مەسرور بارزانی پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە دەكات
2022-06-11 19:06:29
درەو:
هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە كردووە، بافڵ تاڵەبانیش لە دەرگای بارزانی دەدات و پشتیوانی تەواو بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی دەردەبڕێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی لە رێگەی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە لاهور شێخ جەنگیەوە كردووە و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر قسەیان كردووە، پەیوەندیەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بووەو رایگەیاندووە: كە ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوەكانی (8)ی تەمووزی رابردووی ناو یەكێتیەوە نەبووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە چەندین دیداردا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە كردووە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی پێش رووداوەكانی (8)ی تەمووز باشتربووەو ئاسایی تربووە وەك لە ئێستا كە ناتوانن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەسەر هیچ شتێك بگەنە رێككەوتن و لەسەر هیچ بابەتێك كۆكنین، هەربۆیە بڕیاریانداوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئاسایی بكەنەوە.
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی دەزانێت راستەوخۆ بڕیار دەدات سەردانی مەسرور بارزانی بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاسایی بكاتەوە، هەروەك لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی نێوانیاندا جەخت لە پشتیوانی حكومەت و هەنگاوە چاكسازییەكەی كراوە.
بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە پێچەوانەی ئەو زانیاریانەی بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای مەسرور بارزانی لەسەر داوای مەسرور بارزانی بووە كە داوای كردووە بافڵ تاڵەبانی ببینێت و بافڵ تاڵەبانیش لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی كردووەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریانداوە وەفدێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی بكات.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ (درەو) ئاشكراكرد كە دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی مەسرور بارزانی زۆر نیگەرانكردووە، بەتایبەت كە ئەوان هێڵی سوریان لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە، هەربۆیە دوور نیە مەسرور بارزانی و بارزانی باوك، بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح سازش لەسەر رێبەر ئەحمەد بكەن..