"هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو"
2022-07-18 13:31:13
(درەو):
بەهۆی ناڕەزایەتی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە پارتی دیموكرانی كوردستانە، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرا، پێنج شەممە كۆبونەوەیەكی تر دەكرێتو بڕیاری سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەكو وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت.
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆرینەی فراكسیۆنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی پارتی ناڕازیی بووە لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە لە هەفتەی داهاتوودا، بەتایبەت كە هێشتا پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكی فراكسیۆنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە جارێكی تر كۆببنەوەو بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بدەن.
كاروان یاروەیس وتی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەدەچێت، بۆیە لایەنە كوردییەكانو لایەنە شیعەكان چەند رۆژێك دەرفەتیان لەبەردەمدایە لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك كۆمار لەنێوان خۆیاندا رێكبكەون.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنی پەرلەمان، بەرەزامەندی دوو كەس لە كۆی سێ كەسی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت واتە (سەرۆكی پەرلەمانو یەكێك لە جێگرەكانی)، بەهۆی كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (شوێنەكەی حاكم زاملی) بەبەتاڵی ماوەتەوە، بۆیە دەنگی شاخەوان عەبدوڵا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كاریگەرە تا ئەوكاتەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەنگە رێككەوتن لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكە.
كاروان یاروەیس بە (درەو)ی وت: تاوەكو وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بڕیارە لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی شوێنگرەوەی حاكم زاملی بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بگەنە رێككەوتن.
پارتیو یەكێتی هەریەكەیان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكەن لەسەر یەك كاندید رێكبكەون، ئەگەر ئەم رێككەوتنە نەكرێت، سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە، لەم دۆخەشدا سەرباری ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان لە بەرهەم ساڵحی كاندیدی یەكێتیو داواكاری بۆ گۆڕینی، رەنگە چانسی بەرهەم ساڵح زیاتر بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوپێیەی لەسەرەتای قەیرانی بنبەستی سیاسی عێراقەوە لەماوەی (8) مانگی رابردوودا، یەكێتی بەشێك بووە لە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام كاندیدبوونی (لەتیف رەشید) رەنگە چانسی بەرهەم ساڵح لای شیعەكان لاواز بكات، بەتایبەتیش ئەگەر پارتیو بارزانی پشتیوانی لێ بكەن.