Draw Media

بارزانی لەگەڵ مالیكی تێهەڵدەچێتەوە ؟

بارزانی لەگەڵ مالیكی تێهەڵدەچێتەوە ؟

2022-06-14 16:57:10


راپۆرت: درەو-ئالان بەرزنجی
دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرباز دەبێت یان دەكەوێتە ناو بنبەستێكی ترەوە بە روخسارێكی نوێوە ؟ سەدر لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام لە حكومەتی كازمیدا هێشتا باڵادەستە، ئەو بەر لە كشانەوە لە پەرلەمان بودجەیەكی بۆ حكومەتی كازمیی پەسەندكردووە، هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بۆچونیان جیاوازە، حەلبوسی كە خەونە گەورەكەی بەدیهاتووە هەرزوو ماڵئاوایی لە سەدر كرد، بەڵام بارزانی هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا لەگەڵ مالیكی جارێكی تر دەچێتەوە ناو هاوپەیمانێتیی یاخود نا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

حكومەتی هەیە؛ پەرلەمانی بۆچییە !
دوای زیاتر لە (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكات‌و دواجار (75) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە.  
بڕیاری سەدر بۆ كشانەوە لە پەرلەمان دوای پەسەندكردنی یاسای (پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراك) هات لە پەرلەمانی عێراق، یاسایەك كە وەكو  بودجە بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی تەماشا دەكرێت. 
هەوڵی سەدرییەكان بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە سەدر بەنیاز نییە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست بكات‌و رێگاش نادات نەیارەكانی لەناو ماڵی شیعە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) حكومەت دروست بكەن، واتا سەدر دەیەوێت حكومەتی (مستەفا كازمی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، حكومەتێك كە خۆی دەستی باڵای تێدا هەیە، ئەمە وەكو تۆڵەیەك بۆ مالیكی‌و دۆستەكانی كە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە (یەك لەسەر سێی) پەكخەریان لەناو پەرلەمانی عێراق كرد‌و خەونەكەی سەدریان كرد بە سەراب. 
فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشوو كە یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێ"  گرنگترین شت كە سەدر ویستی لەرێگەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانییەوە بیڵێ‌و تائێستا بەشاراوەیی ماوەتەوە‌و كەس باسی نەكردووە ئەوەیە: سەدر دەڵێ من پێویستم بە پەرلەمانەكەتان نییە، كازمیم بەسەو حكومەتیش حكومەتی خۆمە..".
سەدر لەكاتێكدا لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەردەوامە‌و بەشدارە لە حكومەتی كاربەڕێكەردا، واتا دیمەنەكە بەوشێوەیە نییە سەدر بەتەواوەتی دەستی لە گۆڕەپانە سیاسییەكە هەڵگرتبێت بۆ نەیارەكانی.  

هەوڵی گەڕانەوەی سەدر بۆ پەرلەمان
جموجوڵەكان لە بەغدادەوە ئاماژە بەوە دەكەن لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەها لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو فایەق زێدانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەوڵێك هەیە بۆ قایلكردنی سەدرو پاشگەزكردنەوەی لە بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمان. 
ئەوانەی هەوڵی گەڕانەوەی سەدر دەدەن بۆ پەرلەمان پێیانوایە بەبێ ئەو حكومەتی نوێ لە عێراق پێكنایەت، ئەگەر حكومەتیش دروست بكرێت بەهۆی فشارەكانی سەدرەوە ناتوانێ بەردەوام بێت.
ئەمە رەهەندی سیاسی بڕیارەكەی سەدرە، بەڵام لە رەهەندی یاساییەوە گەڕانەوەی ئەندامانی سەدر بۆ ناو پەرلەمان كارێكی ئەستەمە، چونكە بەگوێرەی ماددەی 12ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا بە (دەستلەكاركێشانەوە) پەرلەمانتار ئەندامێتییەكەی لەدەستدەدات، پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان كرد‌و ئەویش ئیمزای لەسەر كرد، حەلبوسی دوای ئیمزاكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان وتی" تەنیا بە دەستلەكاركێشانەوە پەرلەمانتار ئەندامێتی لەدەستدەدات، ئیتر پێویست بەوە ناكات پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات". 
لەحاڵی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە، ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە لاوازتریش دەبێت، چونكە لە ئەگەری پاشگەزبونەوەی لە بڕیارەكەی‌و گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمانتارە نوێیەكان دەتوانن سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی پێشكەش بكەن، بەوپێیەی دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لەڕووی یاساییەوە قۆناغی كۆتایی خۆی بڕیوە‌و توانای گەڕاندنەوەی نییە.
لیستی بەرایی ناوی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە دەریدەخات، رێژەی 60%ی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕدەكرێنەوە كە نەیاری سەرسەختی سەدرن، ئەمانە كە هەر لە بنەڕەتەوە لە دەرەنجامی هەڵبژاردن ناڕازی بوون، ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتوەتە پێش باری لاری ئەنجامەكانیان راست بكەنەوە‌و قایل نابن بە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان. 
ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات چارەسەری بنبەستی سیاسیی نییە، بنبەستێكی ترە بە روخسارێكی نوێیوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كە لەهەشت مانگی رابردوودا لەرێگەی دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ەوە لەناو پەرلەمان رێگرییان كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی)، ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە خۆیان حكومەت دروست بكەن، بەڵام هێشتا مەترسییەكانیان لە كاریگەریی سەدر لەسەر پرۆسەكە نەڕەویوەتەوە. 
سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە باسلەوە دەكەن، دوو ئاڕاستەی بیركردنەوە لەناو چوارچێوەدا هەیە، ئاڕاستەیەك داوا دەكات دۆخەكە لەگەڵ سەدر ئارامبكرێتەوە‌و لەرێگەی دەستپێشخەرییەكەوە قایل بكرێت بەوەی چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەی رێگەخۆش بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە تێكەڵەیەك بێت لە حكومەتی "زۆرینە"‌و حكومەتی "تەوافوتی" كە خاڵی سەرەكی ناكۆكیی هەردوو بەرە نەیارەكەی ناو ماڵی شیعەیە، ئاڕاستەیەكی تر لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی هەیە كە توندڕەو ترەو داوا دەكات، تاوەكو دواین سات بەردەوام بن لە روبەڕووبونەوەی سەدر‌و بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كشانەوەی لە پەرلەمان بكەن‌و كورسییە بەتاڵەكانی پڕبكەنەوە.
سەرباری بەربەستە یاسایی‌و سیاسییەكان، هێشتا هەندێك چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدرییەكان دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەمەش لە وڵاتێكدا كە تەنیا لەپێناو سازانی سیاسیدا بەردەوام دەستورو یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكرێت. 
ناسەقامگیریی سیاسیی سەدریش هۆكارە بۆ ئەوەی پێشبینی گەڕانەوەی بۆ ناو پەرلەمان بكرێت، ئاخر ئەو بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 وتی هەڵبژاردن بایكۆت دەكات‌و بەشداری ناكات، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا گەڕایەوە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن‌و زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوە. 
خەونی گەورەی سەدر ئەوەیە دەستی بە "مەرجەعیەتی باڵای ئاینی شیعەكان" بگات، رێگای سیاسەتی گرتوەتە بەر بۆ گەیشتن بەم خەونە، بۆیە هەمیشە لای ئەو سیاسەت قوربانی دەدات لەپێناو دیدە ئاینییەكەدا.  

بارزانی‌و حەلبوسی چی دەكەن ؟ 
سەرباری ئەوەی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی‌و حەلبوسی) قایل بوون بە كشانەوەكەی سەدر لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی بڕیاری خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دەچنە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یاخود نا، بڕیارە بارزانی‌و حەلبوسی دیدارێكی تر بكەن‌و قسەی خۆیان یەكلابكەنەوە.  
حەلبوسی براوەی یەكەمی ململانێ سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەو خەونی گەورەی ئەوە بوو جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدرو بارزانی ئەم خەونەی بۆ بەدیهێنا،  لەڕاستیدا هاوپەیمانی سێقۆڵی تەنیا ئەم پۆستەی پێ پڕكرایەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بۆ پارتی بوو، هیچی لێ سەوز نەبوو، سەرۆكایەتی حكومەتیش كە دەبوو لای سەدر بێت، لەلایەن سەدرەوە خۆیەوە كرا بە قوربانی مانەوەو بەردەوامبوونی حكومەتی مستەفا كازمیی‌و شكاندنی نەیارەكانی  لە شەقامی شیعەدا.
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو  پێكهاتەی سوننەدا واتە رێبەری سیاسیی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە، حەلبوسی نایەوێت ئەم خەونە بەدیهاتووە بخاتە ناو گرەوێكی ترەوە، بۆیە پێش بارزانی قسەی خۆی كرد‌و وتی: كورسییەكانی سەدر لە پەرلەمان پڕدەكرێتەوە‌و پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە‌و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكەن.  
بەڵام بارزانی هێشتا قسەی كۆتایی خۆی نەكردووە، ئەو تەنیا بەوەوە راوەستا كە لە تویتێكدا بڵێ" رێز لە بڕیارەكەی سەماحەتی سەید موقتەدا دەگرین".
بارزانی لە هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هەم حزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)‌و هەم هەرێمی كوردستانیشی روبەڕووی چەندین فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكی كردەوە، سەرەكیترینیشیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان.
ئێستا بارزانی لەبەردەم دوو بژاردەدایە، گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانی دوێنێ (چوارچێوەی هەماهەنگیی بە سەرۆكایەتی مالیكی)‌و  پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ یاخود بەردەوامبوون لەگەڵ سەدرو هەوڵدان بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و درێژەدان بە تەمەنی حكومەتی كازمیی كە دڵخوازی خۆیەتی‌و ئەم هەنگاوە رەنگە فشارەكانی بەغداد بۆ ماوەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان لاوازتر بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی نەوت‌و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی. 
سەرباری ئەوەی حەلبوسی هەرزوو رەتیكردەوە بژاردەی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لەئارادا بێت، بەڵام ئەم بژاردەیە هێشتا پەردەی بەسەردا نەدراوە‌و دەكرێت لە هەر كاتێكدا كارا بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تەبەنی بكەن‌و لەم رێگەیەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جڵەوەی شەقامی ناڕازیی شیعە لەدەستی سەدر وەربگرنەوە.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand