ئەمینداری یەكگرتوو: كێشەی كورد بەڕێگای سەربازی چارەسەر ناكرێت
2022-06-08 17:30:47
(درەو):
سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پانێڵی سەنتەری توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە (ئەنكەرە):
🔹 یەكێتیو پارتی پۆستەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردووە، نەریتەكە وا هاتووە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتیو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، دوای مردنی مام جەلال دەكرێت پارتی بیر لەم پۆستە بكاتەوە، بەڵام ئەمە بەزۆر ناكرێتو دەبێت بە لێكتێگەیشتن بێت.
🔹 یەكێتیو پارتی لەنێوان خۆیاندا رێكناكەون چجای ئەوەی لەسەر ئەوە رێكبكەون لایەنی سێیەم كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دابنێت.
🔹 ئەبێت پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت، مادام نوێنەرێكی توركمان هەڵدەبژێردرێت مانای نیە كوردێك دەنگی بۆ بدات.
🔹 زۆرینەی لایەنەكانی هەرێمی كورستان داوای (فرەبازنەیی) هەڵبژاردن دەكەن.
🔹 هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لەگەڵ كێ پێكەوە دادەبەزین.
🔹 دەزانین لەڕووی مێژووییەوە عێراق بەشێك بووە لە دەسەڵاتی عوسمانیی، ئێستاش كۆمەڵێك بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان عێراقو توركیا هەیە.
🔹 نكولی لەوە ناكرێت هەڵوێستی توركیا لە پرسی روخانی رژێمی عێراقدا جیاواز بوو لە وڵاتانی تر، توركیا بەشداری لە بابەتی داگیركردنی عێراقدا نەكرد.
🔹 رەنگە شەڕو تۆپبارانكردنەكانی توركیا جێگەی رەزامەندی ئێمە نەبێت.
🔹 هێشتا لە عێراق وەختی زۆرینەو كەمینە نەهاتووە، رەنگە ئەمە بۆ قۆناغێكی تر ببێت، بەڵام پەرلەمانتارانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیو رزگاریی نیشتمانیدا بێلایەن وەستانو پشتیوانییان لە تەوافوق كرد.
🔹 ئەگەر پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەوكاتە خەڵك ئازادە دەنگ بە كاندیدی كام لایەنیان دەدات.
🔹 توركمان پێكهاتەیەكی رەسەنە لە عێراقداو من نەموتووە كەمینەن، چونكە وشەی كەمینە بۆ كەمكردنەوە لە پێگەیان بەكاردێت، ئەگەر تەنیا یەك كەسیش بن ناكرێت پێیان بوترێت كەمینە.
🔹 من لە نەوەدەكانەوە لە رۆژنامەكانی توركیادا نوسیومەو ئێستاش دەیڵێم، كە كێشەی كورد لە توركیا بەشێوازی سەربازی ناكرێتو چارەسەری سیاسی رێگا دروستەكەیە.
🔸 (بیلیكای دومان) پێشكەشكاری دیبەیتەكە لە وەڵامی ئەمینداری یەكگرتوودا: " دەوڵەتی توركیا پەنا بۆ چارەسەری سەربازی نابات، بەڵكو دژی تیرۆر دەجەنگێت، ئەگەر حكومەتی عێراقو سوریا بتوانن تیرۆر كۆنترۆڵ بكەن، پێویست ناكات توركیا پەنا بۆ رێگای سەربازی ببات".
🔹 ئەمینداری یەكگرتوو بێدەنگی هەڵبژارد، وەڵامی قسەكانی پێشكەشكاری دیبەیتەكەی نەدایەوە..
🔹 بەداخەوە پرسو بڕیارەكانی دۆسیەی نەوت لە هەرێمی كوردستان شەفاف نییە، بۆیە زۆرێك لە خەڵك دەیانەوێت پرسی نەوت بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، چونكە بەغداد شەفافترە، لەڕاستیدا ئەمە جێگای داخە، ئەمە پەیوەندی بەئەدای حكومەتی هەرێمەوە هەیە، بڕیارەكان لە هەرێم نەك هەر حزبین، بەڵكو شەخسیشن، هەرچەند ئەمە بەواتای ئەوە نایەت هەرچییەك بەغداد لەمبارەیەوە دەیڵێت دروستە.
🔹 لەراِستیدا من زانیاریم نییە لەبارەی ئەوەی پەكەكە هێرش بكاتەسەر پێشمەرگە یان بەپێچەوانەوە (بەپێكەنینەوە)، بەڵام بنەماكە ئەوەیە شەڕی یەكتر نادروستە.
🔹 بەڵێ لە شەنگال رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی بەغدادو حكومەتی هەرێمدا هەیە كە تائێستا جێبەجێنەكراوەو دەوترێت ئەگەر ئەم رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت هەندێك لە كێشەكان چارەسەر دەبن.