Draw Media

سایبەر تیرۆریزم لەمیدیادا؛ مەترسی و بەرەنگاربوونەوە ئایندەییەکان

سایبەر تیرۆریزم لەمیدیادا؛ مەترسی و بەرەنگاربوونەوە ئایندەییەکان

2022-06-12 18:20:22


درەو:
پ.ی.د. كارزان محەمەد، مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/ گۆڤاری ئاییندەناسی

بەرایی

هاتنەئارای قۆناغی گڵۆباڵیزم و گەشەكردنی ئامرازەكانی پەیوەندی، وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە خێراتركردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتا و بیروبۆچوونە، جیهانی بەرەو ئەو گوندە ئەلیكترۆنییە ئاڕاستە کرد كە “مارشاڵ مەك لۆهان” Marshal Macluhan)) ((1911-1980 پێشبینیی بۆ كردبوو، كۆمەڵێك دیاردەی مەترسیداریشی لەگەڵ خۆیدا هێنا كە دیارترینیان سایبەر تیرۆریزمە و بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. دۆسیەی تیرۆریزم یەكێكە لەو تاوانانەی لەگەڵ هەر پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیدا فۆرمی خۆی گۆڕیوە. لە هەر قۆناغ و پێشهاتێكی نوێدا ڕێوشوێنی جیاواز بۆ هەڕەشە و كردە تیرۆریستییەكان بەكارهێنراوە و بەردەوام لە پڕۆسەی خۆبەرهەمهێنانەوەدایە، ئێستاش نوێترین شێوازی كە سایبەرتیرۆریزمە، بە سوودبینین لە نوێترین تەكنەلۆژیای پەیوەندی، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەدات كە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە پێشێلی پرەنسیپەكانی ئاسایشی كۆمەڵگای مرۆیی دادەنرێت. هەر چەندە لێكۆڵینەوە لە تیرۆریزم بە پێی مۆدێل ‌و خەسڵەتەكانی دەگۆڕێت، بەڵام دیاردەی سایبەرتیرۆزم كە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی داعش، بە شێوەیەكی ئۆرگانیزەكراو و ئاڕاستەكراو، وەك شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكەدا هاتووەتە ئارا، پێویستی بە توێژینەوە لە فاكتەر و ڕەهەندەكانی سەرهەڵدان، تیشكخستنەسەر ئەنجامدانی تاوانەكە هەیە، تا بتوانرێ بە شێوەیەكی دروست چەندین مۆدیلی بەگژداچوونەوە گەڵاڵە بكرێت تا ئەم تاوانە مۆدێرنە كەمترین كاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای كوردەواری جێ بهێڵێت. سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ڕێگەی سایبەرتیرۆریزمەوە لەژێر كاریگەریی هەلومەرجی هەرێمی كوردستاندایە، تا ئەندازەیەكی زۆریش وابەستەیە بەو پێشهاتە نوێیانەی لە سیستمی سیاسەتی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕوو دەدەن، بەڵام لە ئێستادا هەست بەو مەترسییە دەكرێت كە ئاڕاستەكەی لە ناوچەكەدا ڕووی لە كوردستانە، ئەمەش بایەخی لێتوێژینەوەی بۆ كۆمەڵگای كوردی هەیە و پێویستە لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمییەوە شەنوكەوی بكرێت.

چەمك و خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم و هاتنەئارای لە كوردستان

سایبەرتیرۆریزم وەك فۆرمێكی نوێی جەنگی ئەلیكترۆنی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو دەوڵەتانەش هەیە كە سەرقاڵی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامیی وڵاتەكانیانن.

لەم ڕوانگەیەوە ئەم چەمكە لەدوای هاتنەئارای، تا ئێستا لە چەندین ڕەهەندەوە پێناس و تایبەتمەندییەكانی تاوتوێ كراوە.

ئەم شێوازە نوێیەی تیرۆریزم، بۆ یەكەمین جار لە ساڵی (1980) لەلایەن “باری کۆلین” (Barry Collin)ی پسپۆڕی بواری ئاسایش بەكار هێنرا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە شاری كالیفۆڕنیای ئەمەریكا خستیە ڕوو، شەنوكەوی ئەم چەمكە نوێیەی تیرۆیزمی كرد و توێژینەوەیەكی لە بارەی كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگای مرۆیی  خستە ڕوو[1].

مارك پۆليت (Mark Pollitt) لە پێناسەیەكدا لەو باوەڕەدایە سایبەرتیرۆریزم واتە: پەلاماردان و هێرشێكی ئەنقەستە بە ئامانجێكی سیاسی ئەنجام دەدرێت كە دژ بە سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە زانیارییەكانە، دەرەنجامی كاریگەریشی لێ دەكەوێتەوە[2].

دامەزراوەی “CRS” بەم چەشنە پێناسەی “سایبەر تیرۆریزم” دەكات: هەڕەشە یاخود پەلاماردانێكی نایاساییە بۆ سەر كۆمپیوتەر، تۆڕ و داتا ئەنباركراوەكانی ناو كۆمپیوتەر، بە مەبەستی ترساندن یان ناچاركردنی حكومەت یاخود جەماوەرەكەی بۆ دووركەوتنەوە لە ئامانجە سیاسی یاخود كۆمەڵایەتییەكانیان[3].

بە بڕوای “دورۆتی دەنینگ”، تیرۆریزمی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی میدیاوە واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت[4].

لە كۆی ئەم پێناسانەدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا و كاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی، ئاسانكاریی بۆ بەرەی تیرۆریزمیش كردووە تا پیلان و كرداری تیرۆریستی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدەن. پسپۆڕانی بواری تیرۆریزمناسی، هاوساتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی، بایەخی زیاتریان بە مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم داوە، چونكە لەو باوەڕەدان: تایبەتمەندییەكانی ئینتەرنێت و بەئاسان دەستڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەكە سایبەرییەكان (واتە كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت)، بووەتە مایەی ئاڵۆزی و مەترسیداربوونی ئەم جۆرە تیرۆریزمە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی تری تیرۆردا[5].

لە ڕووی ئامانجەوە، سایبەرتیرۆریزم بە پێی ئاڕاستەكەیان لە یەكتر جیاوازن، بەگشتی نەخشەڕێژی بۆ پەلامارە سایبەرتیرۆریستییەكان كە لەلایەن كەس و گرووپ و لایەنە جۆراوجۆرەكانەوە ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە شێوازی ئەنجامدانیان جیاواز بێت، بۆ دوو جۆر پۆلێن دەكرێت:

ا. سایبەرتیرۆریزمی ئاڕاستەكراو: ئەم شێوازە تاوان بە پێی پیلان ‌و نەخشە ئەنجام دەدات، ئامانجەكەشی دروستكردنی فشارە بۆ بەرامبەرەكەی تا لەژێر كاریگەریی تیرۆر و هەڕەشەدا داواكاریی تیرۆریستان بهێنێتە دی.

لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات، بریتین لەو گرووپ‌ و ڕێكخراوە سیاسی ‌و ئایدیۆلۆژییە توندڕەوانەی دژ بە دەسەڵات كار دەكەن، هەندێكیان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە  هان دەدرێن بە ئامانجی كاریگەری خستنەسەر دەسەڵات.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، ئاڕاستەكردنی سایبەرتیرۆریزمە لەلایەن ڕێكخراو و گرووپ و تەنانەت دەوڵەتێكی بیانییەوە دژ بە دەوڵەتێكی تر.

ئێستا هەردوو شێوازەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا هەن، لەسەر ئاستی ناوخۆ بەئاشكرا گرووپە تیرۆرستییەكان سوود لە جۆرەها تۆڕی كۆمەڵایەتی وەردەگرن بۆ بڵاوكردنەوەی واتەوات و هەڕەشە و بانگەوازی توندوتیژانە بە شێوەیەكی ئاڕاستەكراو.

ب. ئاژاوەگێڕی‌ و پەشێوی (ئانارشیستی): ئەم مۆدێلەی تیرۆریزم، پتر بە شێوەی ناوبەناو ئەنجام دەدرێت. ستراتیژی كاری ڕێبازی ئانارشیزم لەسەر فەلسەفەیەكە كە هەر دەسەڵاتێكی سیاسی بە هەر شێوەیەك بێت، بە خراپی دەزانێت[6].

ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لەم مۆدێلەدا، زۆر جار تەنها شڵەژاندنی دۆخی كۆمەڵایەتییە، بەڵام لێكەوتەی لەسەر هەلومەرجی بەڕێوەبردن و حكومڕانییش هەیە، چونكە بە هۆی ئەم ئانارشیزمەوە ڕێژەی جۆرەها تاوانی وەك دزی و كوشتن و تاڵانی پەرە دەستێنێ. لە ڕووی تەمەنەوە، كورتترین جۆری تیرۆریزمە و بەردەوام شێوەی خۆی دەگۆڕێت.

تا ئێستا شرۆڤەی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە بۆ ناسینەوەی هەر جووڵە و ڕەفتارێكی نایاسایی كە لە بواری میدیادا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆ و وێنە و دەنگ و پەیامانەی هاندانیان بۆ توندوتیژیی جەستەیی یاخود سایكۆلۆژی تێدایە، هەندێكیشیان بە ئامانجی پەكخستنی پڕۆگرام و دزینی داتا و تاوانە هەواڵگرییەكان ئەنجام دەدرێن، ئایا تا چەند دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزمەوە؟ ئایا هۆكاری پەنابردنی تیرۆرستان بۆ میدیا و پەرەسەندنی خێرای تاوانی سایبەرتیرۆریزم لەسەر ئاستی جیهان، فاكتەرەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

بەرەی تیرۆريزم لەم ڕوانگەیەوە واتە ئەو كەس و لایەن و گرووپانەی سایبەرتیرۆریزم ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەم فاكتەرانەی خوارەوە، لە ڕێگەی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلیكترۆنی بەگشتی، پەنا بۆ سایبەرتیرۆریزم دەبەن:

بێسنووری لە سایبەرسپەیسدا: داهێنانی سایبەرسپەیس بە هۆی هاتنەئارای ئینتەرنێتەوە، بووە مایەی پێكەوەبەستنی تۆڕێكی جیهانی كە بە شێوەیەكی جاڵجاڵۆكەیی، بە كەمترین كاتيش زانیاریی تیادا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بە مانایەكی تر: ئینتەرنێت توانیی جۆرەها سێرڤسی وەك: پەیوەندیی خێرا، توانای ناردنی پەیام، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی، ئاڵوگۆڕی داتا بە مۆدێلی جۆراوجۆر لە ڕێگەی تۆڕە ئینتەرنێتییەكەیەوە لەخۆ گرتووە[7].
تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە دەتوانێ سنووری وڵاتان ببڕێت، واتە ناردنی پەیام بۆ دروستكردن و ئاڵوگۆڕی پەیوەندی لەگەڵ هاوسۆزەكانیان، یاخود بە مەبەستی پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ توندوتیژی، ڕووبەڕووی لەمپەرێكی ئەوتۆ نابێتەوە. ئەگەرچی هەندێ وڵات لە ڕێگەی فلتەركردنی سایت و پەیج و سانسۆری ئەلیكترۆنییەوە توانیویەتی ڕووبەڕووی سایبەرتیرۆریزم ببێتەوە، بەڵام هێشتا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت.

كەمیی بودجەی تێچوو: لە سایبەرتیرۆریزمدا، بە بودجەیەكی كەم بۆ ئامێرێكی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پڕۆگرامی مۆنتاژ، دەتوانرێ زۆرترین پەیامی تیرۆرستانە بەرهەم بهێنرێت بە مەبەستی پەخش و بڵاوكردنەوەی.
پەلاماردان بەبێ زیانی جەستەیی: لە پڕۆسەی سایبەرتیرۆریزمدا بە پێچەوانەی جۆرەكانی تری تیرۆرەوە كە زۆر جار بە ئامانجی پەلاماردان یان زیانگەیاندن بە شوێنێك یان دامەزراوەیەك، پێویستی بە خۆتەقاندنەوە هەبووە یان تیرۆریستەكە گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە، لەم مۆدێلەدا تیرۆرست دەتوانێ گەورەترین زیانی سایكۆلۆژی بە جەماوەر بگەیەنێ یاخود زیان بە دامەزراوەیەك بگەیەنێ لە ڕووی هاككردنی ژمێرەی بانكی و داتاكانیان، بەبێ ئەوەی زیان بەر خۆی بكەوێت.
ئازادی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت، ئاسانكاریی زۆریشی بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی ڕەخساندووە، لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی پێشكەوتوو هەمیشە سەرقاڵی چاودێریی ئینتەرنێتن.
تیمی ئەلیكترۆنی: تیرۆرستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پەیوەندیی ئەلیكترۆنییەوە هەماهەنگی لە كاری تیرۆردا بكەن، واتە ببنە تیمی ئەلیكترۆنی، ئەمەش فاكتەری سەرەكییە بۆ خێرا ئەنجامدانی تاوانەكە بە هۆی ئاسانكاری لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاریی تیرۆریستان لەگەڵ یەكتردا.
پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی و ئاڵوگۆڕی دراو: سوودوەرگرتنی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی بۆ دابینكردنی بودجەی چالاكییەكانیان، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلیكترۆنی.
بەگشتی خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە:

خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەرتیرۆریزمدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتیی (تاوانبار، ئامانجی تاوان، شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە.
نادیاریی ناسنامەی تیرۆرست.
قەبارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا، ژمارەی تاوانبار و قەبارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە.
كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا، پێویستی بە چەند ئامێرێكە و بڕی تیچووی كەمە.
نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاساییدا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان.
نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلیكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆرست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات.
هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت.
ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[8].
مێژووی سایبەرتیرۆریزم

سەرهەڵدانی سایبەرتیرۆریزم هاوساتی داهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتە، بە مانایەكی تر: لەگەڵ هەر داهێنانێكی تەكنەلۆژیدا، چەندین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی مرۆیی دێتە ئارا كە زۆربەیان پێشبینیكراون یاخود گوماناوین.

لە ماوەی هەردوو دەیەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەتی هەڵشكانی ڕێژەی ململانێ نێودەوڵەتییەكان لە سایەی جەنگی ساردی بلۆكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، گەرمبوونی ڕكابەریی پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیای پەیوەندی لەنێوان زلهێزەكانی جەنگی سارد و هەم وڵاتانی تری وەك ژاپۆن و چین و ئیسرائیل، مەترسیی تیرۆریزم بە شێوەی ئۆرگانیزەكراو بە دنەدان و پشتیوانیی دەوڵەتە گەورەكان، بە جۆرێكی مەترسیدارتر هەڕەشەی لە پڕۆسەی ئاشتی و ئارامیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد.

چەند فاكتەرێك لەسەر ئاستی جیهان بوونە مایەی تەشەنەسەندنی سایبەرتیرۆریزم:

یەكەمیان: دامەزراندنی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە گەرمەی ململانێی جەنگی سارد لەنێوان یەكێتیی سۆڤیەت ‌و ئەمەریكادا، وەك گەورەترین ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهان، زەمینەی زیاتری بۆ سایبەرتیرۆریزم ڕەخساند. قۆناغی كۆرپەلەییەكەی ئەلقاعیدە لە سووداندا بوو، دوای یەكگرتنی لەگەڵ عەرەبە ئەفغانەكان ‌و كۆچكردنیان بۆ ئەفغانستان، دەوڵەتی تاڵبانیان دامەزراند.

دووەمیان: لە (11)ی سێپتەمبەردا كاتێك گەورەترین پێكدادانی بەرەی تیرۆر لەگەڵ شارستانیەتی خۆرئاوادا ڕووی دا، درێژەكێشانی جەنگەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو جیهانی ئەلیكترۆنیشی گرتەوە و بووەتە مایەی گەورەترین فاكتەر بۆ دنەدانی سایبەرتیرۆریزم بە مۆدێلی جۆراوجۆر.

لەسەر ئاستی عێراقیش، دامەزراندنی “داعش” (ISIS) وەك لقێكی ئەلقاعیدە لە عێراق، شەپۆلێكی تری سایبەرتیرۆریزمی لە وڵاتەكەدا ئاڕاستە كرد كە مەترسییەكانی بووە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش.

یەكەمین هەنگاوی “داعش” لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێی میدیا بوو بۆ هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر، لەبەر ئەم فاكتەرەش ناوەندی میدیایی “الفرقان”ی لە مانگی تشرینی دووەمی 2006دا دامەزراند بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی (دیڤیدی، سیدی، پامفێلت، پۆستەر…)، لە پێناو نیشاندانی توانای سەربازیی داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی لە تۆڕە میدیاییەكاندا[9].

هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەو وڵاتانەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دووچاری پەلاماری تیرۆرستی بووەتەوە، هاوساتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆریزم بە سەركردایەتی داعش، سایبەرتیرۆریزم وەك ئامرازێك لەلایەن داعشەوە دژ بە هەرێمی كوردستان خرایە گەڕ، ئەمەش بە گرنگترین فاكتەری دەرەكیی پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم دژ بە گەلی كورد دادەنرێت.

لە ڕووی فاكتەرە ناوخۆییەكانیش كە زەمینەساز بوون بۆ پەرەسەندنی مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم، بەگشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:

– لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەسەڵات: سیستمی دەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان  ئامادەباشییەكی ئەوتۆیان بۆ ئەو ڕەهەندە هەستیارەی جەنگ دژ بە بەرەی تیرۆریزم نەكردبوو، هەر بۆیە هیچ جۆرە سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی بۆ پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم و تویت و پەیامەكانیان نەخستە گەڕ، ئەمەش بووە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە.

– سایكۆلۆژیای جەماوەر: فاكتەرێكی تر پەیوەندیدار بوو بە دۆخی دەروونیی خەڵك كە بە هۆی ئاڵۆزی و گرنگیی جەنگی دژ بە داعشەوە، زۆر جار زەمینەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و واتەوات دەڕەخسا بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەمەش بە قازانجی تیرۆیستانی داعش بوو.

– هاوسۆزی و ناهۆشیاری: لە ماوەی جەنگی پێشمەرگە و داعشدا، چەندین هاوڵاتی لە ڕووی هاوسۆزییەوە بێ یاخود ناهۆشیاریی نەتەوەیی، ببوونە زەمینەسازێك بۆ پڕوپاگەندە بۆ داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانیان. هەروەها چەندین میدیاكاریش، بە پاساوی گواستنەوەی هەواڵەكانی جەنگ، ببوونە سەكۆی سایبەرتیرۆریزم لە كوردستان.

– نەبوونی سانسۆری یاسایی: لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان كە لە قاڕەكانی تری جیهانیش بوون، وەك سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی لە ئاسایشی وڵاتەكانیان، سانسۆری یاساییان بۆ سەرجەم ئامرازە ئەلیكترۆنییەكان پیادە دەكرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لە گەرمەی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆیزم، لە كاتێكدا دەبووایە لەو هەلومەرجە نائاساییانەدا فلتەر بۆ ئەو سایتانە دابنرێ كە دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزم، دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە پلانێكی ئەكتیڤیان بۆ ڕێگەگرتن لەو پەلامارە ئەلیكترۆنییانە پیادە نەكرد، ئەمەش پتر یارمەتیدەری هەڵكشانی هەڕەشەكانی سایبەرتیرۆریزم بوو بۆ سەر ئاسایشی جەماوەر.

– داواكاری گشتی: سستی لە بەدواداچوونی یاسایی بۆ سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی پەلامارە تیرۆریستییە ئەلیكترۆنییەكان و پڕوپاگەندە بۆ هێزەكانی داعشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زیاتر كردبوو، لە كاتێكدا بە پێی چەندین یاسا لە هەرێمی كوردستان پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر بە تاوان دادەنرێت كە دواتر ئاماژەیان پێ دەدەین.

جۆرەكانی تاوانی سایبەرتیرۆریزم و ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی

سایبەر تیرۆریزم بۆ خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی دێتە پێش، شێوازی جۆراوجۆر بە مەبەستی بەئەنجامگەیاندنی ئەركەكانی خۆی دەگرێتە بەر، بە مانایەكی تر: شێوە و فۆرمی سایبەرتیرۆریزم بە پێی دەرفەتەكانی بەردەمی، گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم ڕوانگەیەوە هەر پەلامار و هەوڵێكی تێكدانی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستان، دەچێتە خانەی ئەم تاوانە تیرۆریستییەوە.

دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە:

جەنگی سایكۆلۆژی:
بڵاوكردنەوەی واتەوات و پڕوپاگەندە كه ئامرازێكی دێرینی جەنگی سایكۆلۆژین، هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر بە ئامانجی تێكدانی ئارامی و ڕەوشی ژیانی كۆمەڵگای مرۆیی بەكار دەهێنرێت. بە بڕوای پسپۆڕێكی بوارەكە، ئێستا واتەوات بە “سۆفت پاوەر” (Soft Power) دادەنرێت كە كاریگەریی لەسەر سیستم و پێداویستییە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسییەكانی هەر وڵاتێك هەیە.

چەمكی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا، كۆمەڵێك دەستەواژەی بۆ بەكار هێنراوە كە هەر كامیان گوزارشتن لە شێوەزاری دەڤەرێكی كوردستان. ئەم دەستەواژەیە بە شێوازی فرەچەشن وشە و زاراوەی بۆ بەكار هێنراوە.

لە ڕووی زمانەوانیيەوە، زاراوەی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا بە پێی دیالێكت و شێوەزارە جیاجیاكانی كوردستان چەندین دەستەواژەی تری بۆ بەكار دەهێنرێت، وەك: “وتووات، قاو، مقۆمقۆ، دەبدەبە، تەحاتەحا، بەندوباو، قاوەقاو، دەنگۆ[10]“.

لە سەردەمە دێرینەكاندا مەیدانی بڵاوبوونەوەی واتەوات بریتی بوو لە كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەری و بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەكان كە مامەڵەی كۆمەڵایەتیی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام دوای داهێنان و گەشەسەندنی ئامرازەكانی میدیا، هەر كام لەو دەوڵەت و دامەزراوە و كەس و لایەنانەی دەیانویست واتەوات بڵاو بكەنەوە، هەوڵیان داوە میدیا وەك چەكێكی كاریگەر بۆ ئەو مەبەستە بخەنە گەڕ.

بڵاوبوونەوەی واتەوات لە ڕێی میدیاكانەوە، بە پێی پێوەرەكەی هەردوو پسپۆڕ “ئەلپۆرت و پۆستمان” (Alport & postman) دەخەمڵێنرێت كە پێیان وایە هەردوو مەرجی “بایەخ” و “ئاڵۆزی” كاریگەرییان لەسەر خێرایی لە بڵاوبوونەوەی واتەواتدا هەیە، ئەم هاوكێشەیەش بەم چەشنەیە:

R = I × A

واتە: واتەوات (Rumer) یەكسانە بە لێكدانی بایەخ و گرنگی (Importance) و ئاڵۆزی (Ambiguity)، هەتا گرنگی و بایەخی زانیارییەك لەناو كۆمەڵگادا زۆر بێ و ناڕوونی و ئاڵۆزییشی زیاتر بێ، ئەوا واتەواتیش بە شێوەیەكی خێراتر پەرە دەستێنێ. ئەگەر زانیارییەك بایەخی هەبێ و ئاڵۆزییشی تێدا نەبێ، كەواتە واتەوات نایەتە ئارا، یاخود ئەگەر زانیارییەكە جێی بایەخ نەبێ، ئەوا واتەوات هەر دروست نابێ[11].

لە ماوەی جەنگی داعشدا جۆرەها واتەوات دەربارەی قارەمانێتیی تیرۆریستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە كوردییەكاندا بڵاو دەكرایەوە، زۆر جار وشەی قەناسبەدەستەكانی داعشیش بۆ چەكدارەكانیان بەكار دەهێنرا، هەروەها جۆرەها پڕوپاگەندە دەربارەی گرفتەكانی هێزی پێشمەرگە بڵاو دەكرایەوە كە دەچوونە خانەی سایبەرتیرۆریزم.

لە جەنگی داعشدا بڵاوكردنەوەی چەندین بابەت و زانیاریی ناڕۆشن بە ناوی هەواڵ و وێنەی تازەوە لە میدیا كوردییەكاندا دەبینرێت كە پێشێلی یاساكانی میدیایە، چونكە دەچنە چوارچێوەی پڕوپاگەندە بۆ هێز و توانای ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، تەنانەت پڕوپاگەندەی زیادەڕۆیی لە باسوخواسی تواناكانی “داعش” لەهەمبەر هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا كراوە، بۆ نموونە بڵاوكردنەوەی هەندێ هەواڵی وەك:

– داعش سەربازە عێراقییەكانی‌ بردووە بە ئاسماندا[12].

– داعش عێراق بۆمبڕێژ دەكات[13].

هەروەها میدیای ئەلیكترۆنیی كوردی لە ماوەی جەنگی دژ بە “داعش”، كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ و هەستیاری وروژاندووە كە هەندێكیان دەچنە خانەی خزمەت بە سایبەرتیرۆریزم و پێشێلی بەرپرسیارێتیی میدیایی، وەك:

– دركاندنی مامەڵەی چەك[14]

– دركاندنی تاكتیكی سەربازی[15]

– دركاندنی لێپێچینەوەی سەربازی[16]

هاوشێوەی ئەم نموونانە كە دەچنە خانەی واتەواتەوە، میدیای ناوخۆی كوردی یاخود میدیای داعش ئەنجامی بدات، خزمەتە بە ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستاندا.

ب. تۆڕیی پەیوەندیی تیرۆیزم

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە چوارچێوەی سنووری دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی دووچاری پەلامارەكانی تیرۆریزم بوونەتەوە، ڕێوشوێنی توند پیادە دەكرێت. ستراتیژەی دژەتیرۆریزمیش بووەتە مایەی بەرتەسكبوونەوەی سنووری چالاكی و شێوازی پەیوەندیی نێوان تۆڕەكانی بەرەی تیرۆریزم، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوەتی هەڕەشەكانیان بنەبڕ بكات، بەڵكوو شێوازەكانی تاوانەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە لە ڕووی پەیوەندییەوە، ئەویش بە پەنابردنیان بۆ بەكارهێنانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای پەیوەندی بە ئامانجی ڕاكێشانی ئەندام و لایەنگر و بڵاوكردنەوەی پەیام و ئاڕاستەكردنیان بۆ كاری تیرۆرستی.

تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان چەندین كەس و گرووپ بە پێی یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2006، یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆقاندن (تیرۆر) له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ڕووبەڕووی سزای یاسایی كراونەتەوە، خاڵی سەرنجڕاكێش لەوەدایە زۆربەی ئەو تاوانبارانە سەردانی بارەگاكانی داعشیان لە ناوەراستی عێراق و دەرەوەی وڵات نەكردووە، بەڵكوو لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بوونەتە هاوسۆزی داعش و گرووپە توندڕەوە تیرۆریستییەكانی تر.

ج. زیانگەیاندن بە سیستمی داتا و پڕۆگرامی ئەلیكترۆنی

ئامانجێكی ستراتیژی سایبەرتیرۆریزم، سوودوەرگرتنە لە تۆڕە ئەلیكترۆنییەكان بە ئامانجی تێكدان و لەكارخستن یان دزینی داتای دیجیتاڵی و پەكخستنی پڕۆگرامەكانی داتاكانی تایبەت بە كۆمەڵگایەك یاخود دامەزراوەیەكی سەربازی.

فاكتەرێكی گرنگ كە سایبەرتیرۆریزمی كردووە بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر دامەزراوەكانی هەر وڵاتێك، لە پڕۆسەی ئەنجامدانەكەیدایە كە دەتوانێ بە كەمترین بودجە، كردەی مەترسیدار لە ماوەیەكی كەم و بە خێراییەكی زۆرەوە ئەنجام بدات. بێگومان ئەنجامدانی هەر پەلامارێكی سایبەر هەتا ئاڵۆزتر و چڕوپڕتر بێت، پێویستی بە بودجە و توانستی زیاترە بۆ خۆپارێزی لە زیانەكانی.

سایبەرتیرۆریزم بە چەند شێوازێك ئەنجام دەدرێت:

– پەلاماردانی داتاكان یاخود لەناوبردنی ناوەڕۆكی فایلە ئەلیكترۆنییەكان، تۆڕە كۆمپیوتەرییەکان یاخود سۆفتوێرە جۆراوجۆرەكانی.

– هێرش بۆ سەر بونیادی دامەزراوەكان (بۆ نموونە بە هۆی تێكدان و هاككردنی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە، كارە بنەڕەتییەكانی دامەزراوەیەك ڕابوەستێت).

– سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ ناردنی نەخشە و پلان، بە ئامانجی پەلاماردانی تیرۆرستی یاخود دنەدان بۆ ئەنجامدانی یان زەمینەسازی.

– زیادكردن یاخود بەرزكردنەوەی ئاستی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆرستان، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی سیستمی بانكی ئەلیكترۆنییان هەیە، بۆ نموونە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەژێر ناوی دامەزراوەیەكی خێرخوازی، پارە كۆ بكەنەوە.

كاریگەرییە مەترسیدارەكانی سایبەرتیرۆریزم بۆ سەر ئاسایشی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەكانی كۆمەڵگە، دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاكتەرێك:

– بە پێی پلان و بەرنامە جێبەجێ دەكرێت، واتە ئامانجی دیاریكراوی هەیە.

– پشتبەستن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو لە سایبەرتیرۆریزمدا، بووەتە مایەی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سیستمی بەرگریی كەس و گرووپ و  دامەزراوەكان، واتە دەبێ هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشیدا بن.

– هەر دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە پێویستیان بە خۆپارێزییە، بەناچارییەوە بودجەیەكی گەورە بۆ سیستمی بەرگریی خۆیان تەرخان دەكەن، ئەم بودجەیەش بارگرانییە بۆ هەلومەرجی دارایی.

– نادیاریی لایەنی دەستدرێژیكار بووەتە مایەی ونبوونی ناسنامەی تاوانبار، لەم ڕوانگەیەوە دۆزینەوەی كەس و لایەنی تاوانبار بە ئاستەم دادەنرێت.

هەر چەندە سایبەرتیرۆریزم بە پێی هەلومەرجی دەركەوتنی، جۆر و ئامانجەكەشی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەم سێ شێوازەی سەرەوە بە دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم دادەنرێن كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. گرتنەبەری هەر ڕێكارێكیش بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، بە مانای پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە یاساییەكان و دابینكردنی ئارامی بۆ جەماوەریش دێت كە لە تەوەرەی دواتردا شەنوكەوی دەكەین.

ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان

تاوانی سایبەرتیرۆریزم و مەترسییەكانی بۆ ئاسایشی وڵاتان، تا ئێستا دۆسیەیەكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییە و نەتوانراوە لە یەك ڕەهەندەوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵكوو هەر وڵاتێك لەسەر بنەمای جۆر و ئاستی سایبەرتیرۆریزم پێویستی بەوە هەیە كە كۆمەڵێك ڕێكاری جۆراوجۆر بگرێتە بەر، چونكە سروشتی تاوانەكە بە پێی دۆخی هەر وڵاتێكیش گۆڕانی بەسەردا دێت.

لێرەدا بە پشتبەستن بە دۆخی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك ڕێكار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەخەینە ڕوو كە سەرجەمیان بە تەواوكەری یەكتر دادەنرێن.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
ا. ڕێكاری یاسایی: بۆ سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنە یاساییەكان لە پێناو بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، پێویستمان بە گەڵاڵەكردنی یاسای سایبەرتیرۆریزم هەیە، چونكە ئەم بەگژداچوونەوەیە ئامانجی کۆمەڵگەی کوردستان و ئامانجێكیشی كۆمەڵگای جیهانییە[17].

لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایەك هەن كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەتوانرێ بكرێتە ئامرازێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، ئەوانیش بریتین لە:

– یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)، ژمارە (3)ی ساڵی (2006): لەم یاسایەدا تەنها مادەی چوارەم پەیوەستە بە بواری ڕاگەیاندنەوە، بەم چەشنە: “مادەی چوارەم: ئەم كارانەی خوارەوە بە تاوانی تۆقاندن (تیرۆر) دادەنرێن و سزا دەدرێت بە زیندانی لە (15) ساڵ تێپەڕ نەكات، هەر كەسێك:

نووسراو، چاپەمەنی، كاسێتی تۆماركراو یان هاوشێوەی، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت كە هاندان، بە چاك زانین، یان پڕوپاگەندە لەخۆ بگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری، بە مەبەستی دابەشكردنی یان بڵاوكردنەوەی.
٣. بەئەنقەست هەواڵ، ڕوونكردنەوە یاخود پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاو بكاتەوە، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو یان ئەلیكترۆنی بە هەل وەربگرێت یان بەكاریان بێنێت، لە ئینتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاو بكاتەوە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاریی وەها كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو هاوڵاتییان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسیی هەرێم بكات”.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم یاسایەدا، هەر جۆرە پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ تیرۆر، تا نزیكەی (15) ساڵ سزای زیندانی لەگەڵدایە، دامەزراوە فەرمییەكان و لەسەروو هەموویانەوە داواكاری گشتی دەتوانێ سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانە تۆمار بكات. كەواتە ئەم یاسایە ڕێكارێكی گرنگە بۆ هۆشداریدان بە هەر كەس و لایەنێك كە هەوڵ بۆ تاوانی سایبەرتیرۆریزم بدات.

– یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان: لە مادەی (9)ی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان، تاوانی زیانگەیاندن بە ئاشتەوایی كۆمەڵگا (وەك لێترازاندنی پێكهاتەكانی كۆمەڵ) و هەڕەشە بۆ سەر ئایین و بیروباوەڕ و ژیانی تایبەت و چەند بوارێكی تری دیاری كردووە كە ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە تاوانی سایبەرتیرۆریزمیش كە زۆر جار دژی تەبایی كۆمەڵگایە یاخود زۆر جار دژ بە ژیانی تایبەت و ئایین و بیروباوەڕە پیرۆزەكانیان بەكار دەهێنرێت، بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری بە تاوان دادەنرێت و سزای لەگەڵدایە.

پێشنیازێكی گرنگیش لێرەدا دەخەینە ڕوو، بەئومێدین پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە سایبەرتیرۆریزم و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان پەسەند بكات لە پێناو ڕێكارێكی یاسایی گرنگ بۆ كۆنترۆڵكردنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان.

ب. ڕێكاری تەكنیكی:

حكومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕێگری لە شەپۆلی تیرۆری ئەلیكترۆنی، پێویستە تیمێكی شارەزا بۆ دەستنیشانكردنی سایت و پەیجە تیرۆریستییەكان دەستنیشان بكات، پاشان لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت فلتەریان بكات.

ج. ڕێكاری مرۆیی:

هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەر بەتایبەتی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ خۆپارێزی لە وەرگرتنی پەیامی تیرۆریستان و دووركەوتنەوەش لە هەر جۆرە هاریكارییەكی ماددی و مەعنەوی، چونكە بە پێی یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوە فەرمی و ناوەند و ڕێكخراوە خەمخۆرەكانی كۆمەڵگای كوردی، دەبێ ئەم ڕێكارانە بگرنە بەر:

– بایەخدان بە خۆشگوزەرانیی خەڵك، تا دەرفەت نەدرێت بە هیچ هاوڵاتییەك بە پاساوی كەموكوڕی لە ژیانیدا، هاوسۆزیی بۆ گرووپە توندئاژۆكان هەبێت.

– هاندانی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بۆ ڕیپۆرتكردنی سایت و پەیجەكانی سایبەرتیرۆریزم.

– كولتووریزەكردنی دیالۆگ، واتە پەنابردنە بەر دیالۆگ ‌و گفتوگۆ‌ و ڕەخساندنی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەمەش ڕێگەیەكە بۆ دووركەوتنەوە لە هەر جۆرە توندوتیژی و سەرکوتکردنێکی ئایدۆلۆژی.

لەسەر ئاستی جیهان
هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمانێتییەكی كارای بەرەی بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم، پێویستە سوود لە ڕای گشتیی جیهانی دژ بە تیرۆر وەربگرێت بۆ پەیداكردنی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی كورد، واتە پردێكی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم ئەو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییانەی جیهاندا دروست بكات كە دژ بە تیرۆرن، تا لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان بە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە فێری نوێترین تەكنیكی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم ببن.

هەروەها لایەنێكی تری ئەم پەیوەندییە، هاندانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر تیرۆرستان، تا هیچ تیرۆرستێك نەتوانێ شوێنگەیەكی ئارامی بۆ خۆهەڵبواردن لە سزای یاسایی هەبێت. باشترین ڕێگەچارەش، كردنەوەی دۆسیەی هاوبەشە لەنێوان وڵاتان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تیرۆرستانی ئەلیكترۆنی، بە ئامانجی سزادان و كۆنترۆڵكردنیان.

 سەرچاوە و پەراوێزەكان

[1]– بنۆڕە:

Barry C,Colin (1997), The Future of CyberTerrorism, Where the Physical and Vritual Worlds Cnverge, 11th Annual International Symposium on Criminal Justice Issuesm 15-18,

[2]– Foggetti, Nadia (2009), “Cyber-terrorism and the Right to Privacy in the Third Pillar Perspective”, Masaryk University Journal of Law and Technology, Vol 3, P 366.

[3]– Congressional Research Service (CRS) (2008), Botnets Cybercrime and Cyberterorrism, P 4.

[4]– Hancock, B (2001), “Cyber-Tracking, Cyber-terrorism Computers and Security“, Vol.20,No7, P 553.

[5]– Brenner, Susan &Marc Goodman (2002), “In Defense of Cyberterrorism: An Argument for Anticipating Cyber Attacks”, Journal of Law, Technology and Policy, P 12-13.

[6]– یحیی صلاحی، ملك (1381)، اندیشەهای سیاسی غرب در قرن بیستم. نشر قومس. چاپ اول 1381، ص151.

[7]– Mutula, Stephen M (2007), Web Information Management, UK: Cahndos Publication, 2007, P 15.

[8]– بۆ زانیاریی زیاتر: جعفری، عبدالرضا جوان (1389)، “جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە”، سال هفدهم، شمارە 34، صص 176-180.  

[9]– Mohammad Husni Abumelhim (2022), Sociology of Terrorism: A Brief History and Overview of the Islamic State of Iraq and Syria’s (ISIS) Propaganda Wing from a Socio-Educational Perspective, Journal of Educational and Social Research, Vol 12 No 2, P 404.

-[10] قەرەداغی، ڕەشید (2006)، فەرهەنگی ئازادی (كوردی-ئینگلیزی)، چاپی یەكەم، سلێمانی، ل847.

[11] – ا‌ل پُورت، گُردِن و پستمن، لئو (1374)، روان شناسی شایعه، ترجمه: ساعد دبستانی با همکاری مرکز تحقیقات مطالعه و سنجش برنامه ای صدا و سیما، تهران: سروش، ص45.

[12]– لڤین پرێس (3/10/2014)، “داعش سەربازە عێراقییەكانی‌ بردووە بە ئاسماندا”،

https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11335&Jor=2

[13]– لڤین پرێس (12/10/2014)، “داعش عێراق بۆمبرێژ دەكات”،

https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11652&Jor=1

[14]– لڤین پرێس (1/8/2014)، “ڕۆیتەرز: كورد داوای ئەم چەكانەی لە ئەمەریكا كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”،

https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=8229&Jor=1

[15]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (3/8/2004)، “لە زومار شەڕ گەرمە، كشانەوەی پێشمەرگە  تاكتیك بووە”، ژمارە 1358، ل2.

[16]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (14/11/2004)، “لە شەنگالەوە تا جەلەولا سزای نزیكەی (15) فەرماندە دەدرێت”، ژمارە ،1405، ل1.

[17]– Cohen, Aviv (2010), “Cyberterrorism: Are We Legally Ready?, The Journal of International Business & Law, p. 7

 

ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand