ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت .. پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)دا
2022-07-19 09:46:07
شیكاری: درەو
بەپێی داتاکانی دیلۆیت لە چارەکی یەکەمی (2022)دا، کۆی نەوتی فرۆشراوی هەرێم (لەناوخۆ و هەناردەکردنی بە بۆری)، زیاتر لە (39 ملیۆن) بەرمیل بووەو کۆی داهاتەکەی زیاتر لە (3 ملیار و 63 ملیۆن) دۆلار بووە. تەنها تەنها بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (43.9%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
واتە جگە لەوەی نەوتی هەرێم بە نزیکەی (14) دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی لەو ماوەیەدا فرۆشراوە، (56.1%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو کرێی بەرهەمهێنان، کرێی گواستنەوە، گۆڕانکاری حسابی کڕیاریان، سوود و رسومات...
ئامارەکانی دیلۆیت و داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم (لە ڕێگەی بۆرییەوە) لە چارەکی یەکەمی (2022)
ڕۆژی (18/7/2022) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاو کردەوە، ئەمە لە کاتێکیدا نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) تێپەڕیووە.
بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە (1ی کانونی دووەم بۆ 31ی ئازاری 2022) بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ئەو سێ مانگەدا بڕی (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، لەو بڕەش دوای بەکۆگاکردن و پاکردنەوەی لە پێکهاتەی ئاو تەنها (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە، بە تێکڕا بەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (86.73) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
تێبینی/ ئەگەر تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی سێ مانگی یەکەمی (2022) وەربگرین، وەک لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئاماژەی پێدراوە ئەوا نرخی هەر بەرمیلێک بریتی دەبێت لە (87.2) دۆلار نەک (86.73) دۆلار، کۆی داهاتەکەشی (3 ملیار و 45 ملیۆن و 311 هەزار و 891) دۆلار دەبێت نەک (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار، بەڵام لە خشتەکەدا هەمان ئەو ئەنجامەمان داناوە کە دیلۆیت ئاماژەی پێداوە، چونکە وەک ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئاماژەی پێداوە بەشێک لە نەوتەکە لە کارگۆی نەوتی بێ مواسەفات و ئاو بە هەرزانتر فرۆشراوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورە ترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) کە بڕی (39 ملیۆن و 88 هەزار و 710) بەرمیل بووە، بەهاکەی بریتی بووە لە (3 ملیارو 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلاری بە ڕێژەی (56.1%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، بەجۆرێک؛
- بڕی (1 ملیار و 22 ملیۆن و 935 هەزار) دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی نەوت ڕۆشتووە کە دەکاتە ڕێژەی (33.4%).
- بڕی (127 ملیۆن و 455 هەزار) دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (کرێی بۆری ناو تورکیا) کە دەکاتە ڕێژەی (4.2%)ی داهات.
- کرێی بۆری کوردستان بریتی بووە لە (122 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار کە دەکاتە (4%) .
- بڕی (125 ملیۆن) دۆلار بۆ قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆڵی تورکی نێو دەوڵەتی ڕۆشتووە کە دەکاتە ڕێژەی (4%) داهاتی گشتی.
- گۆڕانکاری حسابی کڕیاریان، سوود و رسومات و قەرزی لایەنی سێیەم بریتی بووە لە (321 ملیۆن و 960 هەزار) دۆلار کە دەکاتە ڕێژەی (10.5%)ی داهات.
تەنها بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلاری بە ڕێژەی (43.9%)ی داهاتی (نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆری و فرۆشەکانی ناوخۆوە) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (34.34) دۆلاری چووتە سەر بودجەی گشتی هەرێم، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)
کرێی بۆری نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)
بەپێی وردبینیەکانی کۆمپانیای دیلۆت، لە ڕابردوودا کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، یەکێك بووە لەو خەرجیە گەورانەی سەرنجی چاودێرانی بوارەکەی ڕاکێشابوو، چونکە بە تێکڕا لە لە ساڵی (2021)دا نزیکەی (10%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کرێی گواستنەوەی بۆری خەرج کرابوو.
بەڵام کرێی بۆری نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)، تاڕادەیەک گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک ئەو (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوەو بڕی (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلاری ئەمریکی تەنها (4%)ی ئەو داهاتە بە بڕی (122 ملیۆن و 165 هەزار و 292) دۆلار دراوە بە خاوەن پشکەکانی بۆری نەوتی کوردستان واتە هەر بەرمیلێک لە نێوان (3.35 – 3.5) دۆلار کرێی گواستنەوەکەی بووە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا.
بڕی (127 ملیۆن و 455 هەزار) دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (کرێی بۆری ناو تورکیا) کە دەکاتە ڕێژەی (4.16)ی داهات ڕۆشتووە بۆ کرێی بۆری لە خاکی تورکیادا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
خشتەی ژمارە (3)
هەزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت هەرزان فرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامی هەیە و بەپێی داتاکان نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)دا، نەوتی هەرێم (13.72) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە (خشتەی ژمارە (4)) ئەو ڕاستییە ڕووندەکاتەوە.
خشتەی ژمارە (4)
نەوتی هەرێم و فرۆشتن بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ
پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێویستیان بۆ دابین ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو دەدات بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەت بڕێک پارە دەدات بە پاڵاوگەکان بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە کەمترە کە پێداویستیی پاڵاوگەکان پڕ بکاتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) کە بڕی ئەو نەوتە خاوە نیشان دەدات کە پاڵاوگەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ پێیان دراوە. واتە بە جۆرێک ئەو ماوەیە کە دەکاتە (90) ڕۆژ و ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی پێیان دراوە دابەشی ڕۆژەکان بکەین دەکاتە (24 هەزار و 734) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە.
خشتەی ژمارە (5)
جگە لەوەی پاڵاوگەکان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپاڵێون (وەک لە پێشتر ئاماژەی پێکراوە)، ڕۆژانە بڕێکیش نەوتیان پێ دەفرۆشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی(409 هەزار و 37) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (84.23) دۆلار بە پاڵاوگەکان فرۆشتووە، کە بۆ هەر ڕۆژێک (4 هەزار و 544) بەرمیل بووە. کۆی داهاتەکەی دەکاتە (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (6))
خشتەی ژمارە (6)
سەرچاوە
- ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf