كەلار (379) كیلۆمەتر لە توركیاوە دوورە
2022-06-17 18:15:29
درەو:
ئەو شوێنەی ئەمڕۆ توركیا لە رێگەی درۆنەوە لە كەلار ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و چوار كەسی تێدا كوژرا، (379) كیلۆمەتر لە سنوری توركیاوە دوورە، سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە كە هیچ رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەبێت، بۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی عێراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیەش راست بێت كە باس لە رێككەوتنێكی نێوان عێراق و توركیا دەكەن بۆ هاتنەوەی ناوەوەی توركیا بە (5) كیلۆمەتر، هێشتا (374) كیلۆمەتر زیاتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە.
عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن (20 كیلۆمەتر) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، كە ئەوكاتیش ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لێدانی (پەكەكە) بوو.
ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 رێككەوتنەكەی ساڵی 1982 نوێكرایەوە، بەڵام بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرد بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق.
مانگی نیسانی ئەمساڵ توركیا هێرشێكی نوێی بۆسەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی "ئۆپراسیۆنی چنگی قوفڵ" دەستپێكرد، ئەوكات لەبارەی ئەم هێرشەی توركیاوە پەرلەمانی عێراق میوانداری فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی كرد.
فوئاد حسێن وەكو كوردێك لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا وتی: ئەوەی دەوترێت لەبارەی ئەوەی گوایە رێككەوتنێك هەیە كە رێگە بە توركیا دەدات بێتە ناو خاكی عێراقەوە ناڕاستە، ئەوەی هەیە تەنیا كۆنوسێكە كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەدا هەبووە بەر لە ساڵی 2003، كە بەگوێرەی ئەم كۆنوسە عێراق رێگە بە توركیا دەدات تەنیا بە قوڵایی (5 كیلۆمەتر) بێتە ناو خاكی عێراقەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێكی دیاریكراو و بە هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق.
بەپێی قسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، توركیا بەردەوام بەبەهانەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانو مافی بەرگریكردن لەخۆی سەروەری عێراق پێشێل دەكات، ئەم ماددەیەش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی عێراق ناكرێت جێبەجێ بكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەر بەمدواییە قسەیەكی تریشی لەمبارەیەوە كرد، كاتێك وتی: ئەوەی روودەدات رێككەوتنی حكومەتی توركیاو پەكەكەیە لەسەر ئەوەی شەڕەكەیان بهێننە ناو خاكی عێراقەوە نەك رێككەوتنی عێراقو توركیا.
سەرباری ئەوەی هەموو جارێك ناڕەزایەتی دژی هێرشی دژی هێرشەكانی توركیا دەردەبڕێتو باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات، بەڵام هێشتا وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەیتوانیوە لەڕووی دیپلۆماسییەوە توركیا قایل بكات بە راگرتنی هێرشەكانی.
مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا
مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو.
توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەیو لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان:
• لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد.
• لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران.
• دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد.
• لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار.
• لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە.
• دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە.
• لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد.