Draw Media

كەریم خان کرا بە سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش

كەریم خان کرا بە سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش

2018-06-02 10:46:12


(درەو میدیا):

كەریم خان پارێزەری سەیفولئیسلام قەزافی، بە راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق دیاریكرا.
تیمی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی داعش لە عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ساڵی 2017 پێكهێنراوە.
ستیڤان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرك وتی:" كەریم خان یەكەمین سەرۆكی تیمەی لێكۆڵینەوەیە و ئەو پارێزەرێكە بەریتانییە و شارەزایی 25 ساڵ كاركردنی لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی هەیە."
دوجاریك روونیشیكردەوە:" حان لیسانی لە یاسادا لە كۆلێژی كینگ لە زانكۆی لەندەن بەدەستهێناوە و پسپۆر و شارەزایی باشی هەیە و وانەی شەریعەتی ئیسلامیی وتوەتەوە و وەك داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لە دادگاكانی تاونی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كاریكردووە، لەوانەش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە رواندا، و دادگای نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای پێشوو، دادگاكانی كەمبۆدیا و دادگای تایبەت بە لوبان و سیرالیۆن."
هەروەها كەریم خان سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار بووە لە سەیفولئیسلام قەزافی كوڕی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand