توركیا لە باكوری كوردستانەوە شەڕی ئاوی عێراق دەكات
2018-06-02 12:12:29
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
چەند رۆژێكە ترس لەناو خەڵكی بەغداد و موسڵ بڵاوبووتەوە، ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، خەڵك بەتایبەتی جوتیاران ترسیان هەیە لە لەناوچونی بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان.
بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەرانی بەنداوی موسڵ، ئێستا ئاستی ئاو لە بەنداوەكە بەرێژەی 50% كەمیكردووە.
هۆكاری كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاوە لە بەنداوی (ئەلیسۆ)، كە توركیا لەسەر نزیك گوندی (ئەلیسۆ)ی باكوری كوردستان و لە سنوری هەردوو پارێزگای ماردین و شرناخ لەسەر روبارەكە دروستیكردووە.
بەنداوی (ئەلیسۆ) یەكێكە لەو (22) بەنداوەی كە توركیا لە باكوری كوردستان جێبەجێیان دەكات و بە "پرۆژەی گاپ" ناسراوە و وەك دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن" ئامانج لێی وەبەرهێنانی وزەی هایدرۆلیكی (كارۆئاوی) و كۆنترۆڵكردنی لافاو و گلدانەوەی ئاوە".
بەنداوی ئەلیسۆ بەرزییەكەی (135) مەترە و پانییەكەی (1.820) مەترە و هەشت دەرگای هەیە، بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا لە ساڵی 1954 وە تاوەكو ساڵی 1997 لێكۆڵینەوەیان كردووە تاوەكو لە رۆژی 5ی ئابی 2006 بەردی بناغەی دانرا.
بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان
پرۆژەكە زیانی بۆ باكوری كوردستان دەبێت
پرۆژەی بەنداوی (ئەلیسۆ) بەرلەوەی زیانی بۆ دۆخی ئاو لە عێراق هەبێت، زیان بە هەندێك ناوچەی باكوری كوردستان دەگەیەنێت، بەپێی قسەی چالاكوانانی كورد بەنداوەكە دەبێتەهۆی دروستبونی لافاو لە شاری دێرینی (حەسەن كێف) و (185) گوند و ناوچەی دەڤەرەكە، بەڵام لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەڵێت" ئەوان لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە دەیانەوێت دەستكەوتێكی گەورە بۆ خەڵكی ناوچەكە بەدی بهێنن و بیسەلمێنن كە ناوچە كوردییەكانی توركیا چیتر ناوچەی پشتگوێخراو نین".
دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بانگەشەی ئەوە دەكەن بەنداوی ئەلیسۆ (10 هەزار) دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و كاروباری ئاودێری ناوچەكە رێكدەخاتەوە و سەرباری ئەمانەش دەیكات بە ناوچەیەكی گەشتیاری.
كاردانەوەكان لە عێراق
لە یەكەم كاردانەوەدا دوای دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە، حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتی توركیا دەستیكردووە بە پڕكردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ، ئەوەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە عێراق تێبینی كرا بەدابەزینی ئاوی روبارەكە".
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دەڵێ:" عێراق رێككەوتنی هەیە لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ئاستی گلدانەوە و بەردانەوەی ئاو، ئەو رێككەوتنەش تاوەكو كانونی دووەمی داهاتوو بەركارە".
بڕیارە مانگی كانونی دووەمی داهاتوو لە شاری موسڵ لێپرسراوانی عێراق و توركیا كۆببنەوە بەمەبەستی پێداچونەوەی رێككەوتنەكە لەبەر رۆشنایی لێكەوتە نوێیەكانی دۆخی ئاو لە ناوچەكە.
دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دیجلە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكانی عێراق كاردانەوەی زۆری دروستكرد، وێنەی وشكبونەوەی روبارەكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن فریای بارودۆخەكە بكەوێت.
پێشتر وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق بەهۆی ئەو شەپۆلی وشكەساڵییەوە كە ڕووی لە عێراق كردووە چاندنی مەرەزەی لە جوتیاران قەدەغەكرد.
رێوشوێنەكانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دوای راپۆرتێكی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریكا (ناسا) هات كە تێیدا هۆشداری دەدات لە كەمبونەوەی ئاو لە (19) ناوچەی گەرم لە جیهان بەتایبەتیش لە عێراق و سوریا.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە ئەم رۆژانە سەرقاڵە بە لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و گومانەكانی ساختەكاری، بڕیاریدا سبەینێ كۆبونەوەیەكی بەپەلە رێكبخات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قەیرانی ئاوەوە.
كۆمسیۆن مافەكانی مرۆڤی عێراقیش لەبارەی كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوایكرد" ئاو نەكرێت بە چەكێكی تر دژ بە خەڵكی عێراق".
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ كاركردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی زامنكردنی مافە ئاوییەكانی عێراق.
نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان كرد پەیامێك بۆ توركیا بنرێن و ئاگاداری بكەن لەوەی بەو هەنگاوەی رێخۆشكەری بۆ دروستبونی ململانێ دەكات لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
موقتەدا سەدریش، لە وەڵامی یەكێك لە لایەنگرانیدا كە پێشنیاری ئەوەی كردووە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بكەن، دەڵێت ئێستا پشتگیری لەو هەنگاوە ناكات و هەوڵدەدات بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئەو پرسە چارەسەربكات و ئەگەر نەشیتوانی ئەوا هەڵوێستی تری دەبێت.
حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق
ئێران لە بەنداوی ئەلیسۆ نیگەرانە
كاردانەوەی بەگەڕخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە توركیا لە عێراق تێپەڕی و گەیشتە ئێرانیش، بەپێی قسەی میدیاكانی ئێران، ژمارەیەك هاوڵاتی ئێرانی نامەیەكیان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان ناردووە و تێیدا نیگەرانی خۆیان لە بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ نیشانداوە و دەڵێن ئەو بەنداوە بوەتە هەڕەشە لەسەر وشكبونی دەریاچەی (هور عەزیم) لە ئێران.