"هێرش بكەو بەرپرسیارێتی لەئەستۆ مەگرە"
2022-06-09 11:58:08
(درەو):
لەسەردەمی (نەفتالی بینیت)دا ئیسرائیل سیاسەتی خۆی لە لێدان لە پەلۆپۆكانەوە بۆ لێدان لە سەری ئەختەبوتەكە گۆڕیوە، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ئیسرائیل بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكان نەگرێتە ئەستۆ، لەپاڵ ئەمەدا دەیەوێت چەترێكی بەرگریی موشەكیی دروست بكات كە نەك ئیسرائیل خۆی تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی ناوچەی كەنداویش بپارێزێت.
نەفتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل ئێستا پشت بە باوەڕێكی نوێ دەبەستێت لەمامەڵەكردنیدا لەگەڵ ئێران، دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بنەمای "لێدان لەسەری ئەختەبوتەكە نەك نینۆكەكانی".
بینیت لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری "زە ئیكۆنۆمیست" باسلەوە دەكات، دوای نزیكەی ساڵو نیوێك لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن ئەوەوە" هاوكێشەیەكی نوێیان دروستكردووە كە لێدانە لە سەری رژێمەكە".
لە رابردوودا، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانو ئەو زانایانە بوو كە پەیوەندییان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەوە هەبوو، كاتێكیش لە سوپای پاسدارانی ئیسلامیو فەیلەقی قودسی دەدا، هێرشەكەی لە وڵاتی سێیەمدا جێبەجێ دەكرد لە نمونەی سوریا.
بەڵام ئێستا هێرش دەكاتە سەر ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆیی، لەناوخۆی ئێراندا، مانگی شوبات كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی سەربە سوپای پاسدارانی لە خۆرئاوای ئێران بۆردومان كرد، مانگی ئایار یەكێك لە سەركردەكانی سوپای پاسدارانی لەناو تارانی پایتەختدا تیرۆركرد، ئەمە بەگوێرەی قسەی گۆڤارەكە.
ئیسرائیل بەردەوام رەتیدەكاتەوە دان بەم ئۆپراسیۆنانەدا بنێت لەناوخۆی ئێراندا، بەڵام ئێستا ئیتر زیاتر ئاشكرا بووە، زۆجار گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلی خۆیان لێدوانی نافەرمی دەدەن لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنانەوە.
مانگی نیسان دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مۆساد" تۆماری ئۆپراسیۆنێكی بڵاوكردەوە كە بانگهێشتكردنو لێپرسینەوەی ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران بووە لەلایەن سیخوڕەكانی ئیسرائیلەوە لەناوخۆی ئێراندا.
گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لە ئەندامانی دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل بەم سیاسەتە نوێو بوێرانەیە دڵخۆش نین، پیاوە دێرینەكانی هەواڵگریی ناڕەزایەتییان هەیە لەوەی "لێدان لەناو چاوی تاران، كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە".
بەپێی قسەی گۆڤارەكە، سەرۆك وەزیران نەفتالی بینیت پابەندە بەو بۆچونەی كە ئیسرائیل بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هیچ ئۆپراسیۆنێكی سنوردار لەناوخۆی ئێراندا نەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەڵێ لەوباوەڕەدایە "زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرێت ئێرانییەكان شەرمنن" ئەمەش كاتێك كە باس دێتە سەر وەڵامدانەوەی بوێریی ئیسرائیل، پێیوایە لێدانی راستەوخۆ لە ئێران ئەنجامی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێتو ئەمە بەتەواوەتی گونجاوە لەگەڵ ئەو تەكتیكە بوێرانەدا.
بینیت ئومێدی وایە ئەم هێرشانە وا لە ئێران بكات قایل بێت بە كۆپییەكی زۆر توندتری ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ساڵی 2015 لەگەڵ چوار هێزی خۆرئاواو چینو روسیادا ئیمزای كردووە، رێككەوتنێك كە ساڵی 2018 ئەمریكا لەسەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ لێی كشایەوە.
باسلەوە دەكات، ئابوری ئێران زۆر پێویستی بەوەیە لە سزاكان ببەخشرێت، بەڕادەیەك ئەگەر ئەمریكا رێوشوێنی توند بەسەر تاراندا بسەپێنێت، دەتوانێت رێككەوتنی سڕكردنی پەرەپێدانی ئەتۆمی ئێرانی تاوەكو كاتێكی نادیار لەگەڵدا ئیمزا بكات.
بینیت ئەم فێڵەی ناوی ناوە "جەنگی دارایی ئەستێرەكان" ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی موشەكیی لەلایەن ئەمریكاوە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، كە ئەم هەنگاوە یەكێتی سۆڤیەتی لە ساڵەكانی كۆتایدا ناچار كرد بەوەی رێككەوتنەكانی تایبەت بە سنورداركردنی چەك لەگەڵ ئەمریكادا ئیمزا بكات.
بەهەمان شێوە ئیسرائیل پلان بۆ تۆڕی بەرگریی لەڕێگەی (لەیزەر)ەوە دادەنێت. دەڵێ رەنگە لە داهاتوودا ئەم سیستمە فراوانتر بكات بەجۆرێك ببێت بە چەترێكی ناوچەیی بۆ بەرگری موشەكییو تەنانەت هاوپەیمانەكانی ئیسرائیلیش بپارێزێت كە بریتین لە عەرەبە نوێیەكانی ناوچەی كەنداو.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی پێنج شەممە وتی: ئێران دەیەوێت دوو كۆمەڵی نوێی ئامێری (سێنتەرفیوج)ی پێشكەوتوو دابنێت كە ئەمە دەرفەت بە تاران دەدات بەشێوەیەكی خێرا بڕێكی زیاتر لە یۆرانیۆم بپیتێنێت، ئەمە نوێترین پەرەسەندنە لە هەوڵەكانی روبەڕووبونەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
بڕیاری زیادكردنی دوو كۆمەڵ ئامێری (سێنتەرفیوج)ی تر لە جۆری (ئای ئاڕ-6) بۆ وێستگەی ئەتۆمی (نەتەنز) لەژێر زەویدا لەكاتێكدایە شەوی چوارشەممە ولاتانی بەشدار لە كۆبونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا دەنگیان لەسەر بڕیارێكدا بۆ رەخنەگرتن لە ئێران.
بەڵام تەنانەت بەر لە دەنگدانەكەش، ئێران كامێراكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داخست، كە بۆ چاودێكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی (نەتەنز) بەكاردەهێنرا، هەروەك هەڕەشەی گرتبەبەری رێوشوێنی تریشی كرد لەناو قەیرانێكدا كە چەندین ساڵە بەردەوامە.