Draw Media

لیژنەکەی مستەفای سەید قادر یەکەم کۆبونەوە دەکات

لیژنەکەی مستەفای سەید قادر یەکەم کۆبونەوە دەکات

2022-06-12 10:07:08


(درەو):
لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم کە مستەفا سەید قادر سەرۆکایەتی دەکات، سبەینێ یەکەم کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ئەنجام دەدات.
سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی چارەنوسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆدەبنەوە.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنە سیاسییەکانی لە بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر کۆبونەوە، لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی و کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆکی ھەرێم لە پشکی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکات و دوو ئەندامی لیژنەکە سەربە پارتین کە بریتین لە (جەعفەر ئیمینیکی و دڵشاد شەھاب) وەکو راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم، بەشی ھەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشدارە لە لیژنەکەدا.
لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی مانگدا بڕیاردراوە ئەگەر لایەنەکانی تریش داوای نوێنەرایەتییان کرد لەناو لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا، ئەندامانی لیژنەکە زیاد بکرێت.
لیژنەکەی مستەفای سەید قادر دەبێت رۆژی ١ی تەموز راپۆرتی خۆی لەبارەی بۆجونی حزبەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ھەرێم بکات.
پرسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و چارەنوسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانەوە ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
سەرۆکایەتی ھەرێم دەیەوێت لەڕێگەی ئەو لیژنەی دروستیکردووە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناکۆکییەکان بگەیەنێت بە رێککەوتن.
کۆبونەوەی سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم، یەکەمین کۆبونەوەی لیژنەکەی مستەفای سەید قادرە، دیار نییە ئەم لیژنەیە دواجار دەتوانێت بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن چارەسەر بکات یاخود نا.
پارتی و یەکێتی بەنیازن ھەڵبژاردن بۆ بەھاری داھاتوو دوابخەن، بەڵام نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ھەڵبژاردن زۆر لە وادەی خۆی دوانەکەوێت.
ناکۆکی سەرەکی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە شێوازی نەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەوە ھەیە، یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی داوا دەکەن ھاوشێوەی دواین ھەڵبژاردنی عێراق، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، لەبەرامبەدا پارتی و حزبی شیوعی و حزبی سۆسیال دیموکرات و زەحمەتکێشان داوا دەکەن ھەڵبژاردن وەکو پێشتر بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت.
بەمداوییە ھەندێک لەبەرپرسانی پارتی باسیان لەوە کرد پارتی کێشەی نابێت ئەگەر ھەڵبژاردن بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا پارتی سەرلەنوێ پاشگەزبوەتەوەو لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی ئەم مانگەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا جارێکی تر جەختیان کردوەتەوە لەوەی دەبێت ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کێشەیان نییە شێوازەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand