حزبەكان گۆڕانكاری لە پۆستە ناوخۆییەكانیان دەكەن
2018-06-05 12:01:21
درەو میدیا:
لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 و دەرئەنجامەكانی كاریگەری لەسەر حزبەكان درووست كردووەو لە پێناو خۆ رێكخستنەوەو ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵێك گۆڕانكاری ناوخۆیی دەكەن.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت گۆڕانكاری لە مەڵبەند و دامەزراوەكانی حزبەكەدا بكات و لە دواهەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا تاوتوێی ئەو گۆڕانكاریانە كراوە و بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەریان نەدراوە.
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" گۆڕانكارییەكانی یەكێتی بەمشێوەیەیە:
• رابەری سەید ئیبراهیم لە بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەوە دەگوازرێتەوە و دەكرێتە لێپرسراو یاخود سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی كە ئێستا ئەو مەكتەبە لەلایەن قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەدەبرێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیش دەبێت ئەو كەسەی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن وەردەگرێت ئەندامی مەكتەبی سیاسی بێت، بۆیە پێ دەچێت رابەری سەید برایم بكرێتە جێگری لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن.
* عوسمان بانی مارانی وەک لێپرسراوی مەڵبەندی کۆیە دەستنیشانکراوە
• عەبدولڕەزاق فەیلی دەكرێتە بەرپرسی كاروباری مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
• سامان گەرمیانی دەكرێتە بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی.
• هەڵۆ پێنجوێنی بۆ بەرپرسی مەڵبەندی شارەزوور
• سیروان كوێخا نەجم بۆ بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ
• بەرزان ئەحمەد كوردە بۆ شوێنی د. جوان ئیحسان سەرۆكی بۆردی لاوان و رێكخراوە ناحكومییەكان.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش سەرقاڵی ئاڵوگۆڕی پۆستە حیزبیەكانی دەڤەری سلێمانی – هەڵەبجەیە.
زانیارییەكان ئاماژە بە گۆڕینی ئەدهەم بارزانی بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە دەكەن لە سلێمانی و هەڵەبجە بەڵام هێشتا زانیارییەكان پشتراست نەكراونەتەوە، هاوكات سەعید ئاغا بەرپرسی لقی 4 ی سلێمانی پارتی بە ئالان حەمە سەعید ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی دەگۆڕێت و فازل بەشارەتی بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتیش دەگۆڕدرێت بە بەسام عەلی كادری پێشكەوتووی پارتی .
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا هەریەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گۆڕانكاری لە پۆستە حزبیەكانیان دەكەن.
هاوپەیمانی بڕیارە لە گۆڕانكاری پۆستی دەڤەرەكان و دامەزراوەی هەڵبژاردن و راگەناندنەكەیدا بكات، بڕیارە بزووتنەوەی گۆڕانیش لە گۆڕانكاری لە بەرپرسی هەندێك لە ژوورەكان و باژێروانەكان دەكات و بەتایبەتیش شیخ هیمداد بەرپرسی ژوری پەیوەندیە سیاسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە كاركێشاوەتەوەو شوێنەكەی پڕدەكرێتەوە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش گۆڕانكاری لە هەندێك لە پۆستەكانیدا دەكات بە تایبەتیش قسە لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی بەرپرسی مەڵبەندەكانی چەمچەماڵ و رانیەو گەرمیاندا دەكرێت.