Draw Media

دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهە لە وردبینی یاسای چاكسازیدا

دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهە لە وردبینی یاسای چاكسازیدا

2022-06-18 14:43:53


 (درەو): 
دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی دەستپاكی كە دوو دامەزراوەی هەرێمی كوردستانن بۆ چاودێریكردنی پرسی دەستپاكی‌و كۆنترۆڵكردنی گەندەڵیی، خۆشیان لەژێر وردبینی یاسای چاكسازیی بە سەلامەت رزگاریان نەبووە، لە دیوانی چاودێری دارایی (39) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە، لە دەستەی دەستپاكیش (11) فەرمانبەر كە پێشتر لە 2014 لە  رێكخراوەكانەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە گواستراونەتەوە.

دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتی چاكسازیدا
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە: 
•    دیوانی چاودێری دارایی كە دامەزراوەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (389) فەرمانبەری هەیە، وردبینی لەدۆسیەی هەموو فەرمانبەرەكانی ئەم دامەزراوەیە كۆتایی هاتووە‌و دەركەوتووە (39) فەرمانبەر بەشێوەی نایاسایی پلەی وەزیفییان پێدراوە‌و (31) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەی زیادەیان بۆ بەستراوە.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو چاكسازییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایدا كراوە بڕی (13 ملیۆن‌و 907 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 
تەنیا خەرجی موچەی دیوانی چاودێری دارایی مانگانە بڕەكەی (749ملیۆن) دینارە.

دەستەی نەزاهە لە راپۆرتی چاكسازیدا
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی:
•    دەستەی دەستپاكی كە دەستەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (202)  فەرمانبەری هەیە، وردبینی بە دۆسیەی هەموو فەرمانبەرانی ئەم دەستەیەدا كۆتایی هاتووە‌و دەركەوتووە (11) فەرمانبەر بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفییان  پێدراوە‌و (7) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ بەستراوە. 
راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاكیدا كراوە بڕی (3 ملیۆن‌و 137 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 
تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران لە دەستەی دەستپاكی مانگانە بڕەكەی (267 ملیۆن) دینارە. 

بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو فەرمانبەرانەی بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفیان پێدراوە پێشتر لە 2014 لە رێكخراوەكان بوون و لەوێ گواستراونەتەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە. 

دەرەنجام: 
بەهۆی ئەو وردبینییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهەدا كراوە، بڕی (17 ملیۆن‌و 44 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand