چاكسازی دۆسیەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتییەكە
2022-06-19 07:45:35
(درەو):
ئەنجامی یاسای چاكسازی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت) بەتەنیا (210 ملیۆن) دینار پارەی بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندوەتەوە.
سەرۆكایەتی هەرێم
لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان (338) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگیو بەدواداچونی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای (چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانو خانەنشینی) كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، دۆسیەی فەرمانبەران لە سەرۆكایەتی هەرێم بەمشێوەیە:
• سەرۆكایەتی هەرێم بە تێكڕا (598) فەرمانبەری هەیە، دوای وردبینی دەركەوتووە (388) فەرمانبەریان بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە، هەر لەم سەرۆكایەتییەدا (439) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ كراوە.
بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچونو هەماهەنگیی، هێشتا وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو نەبووە، بەڵام لەو بەشەی تائێستا وردبینی تەواوبووە بڕی (71 ملیۆنو 767 هەزار) دینار لە خەرجی موچەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، كە ئەمەش بەهای ئەو پارانەیە بەنایاسایی بەهۆی پلەبەرزكردنەوەو سەرە موچەوە بە فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكە دراوە.
تەنیا خەرجی موچە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 155 هەزار) دینارە.
سەرۆكایەتی پەرلەمان
وردبینی دۆسیەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی كوردستان تەواوبووە، بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگی:
• پەرلەمانی كوردستان بە تێكڕا (620) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە (53) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەیان بەرزكراوەتەوە، (36) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ ئەژماركراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازیو پێداچونەوەی كە بەدۆسیەی فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستاندا كراوە، بەتێكڕا بڕی (4 ملیۆنو 721 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.
تەنیا خەرجی موچە لە پەرلەمانی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (هەزارو 86) فەرمانبەری هەیە، لەم ژمارەیە دۆسیەی (هەزارو 35) فەرمانبەر وردبینی تێدا كراوەو دەركەوتووە لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا (923) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە.
بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونو هەماهەنگیی، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی وەزیراندا كراوە بڕی (133 ملیۆنو 844 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.
تەنیا خەرجی موچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (ملیارێكو 630 ملیۆن) دینارە.
دەرەنجام
بەتێكڕای ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەراندا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- پەرلەمان- حكومەت)دا كراوە، بڕی (210 ملیۆنو 333 هەزار) دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاوەتەوە.