گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی و کاریگەری نەرێنی لە سەر پێگەی کورد
2022-07-19 12:54:58
ئاریان رەئوف
لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراینا تا دێت گاریگەریان زۆرتر دەبێت لەسەر زۆر رەهەندی جیهانی و لەوانەش کاریگەری ئابوری و سیاسی و ئەمنی، ئەگەر چی هێشا کاریگەریە گەورەکانی بە دەر نەکەوتون بەڵام قەیرانی گەورەی جیهانی لە بواری وزەو بەرزبونەوەی نرخی خۆراک خوڵقاندوە کە رەنگە سەرئەنجام سەر بکێشێت بۆ تێچوونی ئارامی و سەقامیگری نێوخۆی زۆرێک لە وڵاتان و بشێوی لێ بکەوێتەوە وەک ئەوەی لەسریلانکا بینیمان.
لەم باسەدا تیشک دەخەینە سەر گۆرانکاریە نوێیەکان لە سیستەمی سیاسی جیهانی کە سەر ئەنجام ئەوەش لێکەوتەی ئەبێت لەسەر پێگەی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە دەرهاوێشتەکەی بریتیە لەگۆرانکاری لە ستراکچەری هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت لەوناوچەی کە کوردی لیێە. گریمانەی باسەکەش بریتیە لەوەی هەر گۆرانێک لە سیستەمی جیهانی روبدات کاریگەری نەرێی دەبێت لە سەر پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
یەکەم - گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی و ستراکچەری رۆژهەڵاتی ناوەراست
سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بە هۆی لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراینا بوو، کە سەردانەکە بە ئامانجی دروستکردنی ستراکچەرێک بۆ پشت بەیەکبەست وهەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە بەشداری ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە لایەکی تر جەختکردنەوە لەوەی ئەم ناوچەیە لەژێر هەژمونی ئەمریکادایە رێگە نادات بە چین بۆشایەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە کە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو پاشەکشەی ئەمریکا بوو کە لەماوەی رابردوودا لە ناوچەکەدا کردبووی وەک چۆن بایدن دانی بەوە دانا ئەمریکا هەڵەبوو لە پاشەکشە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. دەرهاوێشتەکانی هاتنی جۆ بایدن بۆ ناوچەکە بەو شێوەی لێ نەکەوتەوە وەک ئەوەی لە رابردودا سەرۆکەکانی ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بە دەستیان ئەهێنا، چونکە لە ئێستادا وڵاتانی ناوچەکە لە دۆخی ئەمریکا تێگەیشتونن کە ئەو پێگەو هێزەی جارانی نیە و رکابەی بەهێزی بۆ دروست بووە لە ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی ناوچەکە لە هەوڵێ دروستکردنی ستراکچەرێکی هەرێمین بۆخۆیان کە بتوانن لە ململانێ نوێیەکەدا خاوەن بریاری خۆیان بن تا ئەو کاتەی بۆیان روندەبێتەوە گۆرانکاری لەسیستەمە جیهانیەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، هەر ئەمەش وای کردوە کە جۆرێک لێک نزیکبونەوە و نەرمی نواندن لە نێوان نەیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست روبدات ، بۆ نمونە نەرمی نواندنی لە نێوان ئێران و سعودیە لەلایەک وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و بەتایبەت پەیوەندیەکانی سعودیە و ئیسرائیل لە لایەکی تر کە (ئەگەر چی هێشتا لە قۆناغی پەیوەندی ژێربەژێری دایە) دەرخەری ئەم راستیەن.
وەک چۆن ئەمریکا لە هەوڵی پێداچونەوەیە بە پەیوەندیەکنی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست روسیاش لە هەوڵی ئەوەدایە کە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت نەیارەکانی ئەمریکا بۆ خۆی کیش بکات، لە هەمانکاتدا ئەوانەشی کە نەیاری ئەمریکا نین وایان لێبکات کە پاڵشتی ئەمریکا نەکەن لەم ململانێیەدا، هەر لەو سۆنگەیەوە ڤلادیمر پۆتینی سەرۆکی روسیا ١٩ی تەمموز سەردانی تاران ئەکات و رۆژی دواتر دیداری لوتکە لەگەڵ ئیبراهیم رەئسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجام بدات، وابریارە لە دیداری لوتکەدا کێشەکانی سوریا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بە پیێ راگەیاندێکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە دیدارەکەدا "پرسی پەیوەندیەکانی نێوانیان و بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی تاوتۆێ دەکەن لەنێویشیاندا دۆسیەی سوریا و شەر لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکان لە سوریا " کە ئامانج لەم پرسەش رۆژئاوایە (کورستانی سوریا)، کە ئەگەرێکی زۆر هەیە چ روسیا و ئێرانیش رەزامەند بن و هاورابن لەگەڵ تورکیا بۆ بەرەنگاری بونەوەی هێزەکانی سوریایی دیموکرات.
بە روانین لە دۆخی نێودەوڵەتی هەرێمی ئەوە رون دەبێتەوە گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی و گۆرین لە ستراکچەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئارادایە یان ئەتوانین بڵێین دەستی پێکردوە. لە ئاستی نێو دەوڵەتی ئەمریکا رکابەری بەهێزی بۆ دروست بووە، ئەگەر چی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەوڵی ئەوەدەدات کە پارێزگاری لە دۆخی ئێستا (حمایە الوچع الراهن) سیستەمە جیهانەکە بکات کە خۆی تیایدا باڵادەست بوە لەسالێ ١٩٩٠ وە و رێگری بکات لە ناسەقامگیری سیستەمی جیهانی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە جیهان، بەڵام شارەزایان ئەوە دەخەنە روو ئەمریکا دواکەوتوە لە پارێزگاریکردن لە دۆخی سیستەمی سیاسی جیهانی.
دووەم - پێگەی کورد لە گۆرینی سیستەمی سیاسی جیهانی
بە روانین لە باردۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە گۆرانکاری نوێ سەرهەڵدەدات لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و سیستەمی سیاسەتی جیهانی بەروە گۆرانکاری دەروات، ئەگەر چی رووی (ملامح) گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی لە میژە بە دەر کەوتون بەڵام جەنگی روسیا و ئۆکراینا خێراتریکرد، و ئەمریکاش ئەو باڵا دەستەیەی بەسەر سیستەمەکەدا نامێنێت. وەک رونیشە ئەوەی لە سالێ ١٩٩١ ەوە تاکو ئێستا بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای سوریاشدا بەدەستی هاتوە لە دەرئەنجامی گۆران بووە لە سیستەمی سیاسی جیهانی لە دوو جەمسەریەوە بۆ تاک جەمسەری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٠ کە بە سیستەمی نوێی جیهانی ناسرا، لەو قۆناغەی کە ئەمریکا باڵادەست بوو بەسەر سیستەمەکەدا هەلێک بۆ کورد هاتەبون دەرئەنجامیش کورد لەهەرێمی کوردستان بو بە خاوەنی کیانی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەگەر چی هەر لەسەرەتاوە تاکو ئێستا ململانێکان لە ناوخۆی هەریمی کوردستان وبەهەدەردانی سامانی سروشتی هەرێمی کوردستانیان لاوازکرد ونەیانتوانی بیکەنە نمونەیەکی باش لە حوکمرانی لە ناوچەکەدا.
سەرباری نارەزای وڵاتانی ناوچەکە (تورکیاو ئێران و عێراق) بەڵام لەترسی ئەمریکا کە خاوەن بریار بوو و هەژموونی تەواوی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەبوو رێگریان لە گەشانەوەی هەرێمی کوردستان نەگرت و بە پێجەوانەوە مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵدا دەکرد بە تایبەت ئێران و تورکیا بە دەر لە دەوڵەتی عێراق وەک کیانێکی سەربەخۆ پەیوەندیان لەگەڵ بەست، ئەم مامەڵە کردنەیان لە دەرئەنجامی تێگەیشتنیان نەبوو بۆ رەوایەتی مافی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەی لە ناوچەکە بەڵکو دەرئەنجامی فشاری سیستەمە جیهانیەکە بوو بە رابەرایەتی ئەمریکا، هەربۆێەش تێفکرینی رەگەزپەرستانەیان دژ بە کورد دانەمرکابویەوە مامەڵەکردنیان لە گەڵ کورد لە ناوخۆی وڵاتەکانیان ئەم قسەیە دەسەلمێنیت، بەڵام هەر گۆرانێک لە سیستەمە جیهانیەکە دەستی تورکیا و ئێران واڵادەکات بۆ لاوازکردنی کورد لە هەرێمی کورستان، کە دواتر ئاماژە بۆ هەوڵەکانیان دەکەین.
سەبارەت بە رۆژئاواش دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی (داعش) کورد لە رۆژئاوا (کوردستانی سوریا ) ئەو هەلەی بۆ رەخسا کە ببێتە خاوەنی کیانێک لە ناو سوریا، سەرەرای دژایەتی کردنی لەلایەن تورکیاوە بەڵام تاکو ئێستا توانیویانە بەردەوام بن، ئەمریکاش هاوکاری سەربازی زۆری پێشکەش بە هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کرد کە هێزی باڵا دەستە لە رۆژ ئاوا، لە هەمانکاتدا ئەمریکا چەند جارێک روبەروی تورکیا وەستایەوە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیەکانی لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە ئەنجام نەدات، ئەگەر چی لە هەندێک ناوچەی تر چاوپۆشی لێکرد، ئەمە مانای ئەوەنیە هەرەشەکانی تورکیا بەردەوام نین لە سەر رۆژئاوا بەڵام باڵادەستی ئەمریکا هەندێک لەو هەرەشانەی کەمتر کردەوە.
سێیەم -دەرهاوێشتەکان گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی لەسەر پیگەی کورد
وەک پێشتر ئاماژەمان پیکرد بە لاواز بونی ئەمریکاش گۆرین لە سیستەمە جیهانیەکە رودەدات کە سەرئەنجام کاریگەری لە ستراکچەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت. بە هۆی ئەم گۆرانکاریە نوێیانە و لاوازبونی رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە، هێزە هەرێمیەکان لە نێویشیاندا ئێران و تورکیا ئەم گۆرانکاریانە بە هەلدەزانن و دەیانەوێت وەک هێزی ریڤژنست ( القوە التعدیلیە) گۆرانکاری لە ستراکچەری هەرێمەکەدا بکەن (لە ئێستادا ئەمە بەرونی دەبینین) ئەگەر چی لە رابردوشدا هەمیشە ئەو دۆخە سەپینراوەیان پێ قەبوڵ نەبوە بەڵام وەک ئێستا دەرفەتەکە لەباردا نەبو بۆیان. ئەمەش روونە زەرەرمەندی یەکەم لەگۆرینی ستراکچەری هەرێمەکەدا کوردە، نەک تەنها رۆڵ و پیگەی لاواز دەبێت بەڵکو هەرەشەی گەورەی روبەر دەبێتەوە لە خوارەوە باس لە هەندێک لەو هەرەشانە دەکەین کە لە ئێستادا بەرۆکی کوردی گرتوە:.
١-هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان لە ئیستادا کیانەکەی لە بەردەم هەرەشەی گەورەدایە، لە لایەک ئێران لە رێگەی درۆن و موشەکە دوور هاوێژەکانی بە بەردەوامی هەرەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەیەوێت لە ژێر فشاری ئەو هەرەشانەدا هەرێمی کوردستان ناچار بکات بە ئەجێندای ئێرانی رازی بێت، هەروەها تورکیاش بە پاساوی پ.ک.ک چ بە درۆن یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەرەشە لە سەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات. تەنانەت لە ئاستی نێوخۆی عێراقیش ئەم هەرەشانە بۆ کورد هەن بۆ نمونە عێراق لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی سیاسیدایە و حکومەتەکەشی کار بەرێکەرە کەچی بەوپەری توانایەوە لە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، زۆر بە شلێگیریانە دەیەوێت پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بگەرێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەم مەبەستەش رێگای یاسای توندی گرتوتە بەر چ لە ئاستی نێوخۆی عێراق بێت یان لە دەرەوەی عێراق، سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش پیگەی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی لاواز دەکات.
٢- رۆژئاوا (کوردستانی سوریا): تورکیا هەمیشە دەسەڵاتی کوردی لە رۆژئاوا بە هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی زانیوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە ئەو کیانە نەبێتە ئەمری واقع، هەربۆیە چ لەرێگەی هێزە چەکدارە لایەنگرەکانی بێت لە سوریا یان راستەوخۆ لە لایەن سوپای تورکیا هەرەشە لەسەر رۆژئاوا دروست کردوە، بە پاساوی دروستکردنی ناوچەی ئارام هەمیشە هەوڵی داوە فشار لەسەر زلهێزە خاوەن بەرژەوەندیەکان لە سوریاد دروست بکات، لەئێستاشدا بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی کەلەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریایی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تیاندا باڵا دەستە لەناوچانەش ( تل رفعت وکوبانی وعین عیسی ومنبج) بخاتە چوارچێوەی فراوانکردنی ناوچەی ئارام. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش ئێستا باشترین هەلە بۆ تورکیا چونکە لە لایەک روسیا بۆ ئەوەی تورکیا نەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا ئامەدەیە سازشی بۆ بکات لە سوریا ناوچەی ئارامی فراوان بکات ولە هەمانکاتدا ئێرانیش بۆ ئەوەی لە ململانێ هەرێمیەکەیدا تورکیا و هەروەها لە پرسی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانیش دژی نەوەستیتەوە رەزامەند بێت بە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کە ماوەیەکە تورکیا نیازی ئەنجامدانی هەیە، سەبارەت هەڵوێستی ئەمریکاش بۆ ئەوەی تورکیا بە بێ لایەنی لە ململانێ نێودەوڵەتیەکەدا بمێنێتەوە رەنگە بێ دەنگ بێت لەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات لە سنورێکی دیاریکراو، لە کاتێکدا لەرابردودا رێگری لە تورکیا دەکرد لە ئەنجامدانی.
٣-دۆخی پ.ک.ک: پەکەکە ئەگەر لە رابردودا دەیتوانی جولەکانی لە ناو شارەکانی کوردستان ئەنجام بدات و بە ئاسانی هاتوچۆی نێوان رۆژئاوا و قەندیل بکات ئەوا لە ئێستادا درۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی سەرکردە سەربازیەکانیان ئەکەنە ئامانج، لە لایەکی تریشەوە ئۆپەراسیۆن بەردەوامەکانی سوپای تورکیا کە هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر حەشارگەو شوێنی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، کە هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی خراپیان لە سەر جوڵە و چالاکیەکانیان دەبێت و سەرئەنجام رۆڵی چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکە لاواز دەکەن.
ئەم هەرەشانە کە ئاماژەمان پێکردن، لە ئایندەدا زیاتر دەبن، کە یەکێک لە سیناریۆکان رەنگە ئەوەبێت کورد لە رۆژ ئاوا و هەرێمی کوردستان ئەگەر بەرگری بکات سەرئەنجام لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە هیزە ئیقلیمیەکان کردەی جینۆساید لە هەندێک ناوچەدا و لە سنورێکی دیاریکراو ئەنجام بدرێت ، چونکە هێزە ئیقلیمیەکان ئەوە دەزانن گۆرانکاری لە سیستەمە جیهانیەکە ئۆرگانە نیودەوڵەتیەکانیشی لاواز کردوە بە حوکمی پێکهاتەی بریاردان لە ناو ئۆرگانە جهیانیەکان و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایش کە دەتوانێت بریا لە دەستیوەردان بدات لە بونی حاڵەتی جینۆساید.
چوارەم – کورد دەبێت چی بکات
دۆخی کورد لە ناوچەکەدا زۆر بەروە ئاڵەنگاری گەورە دەچێت، و لەمپەرەکانی بەردەمی زۆرن، بە حوکمی سەرقاڵبونی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بە جەنگی روسیا و ئۆکراینا مەحالە بایەخ بە هەرەشەکان سەر کورد بدەن، هۆیەکی تریش سەرەرای ئەوەی لە رابردودا پاڵپشتی سەربازی زۆری هەرێمی کوردستانیان کردوە بۆ یەکخستنی هێزی پیشمەرگە و دروستکردنی هێزی نیشتمانی، بۆ ئەوەی لە دۆخێکی وەهادا بەرگری لەخۆی بکات و رێگری بکات لەوەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان جرێکی تر روبەروی جینۆساید نەبنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بی سود بووە سەرئەنجام هیزەکانی پێشمەرگە سەر بە پارتە دەسەڵاتدارەکان مانەوە. وەک رونە لە ئێستاشدا پارتە دەسەڵاتدارەکان هیچ ئامادەگیەکیان نیە بۆ یەکخستنی هێزی پیشمەرگە، هەربۆیە هەرەشەکان بەجدی دەمێننەوە.
تەنها رێگەیەک لە بەردەم کورد ئەوەیە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی پێش وەختە لە هەرەشەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد ئاگاداربکاتەوە (الانژار المبكر) و رای گشتی جیهانی بوروژێنێت، کە ئەمەش رێکارێکی زۆر لاوازە بەڵام جگە لەمە دەرچەیەکی تر لە بەردەمیدا نیە.
دەرئەنجام
بە هۆی کاریگەری جەنگی روسیا وئۆکراینا کۆمەڵێک گۆرانکاری خێرا و قەیرانی گەورە رویان لە جیهان کردوە کە سەرئەنجام پرۆسەی گۆرینی سیستەمی سیاسەتی جیهانی خێراتر کردوە دەرهاوێشتەی ئەمەش لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرونی بە دی دەکرێت، چونکە پیگەی دەسەڵاتی ئەمریکا لە هەرێمەکەدا لاواز بوە ئەمەش هەلی بۆ هێزە هەرێمیەکانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق رەخساندوە کە رۆڵ و پێگەی کورد بگەرێننەوە بۆ دۆخی پێش سیستەمی نوێی جیهانی بەرابەرایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٠ ، دەرئەنجام هەر گۆرانکاریەک لە سیستەمی سیاسی جیهانی لێکەوتەی نەرێنی لەسەر پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات.