Draw Media

2022-06-26 07:59:48


نەوشیروان مستەفا: بەرپرسی وا هەیە پێشتر وڵاخێكی نەبووە ئێستا 20 ئۆتۆمبێل بەدواوەیەتی

درەو: شۆڕشنامە
نەوشیروان مستەفا ئەمین لە دیداری لەگەڵ مەلا عوسمان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە  ساڵی 1992:
ئێستا خواكردوویەتی لە ئەنجامی خەباتی میللەتی خۆمان و ئەو زروفە دەولیەی هاتە پێشەوە، سێ پارێزگای گەورە لەژێر دەستی خۆماندایە، ئێمە نەمانتوانیوە خۆمان رێكبخەین، خەڵكیش ئێمەی خستووەتە ژێر زەڕەبینەوە، ئێستا لە هەرێم نەتەوە یەكگرتووەكانی لێیە رێكخراوی نێودەوڵەتی لێیە ئەمریكا و ئینگلیز و ئەڵمانی  وفەرەنسی لێیە، رۆژانە ئەیبینن بەچاوی خۆیان، ئێمە ناتوانین ئیدارەی وەزعی خۆمان بكەین، ئەمانە بۆ وڵاتەكانی خۆیانی ئەگێڕنەوە ، دائیرەیەك تاڵان دەكرێت كەسێك دەكوژرێت لەكەس ناپرسرێتەوە، سەرانە لە خەڵك دەستێنرێت، ئەم كەموكوڕی و نوقسانیانەمان هەیە، لەبەرەی كوردستانیدا حزبی وای تیایە تەسلیمی ئێوەی بكەین مەحكەمەیان دەكەن و و حوكمی ئیعدام بۆ هەموویان دەردەكەیت،
ئەو بەرەیەی (بەرەی كوردستانی) كە درووستمان كردووە هی زەمانی شاخ بووە بۆ ئەوە بووە كۆتایی بە شەڕی براكوژی بهێنین كەموكوڕی زۆری هەبوو ئەو زەمانە پێوەی دیار نەبوو ئێستا پێوەی دیارە،لەبەر ئەوە ئێستا بووە بە پاشاگەردانیەك و ئیدارەكردنی ئەو وەزعە ئاوا ناكرێت، بۆیە بڕیارمانداوە هەڵبژاردنی گشتی بكرێت بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، ئیشی ئەم ئەنجومەنە چوار شتە:
•    ئەنجومەنی تەنفیزی واتا حكومەت درووست بكات.
•    لابردنی یاساكانی بەعس كە بۆكوردستان ناگونجێت و یاسای باش بۆ كوردستان دابنێت.
•    چاودێری حكومەت بكات ئەگەر خراپ بوو بڕیاری لێبسەنێتەوە.
•    هەرچی رێككەوتن و گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغداد كە پەیوەندی بە چارەنوسی كوردەوە هەبێت ئەم پەرلەمانە بڕیاری لێبدات یان هەڵی بوەشێنێـەوە.

ئێمەو پارتی بڕیارمانداوە كە ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەك بێت رێزی لێبگرێن، ئەمانەوێت ئەمە بكەینە بنچینەی ئیستقرارێكی سیاسی، بەرنامەیەكی وا دابنێین لەفەترەیەكی كەمدا مەسەلەی بێكاری ، مەعاشی خەڵكی دابین بكات، حكومەتێكی وا دابنێین كە جێگای رێزو ئیحترامی هەموو خەڵك بێت.
ئێمە بۆیە دەمانەوێت هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی موقەدەراتی گەلەكەمان لەدەستی ئەم سەركردایەتیە دەربهێنین، بیخەینە دەستی سەركردایەتیەكی هەڵبژێردراو، كە شعور بە مەسئولیەت بكات بەرامبەر بە میللەتەكەی، ئەگەر خواكردی و ئەوەمان بۆ كرا ئەوكاتە ئەتوانین پێشمەرگە یەكبخەین، لەرێگەی پێشمەرگەوە ئەتوانین سوپایەك درووست بكەین، دەمانەوێت پۆلیس بەهێزبكەین، دەزگایەكی ئەمنی درووست بكەین بۆ چاودێری جاسوس و بۆ تابوری پێنجەم ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەكەمان تێكبدەن نەك بۆ چاودێری حزب و هاوڵاتیان. 
بەرەی كوردستانی ئێستا پێی ناكرێت و ناتوانێت ئیدارەی كوردستان بدات، خەڵكی وای تێدایە ئێستا بەكەڵكی ئەو كارە نایەت رەنگە بۆ زەمانەی شەڕ پیاوێكی ئازاو قارەمان بوبێت بەڵام هی ئیدارەكردنی دەوڵەت نیە، من بۆخۆم رەنگە لە زۆرێك لەوانە خوێندەوارتربم، چونكە بێجگە لەوەی زانكۆی بەغدادم تەواو كردووە چوار ساڵیش لە ڤیەننا خوێندووم.. بێجگە لە كوردی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانیش دەزانم هێشتا خۆم بە شاییستەی ئەوە نازانم ببمە پارێزگاری سلێمانی.
بەعزە جارێك خەریكە مەعنەویاتم ئەڕوخێ   لەسەركردایەتی ئەو حزبانە خەڵكی وای تیایە پێی خۆشە ئیدارەی وڵاتەكە ئاوا فەوزا بێت، هیوایان هەیە لەپاشا باشتر دەژی، بەخەویش شتی وای نەبینیوە، هیوای تیایە پێشتر وڵاخێكی نەبووە سواری بێت، ئێستا بیست ئۆتۆمبێل بەدوایەوە فرت و وڕێتی، شەش حەوت خانوی داگیركردووە، دووسەد سێسەد كەسی كۆكردووەتەوە، خەڵك دەگرێت خەڵك بەرەڵا دەكات، ئەمە لە قانوندا نابێت، ئەگەر تۆ دەوڵەتی قانون دروست بكەیت شتی وا نابێت..

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand