دامەزراندن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كرایەوە
2022-06-25 18:54:48
(درەو):
بە فەرمانێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، (37) كەس بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەی هەمیشەیی وهكو پاسەوان بۆ بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دامەزرێندران، تەواوی ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دادەمەزرێندرێن، مانگی رابردووش چەندین ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان بە راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو.
بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان، (37) كەس وەك پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ بە هەمیشەیی دامەزرێندران، دامەزراندنی ئەو ئەندامانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی پاسەوانیكردنە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2014 ەوە فەرمانی دامەزراندن بۆ فەرمانبەران راگیراوە، لە فەرمانەكەدا ناوی سەرجەم ئەو (37) كەسە بڵاوكراوەتەوە كە بە (كاروان عەزیز كەریم) دەستپێدەكات و بە ( كاوە تەها رەحیم) كۆتایی دێت.
لەلایەكی ترەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرجەم ئەو ئەندام ژوورانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ژمارەیان نزیكەی (50) كەسە، ناوەكانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی دامەزراندنیان و رەزامەندی لەسەردراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە مانگی رابردوو (7) ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان وەك راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی دامەزرێندران. رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە حكومەت ناكشێتەوەو چەند پۆستێكی نوێ وەردەگرێت:
• دكتۆر هەڵەت سەرۆكی زانكۆی چەرموو، پشكی گۆران لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
• هەڵۆ سەلاح چاوشین، بەرێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر.
• هادی ئەكرەم، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
• بەهرۆز عەلی، راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران.
• پێشرەو بابە شێخ، راوێژكار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
• ئەركان رەئوف، راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان
• رەزا جەبار، بەرێوەبەری گشتی بۆ بەدواداچون وتەفتیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.