Draw Media

 پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی

 پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی

2022-06-07 19:47:19


شیكاری: درەو

 پاڵپشت بەو ئەنجامەی پارتە سیاسییەکان لە لەدوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستیان هێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كورسی لایەنەكان لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی گۆڕانكاری بەسەردا دێت،  پارتی لە یەک بازنەییدا (42) کورسی و لە چوار بازنەیی (38) کورسی ، یەکێتی لە یەك بازنەییدا (16) كورسی و لە فرەبازنەییدا (18) کورسی، نەوەی نوێ لە یەك بازنەییدا (15) كورسی و لە فرەبازنەییدا (16) کورسی، یەكگرتوو لە (14) وە دەبێتە (12) كورسی، كۆمەڵ لە (9) كورسیەوە دەبێتە (10) كورسی، گۆڕان لە (2) كورسیەوە دەبێتە (3) كورسی. 

دەروازە
گفتوگۆ و فشارەکان و بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و هەوڵەکانی پەکخستنیش بە بیانووی جۆراوجۆر بەئاشکراو نهێنی بەڕێوەدەچن، لایەنەکان ڕای جیاوازیان لەبارەی کۆمەڵێک پرسی وەک (کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، یاسای هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کارکردن بە سیستمی یەک بازنەیی و فرە بازنەیی و پرسی کۆتاکان ...) هەیە، خشتەی ژمارە (1) ڕای لایەن ڕوندەکاتەوە کە لەلایەن ئۆفیسی هەڵبژاردنی "نەوەی نوێ"وە ئامادەکراوە "پێشتر درەو میدیا بڵاوی کردووەتەوە.

خشتەی ژمارە (1)

لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر پێگەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بەو دەنگانەی لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو بە دەستیان هێناوە.
لە بەشی یەکەمدا پشت دەبەستین بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و، دابەشدەبێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا". واتە بەپێی ئەم دەقە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (یەک بازنەی) هەڵبژاردن دەبێت، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. 
سەرباری لە بەرچاوگرتنی ئەوەی، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، تێکڕای هەڵبژاردن (نرخی کورسی) واتە کۆی گشتی دەنگە دروستەکان دابەشدەکرێت بەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە (100) کورسی گشتیییە بەپێی یاساکە، تێکڕای هەڵبژاردنمان دەست دەکەوێت.
هەر بەپێی یاساکە، ئەگەر (100) کورسییەکە بە تێکڕای هەڵبژاردن پڕ نەبویەوە ئەوا "ئەو کورسییانەی لە ئەنجامی دەستکەوتنی ماوە دەنگ کە ناگاتە تێکڕای هەڵبژاردن دەبێتە هی ئەو قەوارانەی کەوا زۆرترین ماوەدەنگیان هەیە".
لە بەشی دووەمدا، گریمانەی هەموای یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو، کاتێک بازنەی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە فرە بازنەیی، دروستتر بڵێین لە حاڵەتی پەیڕەوکردنی چوار بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
لە دەرەنجامیشدا جیاوازی کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییە بۆ حیزبە سیاسییەکان ڕووندەکەینەوە.

بەشی یەکەم: پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم (بەپێی یاسای بەرکاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان)
یەکەم: ئەنجامی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020، پارێزگای سلێمانی (5) بازنە، پارێزگای هەولێر (4) بازنە، پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. لە هەر چوار بازنەکەی پارێزگای هەولێر (444 هەزار و 253) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 238 هەزار و 379) کەس بە ڕێژەی (35.87%) دەنگیان داوە.
لە پارێزگای سلێمانی لە هەر پێنج بازنەکە (393 هەزار و 194) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 389 هەزار و 691) کەس بە ڕێژەی (28.29%) دەنگیان داوە.
لە پارێزگای دهۆک لە هەرسێ بازنەکە (396 هەزار و 4) کەس لە کۆی (882 هەزار و 703) کەس بە ڕێژەی (48.13%) دەنگیان داوە.
لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەر دوانزە بازنەکەی هەڵبژاردن (1 ملیۆن و 233 هەزار و 451) کەس لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و773) کەس بە ڕێژەی (35.47%) دەنگیان داوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

خشتەی ژمارە (2)


دووەم: دەنگی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی یەکەمەو (579 هەزار و 234) بەڕێژەی (46.96%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی دووەمەو (515 هەزار و 316) بەڕێژەی (17.46%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی سێیەمەو (204 هەزار و 855) بەڕێژەی (16.61%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی چوارەمەو (108 هەزار و 10) بەڕێژەی (8.76%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی پێنجەمەو (64 هەزار و 156) بەڕێژەی (5.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی شەشەمەو (22 هەزار و 91) بەڕێژەی (1.79%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی حەوتەمەو (6 هەزار و 595) بەڕێژەی (0.53%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
8.    سەربەخۆی لایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (33 هەزار و 194) بەڕێژەی (2.69%)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))


خشتەی ژمارە (3)

سێیەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
وەک پێشتر ئاماژەمان بەوە داوە کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (1) بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.
بۆیە ئەگەر دەنگی بەدەستهاتووی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆی و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەربگرین و کە کۆی گشتی دەنگی لایەنەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە (1 ملیۆن و 233 هەزارو 451) دەنگ، ئەو ژمارەیە بەپێی یاساکە دابەشی (100) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستان بکەین ئەوا بەهای ڕاستەقینەی (1) کورسی دەکاتە (12 هەزار و 334) دەنگی، بەم پێیەش؛
1.     پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (47) کورسی دەباتەوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە. 
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (5) کورسی دەباتەوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە.
8.    سەربەخۆی لاینەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (3) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))

خشتەی ژمارە (4)


چوارەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ئەگەر سەرجەم هێزەکان) لە سەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبوایە
بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان نەبووە، دەنگی گشتیان دەرنەکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆیە لەم بەشەی باسەکەماندا گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر سەرجەم ئەو هێزانە لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووایە چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟
1.    پارتی دیموکراتی و کوردستان و نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووە و هیچ لە ئەنجامەکەیان ناگۆڕێت.
2.    یەکێتی نیشتمانی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبووە جگە لە بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆک، بەڵام لە دوو بازنەکەی دیکە (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەشی (2) بکەین و لێکدانی سێی بکەین ئەوا دەنگەکانی یەکێتی لەو پارێزگایە بەرز دەبنەوە بۆ (37 هەزار و 560) دەنگ. واتە لە بازنەی (1)ی دهۆک (12 هەزار و 520) دەنگ بەدەست دەهێنێت.
3.    یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (6) کاندیدی هەبووەو لە هەر پارێزگایەک (2) کاندیدیان هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (3 هەزار و 990) دەنگەوە دەبێتە (7 هەزار 980) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (22 هەزار 876) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (57 هەزار و 190)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن تەنها لە دوو بازنەیان کاندیدی هەبووە، بۆیە لە باشترین دۆخیدا ئەگەر کۆی دەنگەکانی لەو پارێزگایە دابەشی (2) و جارانی سێ بکەین لە (81 هەزار 144) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (121 هەزار و 716)دەنگ لە پارێزگای دهۆک. 
بەم پێیەش کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (108 هەزار 10) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (186 هەزار و 886) دەنگ.
4.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (5) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (19 هەزار و 517) دەنگەوە دەبێتە (39 هەزار 34) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (44 هەزار 639) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (74 هەزار و 398)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 628) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەر هەمان ئەو دەنگانەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (64 هەزار 156) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (117 هەزار و 60) دەنگ.
5.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنەی هەڵبژاردن تەنها (7) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (4 هەزار و 245) دەنگەوە دەبێتە (8 هەزار 490) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (4) و جارانی (5) بکەین لە (17 هەزار 846) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (22 هەزار و 307)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 801) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر کاندیدی هەبوایەو بیتوانیایە نیوەی ئەو دەنگانەی بەدەست بهێنایەتەوە ئەوا، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (22 هەزار 91) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (32 هەزار و 697) دەنگ. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))
بەو پێوەرە گریمانە کراوانەو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکان بەم شێوەیە دابەش دەبوون بەسەر لایەنە سیاسییەکان؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (42) کورسی دەباتەوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (16) کورسی دەباتەوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (15) کورسی دەباتەوە. 
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (14) کورسی دەباتەوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە.
8.    سەربەخۆولایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەبەنەوە. 

خشتەی ژمارە (5) 

 

 

بەشی دووەم
بەشی یەکەم: پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم (ئەگەر هەرێمی کورستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت)
یەکەم: ژمارەی کورسی تەرخانکراو بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. بەڵام لە حاڵەتی هەموار کردنی یاساکە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکەی کارگێڕی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە پشت بەستن بەو پێوەرەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگاکان کوردسییان بۆ تەرخان کرابوو، بە شێوەیەک؛
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی، بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (44) کورسی تەرخان کرابوو، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر کە لە (4) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (15) کورسی و پارێزگای "سلێمانی و هەڵەبجە" لە (5) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (18) کورسی و پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (11) کورسی بۆ تەرخان کرابوو.
بەڵام ئەگەر ڕکابەرییەکە لەسەر (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان بێت لە بری (44) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا پشکی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)).

-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر؛ (15) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی؛  لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگا سلێمانی بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەژمار کرابوو، بەڵام پارێزگای سلێمانی جگە لە بازنەکەی پارێزگای هەڵەبجە، (15) کوردسی بۆ تەرخان کرابوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک؛ (11) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (25) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
-    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە؛ (3) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (7) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
خشتەی ژمارە (6)


دووەم: ژمارەی دەنگی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە دوا هەڵبژاردندا  بەشێوەی چوار بازنەیی
بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کاندیدیان نەبووە، دەنگی گشتیان دەرنەکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆیە لەم بەشەی باسەکەماندا گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر سەرجەم ئەو هێزانە لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووایە (وەک لە تەوەری چوارەمی بەشی یەکەم بەشێوەی "نسبەو تەناسب"ی دەنگەکانیان لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەنگمان بۆ هەژمار کردوون) ئەو ئەنجامەکان بەم شێوەیە دەبن. (بڕوانە خشتەی ژمارە (7))
خشتەی ژمارە (7) 


بازنەی یەک: سنوری پارێزگای هەولێر
بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گرمانەی ئەوەی حیزبە سیاسییەکان لە سەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبوایە، ئەوا دەنگی کۆی لایەنە سیاسییەکان بریتیە لە  (472 هەزار و 5) دەنگ.
ئەگەر (34) کورسی پەرلەمانی کورستان بۆ بازنەی یەک تەرخان بکرێت، ئەوا نرخی هەر کورسییەک بریتی دەبێت لە (13 هەزار و 883)دەنگ، ئەنجامی کورسییەکانیش بەم شێویە دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە (8))

خشتەی ژمارە (8)


بازنەی دوو: سنوری پارێزگای سلێمانی
بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گرمانەی ئەوەی حیزبە سیاسییەکان لە سەرجەم بازنەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ بازنەی پارێزگای هەڵەبجە)  کاندیدیان هەبوایە، ئەوا دەنگی کۆی لایەنە سیاسییەکان بریتیە لە  (390 هەزار و 770) دەنگ.
ئەگەر (34) کورسی پەرلەمانی کورستان بۆ بازنەی یەک تەرخان بکرێت، ئەوا نرخی هەر کورسییەک بریتی دەبێت لە (11 هەزار و 493)دەنگ، ئەنجامی کورسییەکانیش بەم شێویە دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە (9))

خشتەی ژمارە (9)

بازنەی سێ: سنوری پارێزگای دهۆک
بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گرمانەی ئەوەی حیزبە سیاسییەکان لە سەرجەم بازنەکانی سنوری پارێزگای دهۆک  کاندیدیان هەبوایە، ئەوا دەنگی کۆی لایەنە سیاسییەکان بریتیە لە  (454 هەزار و 624) دەنگ.
ئەگەر (25) کورسی پەرلەمانی کورستان بۆ بازنەی یەک تەرخان بکرێت، ئەوا نرخی هەر کورسییەک بریتی دەبێت لە (18 هەزار و 185)دەنگ، ئەنجامی کورسییەکانیش بەم شێویە دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە (10))

خشتەی ژمارە (10)


بازنەی چوار: سنوری پارێزگای هەڵەبجە
بەپێی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گرمانەی ئەوەی حیزبە سیاسییەکان لە سەرجەم بازنەکانی سنوری پارێزگای هەڵەنجە کاندیدیان هەبوایە، ئەوا دەنگی کۆی لایەنە سیاسییەکان بریتیە لە  (70 هەزار و 958) دەنگ.
ئەگەر (7) کورسی پەرلەمانی کورستان بۆ بازنەی یەک تەرخان بکرێت، ئەوا نرخی هەر کورسییەک بریتی دەبێت لە (10 هەزار و 137)دەنگ، ئەنجامی کورسییەکانیش بەم شێویە دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە (11))
خشتەی ژمارە (11)

ئەنجامی کۆتایی
وەک لە بەشەکانی پێشوو ئاماژەمان پێدا، پاڵپشت بە ئەنجامی دواهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی لێکەوتەکانی و لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت (خشتەی ژمارە (12)) ئەو جیاوازییە نیشان دەدات.

خشتەی ژمارە (12)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand