Draw Media

 هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد

 هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد

2022-06-16 19:59:09


شیكاری: درەو
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بە ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بكرێت، بۆ هەولێر و دهۆك (4) كورسی زیاتر دەبێت و بۆ سلێمانی و هەڵەبجە (4) كورسی كەمتر دەبێت، پارتی پشتیوانی دەكات، ئەگەر بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە بچێت ئەوا (4) كورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت و (4) كورسی بۆ هەولێر و دهۆك كەمتر دەبێت بۆیە لایەنەكانی دیكە پشتیوانی دەكەن.
واتا ئەگەر هەڵبژاردن بە ئاماری هەرێم بكرێت، هەولێر و دهۆك (63) كورسی سلێمانی و هەڵەبجە (37) كورسیان بەردەكەوێت، بەپێی سەرژمێری پلاندانانی عێراق بەرێوەبچێت هەولێر و دهۆك (59) كورسی و سلێمانی و هەڵەبجە (41) كورسی بەردەكەوێت، جیاوازیەكەش (4) كورسیە. 
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم، پارێزگای هەولێر (36) کورسی و دهۆک (27) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (37) کورسیان بەردەکەوێت.
بەڵام بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک (4) کورسی کەمتریان بەردەکەوێت، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر (35) کورسی و دهۆک (24) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسیان بەردەکەوێت. وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا...

دەستپێک 
لایەنەکان ناکۆکن لە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دابەشکردنی کەمینەکان، ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران و دیاریکردنی سیستمی هەرڵبژاردن... لە نێو ئەو گرفتانەشدا گۆڕینی کوردستان لە بازنەیەکەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان کە  کێشەی میکانزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دێنێتە ئاراوە.  
لەم بارەیەوە سێ میکانیزم لە ئارادایە کە یەکێکیان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لێ دەکات کە پشت بەستنە بە (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێم).
میکانیزمی دووەمیان (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق) کە سەرجەم لایەنەکان بەرگری لێدەکەن جگە لە پارتی، لەم ڕاپۆرتەدا جیاوازی هەردوو ئامارەکەو لێکەوتەکانی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕووندەکەینەوە.
دواینیان کە لە منداڵدانی میکانزمی دووەمدایە، ئەویش بە پێوەر گرتنی دابەشکردنی کوردسییەکانە، پاڵپشت بە بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021.

یەکەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێمی کوردستان
لەمانگی کۆتایی ساڵی (2020) وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم لە ساڵی (2020) بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە (6 ملیۆن و 171 هەزار و 83) کەس.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم زۆرترین ژمارەی دانیشتوان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێروە کە ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەس خەمڵێندرابوو.
لە دوای پارێزگای هەولێرەوە پارێزگای سلێمانی دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە،  کە بە (2 ملیۆن و 152 هەزار و 595) کەس خەمڵیندرابوو.
پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی گەیشتبووە (1 ملیۆن و 648 هەزار و 611) کەس.
پارێزگای هەڵەبجە، لە ریزبەندی چوارەمی پارێزگاکانی هەرێمدابوو بە (115 هەزار و 455) دانیشتوو.
هەر بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێم پشت بەست بەو داتایانە، پارێزگای هەولێر زیاتر لە (36%) ، پارێزگای سلێمانی نزیک لە (35%)، پارێزگای دهۆک زیاتر لە (26%) و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2%)ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (36) کورسی، پارێزگای سلێمانی (35) کورسی، پارێزگای دهۆک (27) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) کورسی بەردەکەوێت.
(بڕوانە خشتەی ژمارە (1))


خشتەی ژمارە (1))


 

نەخشەی خەمڵێندراوی دانیشوانی هەرێم


دووەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق
پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق و لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) هاتووە، کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتووە بە (5 ملیۆن و 736 هەزار و 634) کەس.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق کە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پێکەوە هەژمار کردووەو زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆ دەگرێت  لەسەر ئاستی هەرێم و ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 336 هەزار و191) کەس خەمڵێندرابوو.
لە دوای ئەویشەوە پارێزگای هەولێر دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی هەرێم،  کە بە (2 ملیۆن و 3 هەزار و 963) کەس خەمڵیندراوە.
پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی بە (1 ملیۆن و 396 هەزار و 480) کەس خەمڵێندراوە.
بەپێی ئەم داتایانە، پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە لە (41%) ، پارێزگای هەولێر (35%) و پارێزگای دهۆکیش لە (24%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (35) کورسی، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسی و پارێزگای دهۆک (24) کورسی کورسی بەردەکەوێت. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

خشتەی ژمارە (2))


سێیەم؛ بە پێوەرگرتنی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. بەڵام لە حاڵەتی هەموار کردنی یاساکە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکەی کارگێڕی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە پشت بەستن بەو پێوەرەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگاکان کوردسییان بۆ تەرخان کرابوو، بە شێوەیەک؛
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی، بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (44) کورسی تەرخان کرابوو، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر کە لە (4) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (15) کورسی و پارێزگای "سلێمانی و هەڵەبجە" لە (5) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (18) کورسی و پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (11) کورسی بۆ تەرخان کرابوو.
بەڵام ئەگەر ڕکابەرییەکە لەسەر (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان بێت لە بری (44) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا پشکی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر؛ (15) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی؛  لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگا سلێمانی بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەژمار کرابوو، بەڵام پارێزگای سلێمانی جگە لە بازنەکەی پارێزگای هەڵەبجە، (15) کوردسی بۆ تەرخان کرابوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک؛ (11) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (25) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە؛ (3) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (7) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

خشتەی ژمارە (3)


چوارەم؛ کاریگەری ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی (هەرێم و عێراق) و لێکەوتەکانی لەسەر بەرکەوتی کورسی پارێزگان بۆ پەرلەمانی کوردستان
پاڵپشت بەو ئامارانەی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لێکەوتەی جیاوازی دەبێت لەسەر پشکی کورسی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەجۆرێک؛
پارێزگای هەولێر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (36) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (35) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (37) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (41) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
پارێزگای دهۆک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (27) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (24) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
بەڵام ئەگەر پشت بە میکانیزمی سێهەم ببەسترێت کە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 ئەنجامدراوە، ئەوا پارێزگای هەولێر (34) کورسی و پارێزگای سلێمانی (34) کورسی و پارێزگای دهۆک (25) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە (7) کورسی پەرلەمانییان لە پەرلەمانی کوردستان بەردەکەێت.
(بڕوانە خشتەی ژمارە (4))


خشتەی ژمارە (4))


سەرچاوەکان
-    وزارة التخطیط، الجهاز المرکزي للاحصاء، تقديرات سكان العراق  حسب المحافظات  والبيئة والجنس لسنة 2021؛ 

https://cosit.gov.iq/ar/?option=com_content&view=article&layout=edit&id=174&jsn_setmobile=no
-    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی شیكاریی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان – عێراق؛ 
https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/kurdistan-population-analysis-report-kurdish-v6-final-corrected-29052022.pdf
-    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، نەخشەی دانیشتوان؛
https://krso.gov.krd/ku/map/%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%DA%86%DB%8C%D9%86%DB%95%D9%83%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86-1
-    درەو میدیا،  پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10435

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand