Draw Media

یه‌كێتی له‌ شنگال: ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ شەنگالە

یه‌كێتی له‌ شنگال: ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ شەنگالە

2018-06-05 10:17:44


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا
رۆژی 1ی حوزه‌یران یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ یاوه‌ری سوپای عێراق له‌ لوتكه‌ی چل مێرای چیای شنگال جێگیر بوو، هاتنی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ به‌ دوای خۆیدا لێكدانه‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازی جیاوازی بۆ كرا. بۆیه‌ (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ جه‌میل خدر عه‌بدال به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ شنگال، زانیارییه‌كان و پاڵنه‌ره‌كانی بوونی ئه‌و هێزه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ تاوتوێ ده‌كات.
  
دره‌و میدیا: به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێوه‌ هۆكاری جێگیربوونی سوپای ئه‌مریكا له‌ لوتكه‌ چل مێرای چیای شنگال چییه‌؟
جه‌میل خدر عه‌بدال: هێزێكی ئه‌مریكی له‌ ستراتیجیترین شوێنی ناوچه‌ی شنگال جێگیربوون، تائێستا دڵنیانین له‌ مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی هێزه‌كه.‌ به‌ڵام داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ماوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ به‌عاج و جزیره‌، زانیارییه‌كانیش ئه‌وه‌ن كه‌ هه‌ڵمه‌ت ده‌ست پێكراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ فڕۆكه‌ بۆردوومانی پاشماوه‌كانی ده‌كات له‌ رۆژئاوای كوردستان و له‌ دیوی عێراق. هه‌ماهه‌نگیش له‌ نێوان سوپای سوریای دیموكرات-هه‌ده‌سه‌ و سوپای عێراق به‌ هاوكاری ئه‌مریكییه‌كانه‌ و تا ئوم زێدان ناوچه‌ی‌ به‌عاج له‌ سنووری نێوان رۆژئاوا و عێراق بچنه‌ خواره‌وه‌ و هه‌موو ناوچه‌كه‌ پاكده‌كه‌نه‌وه‌. پلانه‌كه‌ وایه‌ دواتر سوپای عێراق تۆكمه‌ بكه‌ن و جێگیری بكه‌ن و رێگا به‌ تیرۆریسته‌كان نه‌ده‌ن له‌ نێوان هه‌ردوو سنوور هاتوچۆ بكه‌ن و دۆخی ئه‌منی بشێوێنن.
 
دره‌و میدیا: سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی پارتی دیموكرات ده‌ڵێن هاتنی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بۆ دروسكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، ئه‌مه‌ تاچه‌ند‌ راسته‌؟
جه‌میل خدر عه‌بدال: هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌وێ نییه‌ و له‌سه‌ر ئاوه‌كه‌ جێگیربوون. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌ و  ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌وته‌ ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق، تائێستاش هه‌ر وا ماوه‌ته‌وه‌‌. بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ دووره‌ له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌، بڕواناكه‌م له‌وێ ده‌رفه‌تی هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ ئه‌م شوێنه‌ سه‌ر به‌ عێراقه‌ و خوارووی چیای شنگاله‌، بۆیه‌ له‌و بڕوایه‌ نیم پێشمه‌رگه‌ بچێته‌ ئه‌ولاو ببێته‌ به‌شێك له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و سوپای سوریای دیموكرات و هاوپه‌یمانان له‌ ئێستا. 

دره‌و میدیا: بوونی ئه‌مریكا چ په‌یامێكی سیاسی و سه‌ربازییه‌ بۆ توركیا كه‌ ئێستا له‌ برادۆست جێگیربوون؟
جه‌میل خدر عه‌بدال: چۆن له‌ مه‌نبه‌ج بوونی ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسییه‌كان وه‌ڵامێكه‌ بۆ هێرشه‌كانی توركیا و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، لێره‌ش بوونی ئه‌مریكییه‌كان و سوپای عێراق هه‌مان په‌یامه‌. پاشان هێزی نیزامی عێراق ئێستا له‌و سنووره‌ جێگیر بووه‌ و‌ بوونی ئه‌مریكییه‌كانیش هه‌یه‌، بۆیه‌ پێموانییه‌ توركیا كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكات و به‌ره‌و شنگال بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ بچێت ئه‌وه‌ قوڵایی عێراقه‌، دوای ئه‌وه‌ش كیشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رۆژئاواش دروست ده‌بێت له‌و لاوه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش‌ له‌وێن كه‌ دووربینییه‌كی تری سیاسی و سه‌ربازی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌و بڕوایه‌ نیم ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی تیابێت توركیا له‌م كاته‌ بتوانێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت به‌ره‌و شنگال.

چۆن له‌ مه‌نبه‌ج بوونی ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسییه‌كان وه‌ڵامێكه‌ بۆ هێرشه‌كانی توركیا و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، لێره‌ش بوونی ئه‌مریكییه‌كان و سوپای عێراق هه‌مان په‌یامه‌

دره‌و میدیا: بوونی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا چه‌ند له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و سه‌ربازی ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕیت به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر؟
جه‌میل خدر عه‌بدال: ئه‌مریكا ستراتیجی درێژخایه‌نی خۆی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ڵام ئامانجی ئیستاشی به‌شێكه‌ له‌و ستراتیجییه‌ته‌، ئیستا ئامانجه‌كه‌ی ده‌ركردنی داعش و لێدانه‌ له‌ تیرۆر، بۆیه‌ ئه‌و به‌‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌وه‌ش چی هه‌بێت جارێ دیار نییه‌، چونكه‌ ئیستا ته‌نسیقه‌كه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ داعش. سنووری نێوان عێراق و سوریا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ی تێكه‌ڵكێشه‌ وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و توركیا و دووربینییه‌كی سیاسی و سه‌ربازی هه‌یه‌.

 بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە شەنگال: خه‌ڵكی شنگال و ئێزیدییه‌كان زۆر خۆشحاڵن كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هاتوونه‌ته‌ شنگال و له‌وێ جێگیربن


دره‌و میدیا: جێگیربوونی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ شوێنی پارتی كرێكاران له‌ لوتكه‌ی چل مێرا، چ په‌یامێكه‌ بۆ عێراق و توركیا؟
جه‌میل خدر عه‌بدال: من پێشتر چل مێرام بینیوه‌، هێزێك له‌وێ نه‌بوو به‌ ناوی پارتی كرێكاران ئه‌و هێزه‌ی له‌وێ بوو به‌ناوی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال- یه‌په‌ژه‌ بوو،  كه‌ ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ دروست بوو له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ پارتی كرێكاران‌ له‌ چیا بوون به‌ڵام ژماره‌یه‌كی كه‌م بوون و ئه‌وانه‌ی تر خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بوون، پاشان ئه‌وه‌ بوو پاشه‌كشه‌یان كرد به‌ره‌و قه‌ندیل و له‌وێ نه‌مان.
دواتر سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هاتن و پارتی كرێكاران به‌شێوه‌ی ره‌سمی له‌وێ نه‌مان، به‌ڵام ده‌سته‌ی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال كه‌ خه‌ڵكی شنگالن ماون و ته‌نسیقیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و پۆلیسی ئیتیحاددی و حه‌شدی شه‌عبی و پاسه‌وانانی سنوور تا كاره‌كانیان رێكبخه‌ن و بكه‌ونه‌ ژێر ركێفی دامه‌زراوه‌كانی عێراق. به‌ڵام له‌ شوێنه‌ ستراتیجییه‌كه‌یان ئه‌مریكییه‌كان جێگیر بوون.
پیش ماوه‌یه‌كیش هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تایبه‌تی ئه‌مریكییه‌كان و بریتانییه‌كان له‌ ناو ئیزیدییه‌كان دیراسه‌ی سێ شوێنیان كردووه‌ و هاتوون چیای شنگال و چیای به‌عشیق و چیای زاب كه‌ له‌ دهۆكه‌ پشكندراون، به‌ڵام تائێستا بۆ شوێنه‌كانی تر نه‌چوون و هاتوون بۆ شنگال. هاتنی ئه‌مریكییه‌كان بۆ ئێزیدییه‌كان هه‌ست كردنه‌ به‌ ئارامی و پێیان خۆشه، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش نازانین ئه‌و جێگیربوونه‌ی ئه‌مریكییه‌كان كاتییه‌ یان درێژخایه‌ن‌، به‌ڵام خه‌ڵكی شنگال و ئێزیدییه‌كان زۆر خۆشحاڵن كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هاتوونه‌ته‌ شنگال و له‌وێ جێگیربن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand