بەنداوی بێخمە چۆن فرۆشرا؟
2022-06-08 12:16:31
درەو: شۆڕشنامە
فوئاد سدیق لە كتێبی قەیرانی عەقڵدا بەم شێوەیە باس لە راپەڕین و فرۆشتنی بەنداوی بێخمە دەكات:
فەشەلی حیزبی سیاسی بە سێ قۆناخی گرنگی فاشیلبوونی خۆیدا رۆیشتوە، قۆناخی یەكەم هەموو حیزبەكان لەناو منداڵدانیاندا گەرای فاشیلبوونیان داناو بووە نەخۆشیەكی سەختی زگماكی. قۆناخی دووەم دەتوانین بڵێین راستەوخۆ لەگەڵ كارەساتی هەكاری دەستیپێكرد، ئەو كارەساتە بەجۆرێكە تائێستاش لە رۆحی حیزبە سیاسیەكاندا زیندووە، بۆیە لە ساڵانی هەشتاكان لە شاخو نەوەدەكان لە شار، ئەو كارەساتە قووڵتر بووەوە.
قۆناخی سێیەم لە راپەڕینەوە دەستیپێكرد، كە بە دوو جۆرو شێواز بوو.
یەكەمیان كاتێك جەلال تاڵەبانیو مەسعود بارزانی لەهەفتەی یەكەمی راپەڕیندا پێكەوە بوونە میوانی حوسێن ئاغای سورچی كە گەورەترین سەرۆك عەشیرەتی جاش بوو، لەكاتێكدا بە سەدانو هەزاران ماڵە تێكۆشەرو شەهیدی سەركردە هەبوون، بەڵام میوانی ئەوان نەبوون.
هەر لەو میوانداریكردنەی حوسێن ئاغادا، تاڵەبانیو بارزانی سەوداو مامەڵەی بەنداوی بێخمەیان لەگەڵ عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا كرد. هەر لەسەر نانخواردن هەموو ئامێرو كەلوپەلە زۆرو زەوەندەكانی بەنداوی بێخمەیان هەرزان فرۆشو تاڵانفرۆش كرد. بە بەهای دوو ملیۆن دیناری سویسری فرۆشتیانە عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا. عومەر ئاغاش هەمووی ئاودیوی ئێران كردو حەفت ملیۆن دیناری سویسری پێگرتەوە. واتا لەو مامەڵەیەدا عومەر ئاغا پێنج ملیۆن دیناری سویسری قازانج كرد.
بەنداوی بێخمە ئەوكات (بەهاری 1991) گەورەترین سامانی نیشتیمانی بوو بۆ هەرێمی كوردستانو تاڵانكرا. لێرەوە هەموو ئومێدی راپەڕینە مەزنەكەی خستە ناو گۆڕەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە ئەو راپەڕینە مەزنە خاوەنی هیچ فەلسەفەیەكی سیاسیو فیكریو تەنانەت خاوەنی هیچ دونیابینیەك نەبوو بۆ ئایندەی ئەم هەرێمەو ئەم كۆمەڵگایە، بێگومان تائێستاش سەركردایەتی كوردی خاوەنی هیچ دیدێكی ئایندەیی نییە بۆ خەڵكو بۆ نیشتیمان. ئەوەتا لەناو گەردەلوولێكداینو ئەو گەردەلوولە بە ئارەزووی خۆیو دوور لە ویستی خۆمان دەمانسوڕێنێتو كەسمان نازانین بە كام ئاراستەو ئاقارماندا دەباتو لەكوێ فڕێماندەداتو بە زەویمان دادەدات، یان لەناو دۆڵێكەوە دەگیرسێینەوە.
سەرچاوە: بەرگی دووەمی كتێبی قەیرانی ئەقڵ، نوسینی فوئاد سدیق، لاپەڕە 27و 28.