریكلامەكە كەسێك پەیوەندی پێوەدەكات:" دوای سێ هەفتە كەسێك پەیوەندیكرد، كاروباری ژمێریاریم بۆ تەواوكرد، پاشان ریكلامێكی ترم بڵاوكردەوە و ئیتر بەوشێوەیە كار بەردەوام بوو".
دولان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەسەر مێزی چێشتخانەكەی كاری ژمێریای دەكات و پاشان لە ساڵی 1997 یەكەمین لقی كۆمپانیای ژمێریاری " ئێس جی دی " لە ناوچەی بركهامستیدی 26 كیلۆمەتری باكوری خۆرئاوای لەندەن دەكاتەوە و كارەكانی بە خێراییەكی بێ وێنە پێشدەكەوێت هەتا دەبێتە كۆمپانیایەكی پێشەنگ بە بواری ژمێریارییدا.
" لە گەورەوە بۆ گەورەتر "
زۆربوونی گرێبەست و زیاتربوونی قازانجەكانی بەهای كۆمپانیاكەی دۆلان و پشكەكانی لە بازاڕدا زۆر بەرزكردەوە، و ژمارەی كڕیارەكانی لە 2014دا گەیشتە زیاتر لە 14500 كڕیار، و 20 ملیۆن پاوەندی قازانج كرد و دۆلان كۆمپانیاكەی بە بەهای 100 ملیۆن پاوەند فرۆشت و لەبەرئەوەی ئەو تاكە خاوەنی كۆمپانیەكە بوو، 81 ملیۆن پاوەندی بەدەستهێنا.
دولان باسلەوەدەكات كە ئەم سەركەوتنەی بە قۆناغ دوای قۆناغ بەدەستهێناوە و گەشەكردنی كۆمپانیاكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە كە هەمیشە كاریكردووە بۆ ئەوەی هەموو مانگێك لە مانگی پێشووتر ئەنجامی زیاتر بەدەست بهێنێت :" بەبەهای 800 پاوەند قازانجی كرد، پاشان 1000 پاوەند و ئەو پرۆسەیە بەردەوام بوو بۆ چەندین ساڵ و كۆمپانیاكەش لە گەورەوە گەوەرەتر بوو".
بەڵام سەركەوتنی كۆمپانیاكەشی رووبەڕووی ئاستەنگ بوەوە، هەندێك لە فەرمانبەرەكانی هەوڵیاندا بڕی 10 هەزار پاوەند بۆ 60 هەزار پاوەندی لێ بدزن، بەڵام بەوتەی دولان هیچیان لە سزا دەربازنەبوون و كۆمپانیاكە زیاتر لە 200 كارمەندی هەبووە و تێیاندا بووە كە بەنیازی دزی بووە.
شێتی گەنجێتی
چیرۆكی سەركەوتنی دولان زیاتر نامۆ دەبێت، ئەگەر زانیمان كە دولان لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە قوتابخانە دەركراوە، لەبەرئەوەی " پرسیاری نامۆ" ی زۆر كردووە و ئەو وەبەرهێنەرە ئێستا سیستمی فێركردن لە ئینگلتەرا بە " بێ سود و نازانستی" وەسفدەكات و رەخنەش لەوە دەگرێت كە هانی گەنجان بدرێت بەردەوام بن لە خوێندن لە زانكۆ لە پێناوی ئەوەی پیشەیەكی جدیی بەدەستبهێنن و دەڵێت:" هەمیشە تەماشای رووە زانستییەكانی شتەكان دەكەم، و ئەگەر لایەنی زانستیم نەبینییەوە ئەوا سەرنج نادەمە كارەكە".
ئەو چالاكیانەی كە لە دەرەوەی خوێندنگە ئەنجامیدەدات، هەستی دولانیان بۆ كاركردن پەرەپێدا، ئەو لە تەمەنی 10 ساڵیدا كاریكردووە و رۆژنامەكانی دابەشكردووە و كاتێكیش تەمەنی دەبێتە 13 ساڵ بلیتی یانسیبی دەفرۆشت لەو بارەیەوە دەڵێت كە هەمیشە زۆر هۆگری ژمارە بووە:" لە قۆناغی سەرەتاییدا لە ماتماتیكدا باش بووم و لەوەشەوە هۆگری دارایی بووم".
پێشبڕكێی ئۆتۆمبیل
دولان دواتر روودەكاتە وەبەرهێنان لە پێشبڕكێی ئۆتۆمبیل و ساڵی 2008 تیمی گۆتا سپۆرتی دامەزراند، دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لە ساڵیادی لە دایكبونیدا ئەزمونی رۆژێكی لە شۆفێریكردنی ئۆتۆمبیلی پێشبڕكێ بە دیاری پێشكەشدەكات و دولان و دوو هاوڕێی تری لە شاری لۆمۆنی فەرەنسا ساڵی 2014 لە پێشبڕكێیەكی ئۆتۆمبیلدا پلەی پێنجەم بەدەستدەهێنن و وەبەرهێنان لە بواری پێشبڕكێی ئۆتۆمبیلدا گەشە پێدەدات و ساڵی رابردوو بەبەهای هەشت ملیۆن پاوەند فرۆشی هەبووە و 500 هەزار پاوەندی قازانج كردووە.
هەروەها ئێستا دولان لە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ساوس ئیند بەشێكی تایبەت بە فڕۆكەوانی هەیە و سێپتەمبەری رابردووش جارێكی تر لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی كۆمپانیایەكی ژمێریاری دامەزراندەوە و هاوشێوەی كۆمپانیای یەكەمی " ئێس جی دی" سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
ئاستەنگەكانی بازاڕ
بەڵام شارەزای بواری ژمێریاریی " ئیما سمیپ" دەڵێت ئێستا بازاڕ رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە و پێویستە لەسەر دولان بەئاگابێت چونكە:" یاسا و مەرجە نوێكان ئەو كەسانە ماندوو دەكەن كە لە كەرتی ژمێریاریدا كاردەكەن، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری لەوانەیە تەكنۆلۆژیا بێت".
سەرەڕای ئەو سەركەوتنانەی بەدەستی هێناون، بەڵام دولاب دان بەوەدا دەنێت كە چەنین بیرۆكەی لە بواری وەبەرهێناندا شكستیانهێناوە لە نێویشیاندا دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ نمایشكردنی جلوبەرگ و دەڵێت:" وەبەرهێنانی بچوك بوو، بەڵام دەشمزانی كە هەرگیز سەركەوتوو نابێت".
ئاشكراشیدەكات كە گەورەترین شكست بەلای خۆیەوە " راگەیاندنی براندێكی بازرگانی بۆن" بوو دەڵێت:" پرۆژەكە كاتێكی زۆری دەخایاند، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو قازانجی زۆری دەكرد، بەڵام ئەوەی روویدا ئەوەبوو من بایەخی تەواوەتیم پێ نەدا".
نوسینی: سوزان بێرن
تۆڕی بی بی سی