Draw Media

دۆستێكی كورد پۆستێكی گەورەی ئەمریكا وەردەگرێت

دۆستێكی كورد پۆستێكی گەورەی ئەمریكا وەردەگرێت

2018-03-24 16:56:20


ئامادەكردن و ەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت

"پشتیوانی دروستبونی دەوڵەتی كوردی دەكات و دژی ئێران و كوریای باكورە و خوازیاری وەشاندنی گورزی سەربازییە لەدژی ئەو دوو وڵاتە" ئەمە چیرۆكی پیاوێكە كە سەرۆكی ئەمریكا پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێداوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین گۆڕانكاری لە ئیدارەكەیدا جۆن بۆڵتۆنی لە شوێنی ژەنەراڵ هێربەرت ماكماستەر لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دامەزراند.
بۆڵتۆن كە خاوەنی پێگەیەكی دیار بوو لە ئیدارەكەی جۆرج بۆشی كوڕدا، بەوە ناسراوە كە پاڵپشتیكارێكی بەهێزی هەژمونی ئەمریكا و سەپاندنی ئەو هەژمونەیە لە دەرەوە و هەرگیز لەو باوەڕەی پاشەكشێی نەكردووە.
بۆڵتۆن 20ی تشرینی دووەمی 1948 لەدایكبووە، لە بواری پارێزەری و دیپلۆماسیدا كاریكردووە، باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی ساڵانی 2005 بۆ 2006.
جۆن بۆڵتۆن ئەو پیاوەی كە ترەمپ كردویەتی بە راوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بیروبۆچونی تایبەتی خۆی هەیە سەبارەت بە پرسە هەستیارەكان بەتایبەتی پرسی كۆریای باكور و ئێران.


شەش خاڵی سەرەكی كە جۆن بۆڵتۆن باوەڕی پێیانە:
یەكەم: بۆڵتۆن لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریكا بوو كە پاڵپشتی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد بۆ جیابونەوە لە عێراق، رۆژێك بەر لە بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكەی هەرێم، بۆڵتۆن لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی: ئیستا كاتی ئەوەیە كوردەكانی عێراق دەنگ بە خواستەكانیان بدەن، هەر لەو رۆژانەدا بوو كە ئەم پیاوە وتارێكی لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوكردەوە رایگەیاند" ئەمریكا پێویستی بە دانانی ستراتیژیەتێكی نوێ هەیە بۆ قۆناغی دوای داعش، چونكە عێراق بە دۆخی ئێستایەوە ناكرێت وەكو وڵاتێكی دۆست تەماشا بكرێت".
بۆڵتۆن لەوانەیە كە خوازیارە ئەمریكا پاڵپشتییە سەربازییەكانی بۆ حكومەتی عێراق رابگرێت، چونكە بەوتەی ئەو ئەو شیعانەی كە لایەنداری ئێرانن دەستیان بەسەر بەغداددا گرتووە.
دووەم: وەشاندنی گورزی سەربازی لە كۆریای باكور
جۆن بۆڵتۆن لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریكایە كە باوەڕی وایە كۆریای باكور و پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی "هەڕەشەیەكی خێرا"ن بۆسەر ئەمریكا، بۆڵتۆن ئەو بۆچونانە رەتدەكاتەوە كە دەڵێن هێشتا دەرفەتێك ماوە بۆ كاری دیپلۆماسی لەگەڵ كۆریای باكور.
لە وتارێكدا كە مانگی شوبات لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویكردوەتەوە، جۆن بۆڵتۆن دەڵێ: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كەڵێنانەی كە لە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكادا هەن سەبارەت بە كۆریای باكور، ناكرێت تا خولەكی كۆتایی چاوەڕوانی بكرێت".
ئاماژەی بەوەدەكات" ئەوە كارێكی رەوایە بۆ ئەمریكا كە دەستپێشخەری هێرشبكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ هەڕەشەی چەكی ئەتۆمی كۆریای باكور".
رۆیشتنی جۆن بۆڵتۆن بۆ ناو كۆشكی سپی بەم بیروبۆچونانەوە سەبارەت بە كۆریای باكور لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێت دۆناڵد ترەمپ مانگی ئایاری داهاتوو كۆبونەوەیەكی لوتكە لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور سازبدات.
سێیەم: لێدانی ئێران
بەپێی راپۆرتەكان دۆناڵد ترەمپ بەهۆی ناكۆكی بیروبۆچون سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیدارەكەی دوورخستوەتەوە، بەڵام بۆ جۆن بۆڵتۆن بابەتەكە جیاوازە، چونكە بۆڵتۆن لەبارەی ئێرانەوە هاوڕایە لەگەڵ ترەمپدا.
بۆڵتۆن لەو كەسانەیە كە رەخنەی لە ئیدارەكەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵات دەگرت لەبارەی پەسەندكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2015دا، ساڵی رابردوو لە نوسینێكدا رایگەیاند، دەقی رێككەوتنەكە "كەڵێنی گەورەی تێدایە و ئێستا لەڕێگای ئەو كەلێنانەوە ئێران موشەك و بەرنامە ئەتۆمییەكانی پەرەپێداوە".
ئاداری 2015 بەر لە پەسەندكردنی رێككەوتنەكە، بۆڵتۆن لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" نوسی: چارەی سەربازی تاكە چارەسەرە بۆ ئەم كێشەیە، كات سنوردارە، بەڵام هێشتا دەرفەت هەیە بۆ سەركەوتنی ئەو هێرشە، هەنگاوی لەو جۆرە دەبێت پاڵپشتی بەهێزی ئەمریكای لەگەڵدا بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە ئامانجی گۆڕینی رژێم لە تاران.
چوارەم: سەرسام نییە بە نەتەوە یەكگرتووەكان
لە وتارێكدا لە ساڵی 1994 جۆن بۆڵتۆن وتی: شتێك بونی نییە بەناوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەڵكو كۆمەڵگایەكی نێودەوڵەتی هەیە كە هەندێكجار ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات وەكو تاكە هێزێكی راستەقینە كە لە جیهاندا مابێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدا لەگەڵ بەرژەوەندییەكاانماندا بگونجێت".
بۆڵتۆن ئەم قسەیەی بەر لە زیاتر 10 ساڵ كرد پێش كاندیدكردنی لەلایەن جۆرج بوشی كوڕەوە وەكو باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام هێشتا گومانەكانی لەبارەی رۆڵی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە و ملكەچنەبوونی بۆ دەوڵەتێكی دیاریكراو، بەردەوامە.
گۆڤاری ئیكۆنۆمیست بەو جۆرە وەسفی بۆڵتۆن دەكات كە " جێ مشتومڕترین باڵیۆزە ئەمریكا رەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردبێت"، بەڵام ئەو شایەتیەشی بۆ دەدرێت كە بە توندی لە پێناو چاكسازیكردن لەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە شەڕی كردووە.
پێنجەم: جەنگی عێراق
بەر لە چەند هەفتەیەكی كەم، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری جەنگی عێراقی لە ساڵی 2003دا بە "خراپترین بڕیار" ناوبرد، بەڵام هاوكات بۆڵتۆن كە یەكێك لە پاڵپشتیكارە بەهێزەكانی جەنگی عێراق بوو، رەتیكردەوە ئیدانەی بڕیارەكە بكات.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی "ڤۆكس نیوز" بۆڵتۆن وتی: كاتێك دەوترێت روخاندنی سەددام حسێن هەڵە بوو، ئەوە سادەكردنەوەی بابەتەكەیە".
ساڵی 2016 بۆڵتۆن بەشێوەیەكی رونتر هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی عێراقەوە بە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" راگەیاند و وتی: هێشتا پاڵپشتی لە روخانی سەددام حسێن دەكەم كە بوو بوو بە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاشتی".
شەشەم: دەبێت بە بەهێزیی مامەڵە لەگەڵ روسیادا بكرێت
بۆڵتۆن دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016ی ئەمریكا بە " كردەوەیەك لە كردەوەكانی شەڕ بەرامبەر بە واشنتۆن كە ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت" ناودەبات.
كاتێك ترەمپ لە تەموزی 2017دا چاوی بە ڤیلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا كەوت و پۆتن ئەو دەنگۆیانەی رەتیكردەوە كە باس لە دەستوەردانی روسیا دەكەن، ئەوكات لە وتارێكدا بۆڵتۆن نوسی: ئەو بە یارمەتی راهێنانەكانی دەزگای هەواڵگری روسیا- KGB درۆ دەكات.
بەمدواییەش كە سیخوڕی پێشوو سێرگی سكریپاڵ لە بەریتانیا ژەهراوی كرا و بەرپرسیارێتی هێرشەكە خرایە ئەستۆی روسیا، بۆڵتۆن وتی: دەبێت خۆرئاوا بە بەهێزیی وەڵامی روسیا بداتەوە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand