گەردەلولی چاوەڕوانكراو...هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023
2022-07-18 20:59:52
د.سەلام عەبدولكەریم
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023
بڕیارە لەهاوینی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەبچێتو تیایدا سەرۆكی سیازدەیەمینی ئەو وڵاتە لەكۆشكی چانكایا ماوەی پێنج ساڵ فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە بكات. رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی كۆماری ئێستای توركیا پاش گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی توانی سەركەوتوو بێتو دواتریش لەكێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018 دیسان سەركەوتنی بەسەر ركابەرە سیاسییەكانی تۆمار كردو ئەمجارەش خۆی بۆ كێبڕكێیەكی گەرمو گوڕتر ئامادە دەكات، بەتایبەت لەئێستادا شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، كەپێكهاتوون لە لە(پارتی گەلی كۆماریی)و (پارتی چاكە)و (پارتی ئاشتیو پێشكەوتن)و پارتی (سەعادەت)و پارتی (دیموكراسیی) سەرقاڵی كۆبوونەوەی بەردەوامن بەمەبەستی داڕشتنی ستراتیژی كاری سیاسیی بەرەیی بۆ وەستانەوە بەڕووی هاوپەیمانییەكەی ئاكپارتیو پارتی مەهەپەی نەتەوەپەرست، كەكرۆكی پرۆژەی سیاسیی ئەو شەش پارتە گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی توركیایە بۆ سیستەمی پەرلەمانیو رێكەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیای 2023دا. هەرچی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)شە تائێستا لەدەرەوەی پرۆژەی كاری سیاسیی هەردوو بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنەو بەتەنها ماوەتەوەو نیازیان هەیە بەتەنها خۆیان بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكەنو دیاریش نییە ئاخۆ كاندیدیان دەبێت یان نا؟
بەپێی پێوەرە سیاسییەكانی هەڵبژاردنو دۆخی نێوخۆیی توركیا ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەردوو بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنو بۆ هەدەپەو كوردیش وەك گەردەلولو زریانو باوبۆرانی سیاسییە، چونكە هەر لایەك لەو دوو بەرەیەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ئەوا زریانی توڕەیی خۆیو بەرنامەو ئەجێندای سیاسیی خۆی بەسەر ئەویترو پێنج ساڵی داهاتووی توركیاشدا دەسەپێنێت. بۆیە گەر بۆ بەرەی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن جارێك مەترسیدارو هەستیار بێت، ئەوا بۆ هەدەپە دووجار، چونكە ئەگەر هەدەپەش كاندیدی هەبێت، ئەوا پێناچێت ئەندامو لایەنگرانی هیچ كام لەو شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنە دەنگ بەكاندیدەكەی هەدەپە بدات، چونكە جگەلەوەی هەر لەدەسپێكی كۆبوونەوەكانی لوتكەی شەش پارتەكەوە هەدەپە بەشداری پێنەكراوە، هاوكات خۆشیان رایانگەیاندووە، كەبێشك كاندیدیان بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەبێت، هەروەك لەبەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی شەشەمی لوتكەی نێوانیان رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بەجۆرێك تیایدا هاتبوو:"سەرۆكی سیازدەیەمینی توركیا كاندیدی خۆشەویستانی دیموكراسیو لەپشتیوانانی سیستەمی پەرلەمانی دەبێت". بێئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكەن.
كۆنگرەی پێنجەمی هەدەپە..بەگژاچوونەوەی كەنارخستن لەبری بەخۆداچوونەوەی سیاسیی
لەرۆژی (3)ی ئەم مانگە لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا هەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی گرێداو تیایدا جارێكیتر هەریەكە لە(پەروین بوڵدانو مەدحەت سنجار) بەهاوسەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرانەوەو لەگەڵیشیدا (100) ئەندام وەك ئەنجومەنی سەركردایەتیو (50)ی دیكەش وەك یەدەگ بۆسەركردایەتی هەدەپە هەڵبژێردران سەرباری هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی دیسپلینی ناوەندیو لیژنەی ئاشتی.
ئەم كۆنگرەیە لەبری ئەوەی كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەی بەشداری سیاسییو لانیكەم موراجەعاتی بەشێك لەو هەڵە سیاسیو ستراتیژییانە بێت، كەهەدەپە لەماوەی بەشداری سیاسیی لەپرۆسەی سیاسییو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیو سەرۆكایەتیو شارەوانی توركیادا كردوونی، بەپێچەوانەوە زیاتر كۆنگرەیەك بوو بۆ بەگژاچوونەوەی ئەو كەنارگیریو پەراوێزخستنەی، كەماوەیەكە تووشی بووە. سەرباری ئەوەی پەیامێك بوو بۆ شەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیا، كەماوەیەكە بێ هەدەپە سەرقاڵی ئامادەكاریو رەنگڕێژكردنی ستراتیژی كاری سیاسیی لەمەڕ ئایندەی سیاسی توركیاو پرۆسەی هەڵبژاردنس سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا لەساڵی 2023. هەروەك (پەروین بوڵدان)ی هاوسەرۆكی نوێی هەڵبژێردراوی هەدەپە رایگەیاند:"چیتر رێگە نادەین كەس وەك پرد بەكارمان بهێنێتو بەسەرماندا بپەڕێتەوە". بەڵام بەبۆچوونی ئێمە ئەم قسەیەی بوڵدان درەنگ وەخت بوو، چونكە دەمێكە ئەوان لەلایەن جەهەپەو كەمال كڵیچدار ئۆغلوی سەرۆكی پارتەكەوە وەك پرد بەكارهێنراون بۆ مەرامو ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان دژ بەئەردۆگانو ئاكپارتیو هاوپەیمانی گەلی لەگەڵ مەهەپە بەدیاریكراویش گەورەترین بەكارهێنان وەك پرد بریتی بوو لەبەركارهێنانی هەدەپەو دەنگدەرو لایەنگرانیان لەدووبارە هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەمبوڵ، كاتێك لەگەڕی یەكەم نەتوانرا ئەنجامەكە یەكلاییبكرێتەوە، بەڵام لەگەڕی دووەمو كۆتایی بەهۆی پشتیوانی هەدەپە لەئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی جەهەپە كێبڕكێكە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی كۆتایی هات. ئایا نەدەبوو لەو دۆخە هەستیارەدا هەدەپە هۆشی بەلای بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیو پرسی كورد لەتوركیا هەبووایەو نەكەوتایەتە ئەو هەڵە زەقە سیاسییەوە؟!
بۆیە ئەوەی دەبوو هەدەپە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكەی ئەنجامی بدات پێداچوونەوەو بەخۆداچوونەوەی سیاسیی ورد بوو لەگەڵ هەڵسەنگاندی بەشداری سیاسییو ستراتیژی كاركردنی لەگۆڕەپانی سیاسیی توركیاداو دانانی نەخشەو كارنامەی داهاتووی سیاسی لەململانێ سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت، كەگۆڕانكاری گەورە لەنەخشەی سیاسیو هێزە سیاسییەكانی توركیادا هاتۆتە ئاراوەو پارتی رێكخراوی سیاسی نوێ لەنموونەی پارتە سیاسییەكان (عەلی باباجانو ئەحمەد داود ئۆغلو) دروستبوون، ئەمە جگە لەگۆڕانی دیزاینیو پێكهاتەی هاوپەیمانیو بەرە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان، كەلەئێستادا لەشەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی مۆزایكی ئایدۆلۆجیاو هزر ئیسلامیو كەمالیو لیبرال دیموراتدا بەرجەستە بووە بەبێ حسابكردن بۆ هەدەپە.
هەدەپە لەم دۆخە سیاسییەو تا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023 بچین زیتر دەكەوێتە نێوان بەرداشی گوشاركردنی زیاتری ئەردۆگانو ئاكپارتیو لەم لاشەوە فەرامۆشكردنو پەراوێزخستنی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیاوە، بەدیاریكراوی ئەگەر لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ئەو شەش پارتە رێكبكەون، ئەوكاتە دیسان كار لەسەر بەكارهێنانی كاتی هەدەپە دەكەن بۆسوود وەرگرتن لەدەنگدەرەكانیانو دووریش نییە وەك جەهەپەو كاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا جارێكیتر هەدەپە لەگۆڕەپانی سیاسی توركیادا فریو بدرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەجۆرو شێوازێكی دیكە.
دەمیرتاشو تێنگەیشتن لەرۆڵی نوێی جیهانیو هەرێمی توركیا
سەلاحەدین دەمیرتاشی یەكێك لەسەركردە سیاسییە باڵاكانی هەدەپەو كورد لەتوركیا لەزیندانەوە لەپەیامێكدا رایگەیاندبوو، كەلەدوای ساڵی 2023 پارتێكی سیاسی بەناوی ئاكپارتی نامێنێت، ئەوەش وەك ئاماژەكردن بووە بۆ ئەگەری شكستی ئەردۆگانو ئاكپارتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023و بەمەش ناكۆكیو دووبەرەكی زیاتر لەنێو ئەو پارتدا دروستدەبێتو بەنەمای لەدەسەڵاتی سیاسی توركیادا كۆتایی پێدێتو هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام بەوردبوونەوە لەم وتەیەی دەمیرتاش تێدەگەین، كەجۆرێك لەتێنەگەیشتنو لێكدانەوەی وردی سیاسیی هەیە لەمەڕ ئەو رۆڵە نوێیانەی، كەتوركیا بەخۆوەی بینیوە لەچەند ساڵی رابردووداو لەئێستاو ئاییندەشدا، كەدەیگێڕێت. هاوكات دەبوو دەمیرتاش پەیامی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە هەبووایە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكە لانیكەم كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەو موراجەعاتی كاری سیاسی پارتەكەی بەگشتی و كورد بووایە بەتایبەت راوەستان لەسەر هەڵە كوشندەكانی هەدەپە لەكاتی هێنانی نزیكەی 80 كورسی كەدەرفەت بوو لەگەڵ ئاكپارتی لێكتێگەیشتنی نوێی سیاسی تا ئاستی هاوپەیمانی لەسەر چارەسەری پرسی ئاشتیانەی كێشەی كوردو پێكهێنانی حكومەتی ئئتلافی ئەوكات مەهەپە دووربوو لەئاكپارتی. هەڵەی دووەم دوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمموزی 2016 بوو، كەئاكپارتی لەگەڵ هەموو پارتەكانو هەدەپەش كۆبووەوە بەڵام هەدەپە ئەویشی رەتكردەوە. هەڵەی سێیەم پێداچوونەوەی پاڵپشتی بێسودی هەدەپە لەجەهەپە و ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی شارەوانی ئەستەمبوڵی ئەو پارتەو وەستانەوە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی.
ئێستاش كە شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە رێك لەتەوقیتی نزیكی رۆژی كۆنفرانسی هەدەپە كۆبوونەوەو پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكی تریان ئەنجامداوەو لەم كۆبوونەوەیەدا زیاتر لەسەر پرسی كاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن وتووێژیان كردووە بەبێ هەدەپەو لەكۆبوونەوەكانی تریش هەدەپە پشتوێ خراوەو كراوەتە دەرەوەی ئامادەكارییەكانی كێبڕكێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، كەبڕیارە لەهاوینی 2023 ئەنجام بدرێت، بەم پێیە بێت هەدەپە وەك دەستبەتاڵ لەپرۆسەی داهاتووی توركیا دەكرێتە دەرەوە، چونكە دەمیرتاش خۆشی كاندید بكاتەوە جگە لەئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە خۆیان، ئەوا ئەندام و لایەنگری هیچ كام لەشەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان و تەنانەت ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپەش، كەبەحسابی هەدەپە هاوپەیمان و نزیكی سیاسیانە پێناچێت دەنگ بەدەمیرتاش و هیچ كاندیدێكی دیكەی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا بدەن. ئایا ئیتر كاتی موراجەعات و پێداچوونەوەی هەڵە سیاسییەكان و كاری سیاسی چەند ساڵەی هەدەپە نییە، كەلەكۆنگرە نوێیەكەیاندا وەك بڵێی ئەو چەند ساڵەی بەشداری سیاسیان نەبایان دیبێ و نەبۆران، كەفەرامۆشكردنی باوو بۆران و زریانی سیاسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بێڕەحمە سەبارەت بەهەدەپە و كوردیش.
ئەو بۆچوونانەش كەدەمیرتاش كەلێن و درزی خستۆتە ناو ئاكپارتی، نەك واقیعی نییە، تەنانەن عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغلوی دامەزرێنەرانی پێشووی ئاكپارتی نەیانتوانیوەو پێناچێت بشتوانن ئەو دووبەرەكییە لەنێو ریزەكانی ئاكپارتی لەم قۆناغەدا دروست بكەن. نەخوێندنەوەی پێگەو رۆڵی مێژووی توركیا و ئەندامی بەهێزی ناتۆو هاوپەیمانی سەرەكی ئەمەریكاو ئیسرائیل و هاوپەیمانی توركیا لەگەڵ روسیا و ئێران لەرابردووی نزیك ئێستاشدا و هاوپەیمانی و پەیوەندی و كۆمەكییە داراییەكانی قەتەرو كۆمەكییە لۆجستی و ئیدارییەكانی ئیخوان موسلیمین و ئاوڕدانەوەو ئاشتبوونەوەی توركیا لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیەو ئیمارات و دەستپێشخەرییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ میسرو سعودیەو بەهێزبوونەوەی پێگە رۆڵی توركیا پاش سەرهەڵدانی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا لەسەردەمی ئاكپارتی و ئەردۆگاندا كورتبینییەكی سیاسی دەمیرتاش و سەركردایەتی سیاسی هەدەپەبووە لەرابردوو ئێستا و داهاتووشدا، گەر بەم تێڕوانینە بەردەوام بن.