Draw Media

پلاسخارت: دەبێت پێش نەورۆز هەڵبژاردن بكرێت

پلاسخارت: دەبێت پێش نەورۆز هەڵبژاردن بكرێت

2022-06-09 19:48:50


(درەو):

لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا زۆربەی سەركردەی لایەنەكان بەئاشكرا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بوون، بەڵام پلاسخارت پێی وتن "پێش نەورۆز دەبێت هەڵبژاردن بكرێت"، چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن لە (9) مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە لێكتێگەیشتنی پارتی و یەكێتی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ یەك ساڵ.  
بەشداربوویەكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند: هێندە بەشان و باڵیدا هەڵیاندا، رەنگی دەموچاوی پلاسخارت سور هەڵگەڕابوو، دەستپێكی قسەی سەركردەكان بە سوپاس و ستاییشی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیپێدەكرد، كە كۆیانی كردووەتەوە، ئەو بەشداربووەی كۆبونەوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەكەدا محەمەد حاجی مەحمود رەخنەی لە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گرت كە هەڵوێستیان نییە، لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم خەڵكی كورد دەردەكرێن لەسەر ئاڵای كوردستان، بەڵام ئێوە بێدەنگن، دەوڵەت بۆ باشوری سودان و تەیموری رۆژهەڵات دروست دەكەن بەڵام بۆ كوردی دروست ناكەن ..   
پلاسخارت مكوڕ بوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەجۆرێك پێی وتن: دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێش نەورۆزی 2023 ئەنجامبدرێت، قسەی نوێنەرانی پارتی و یەكێتی بەو ئاڕاستەیە بوو دواخستنی هەڵبژاردن ئاساییەو وا دەردەكەوت پێشتر لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن رێككەوتبن.
ئەو بەشداربووەی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەشی بۆ (درەو) ئاشكراكرد، یەكێتی داوای (فرە بازنەیی) دەكردو لەگەڵ ئەوەشدا داوای دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكانی دەكرد بەسەر پارێزگاكانداو دەیوت" مەسیحی و توركمانەكانی پارێزگای سلێمانی، چەندین ساڵە بێبەشن لە كورسی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دەبێت كورسی پێكهاتەكان دابەشبكرێن بەسەر پارێزگاكاندا".
نوێنەری پارتی لەگەڵ ئەوەبوو پێویستە پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن (یەك بازنە) بێت بۆ ئەوان یان (فرە بازنە)، فازل میرانی وتی"هەق نیە ئێمە لەبری ئەوان بڕٍیار بدەین". 
كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوە بوون (11) كورسی پێكهاتەكان وەك خۆیان بمێننەوەو مافی خۆیانە، بەڵام پێویستە سندوقی تایبەت بە خۆیان هەبێت، نوێنەری یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەبوو پێكهاتەكان سندوقیان جیابێت و یەك بازنە بێت بۆ ئەوان ناكرێت پێكهاتەكان بۆ پارتی بێت.
عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەوەبوو هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان فرە بازنەیی بێت ‌و بە لیستی نیمچە كراوە بەڕێوەبچێت، لە قسەكانیدا مەیلی بەلای دواخستنی هەڵبژاردندا هەبوو.
عومەر سەید عەلی لەگەڵ ئەوە بوو هەڵبژاردن بە لیستی (داخراو) بێت و هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، بەلایەوە ئاسایی بوو هەڵبژاردن دوابخرێت.
بەشێك لە مەرج و بیانووی سەركردەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە وادەی خۆیداو لەگەڵ ئەوەبوون هەڵبژاردن نەكرێت، بەڵام نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سوربوو لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن نابێت دوابخرێت ئەبێت ئەنجام بدرێت، رایگەیاند" دەبێت بەر لە نەورۆزی 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت".

بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی و یەكێتی لێكتێگەیشتنیان هەیە هەڵبژاردنی پەرله‌مان بۆ (یەك ساڵ) دوابخرێت و تا مانگی ئەیلولی 2023 ئەنجام نەدرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand