شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سێ ناوچەی ئێراندا
2022-06-07 12:07:43
(درەو):
دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سێ ناوچەی ئێراندا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوردونگ كردووە، ئیسرائیل دەڵێ ئێران بەشی دروستكردنی (3) بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیەو دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی سزای بەسەردا بسەپێنێت، ئەمریكاو بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا پرۆژەیەكیان ئامادەكردووە بۆ ئیدانەكردنی ئێران، چینو روسیا دژنو دەڵێن بڕیاری لەوجۆرە دانوستانی ئەتۆمی ئێران پەكدەخات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
"ئێران بەشی سێ بۆمب یۆرانیۆمی هەیە"
زمانی هەڕەشە لەنێوان ئێرانو ئیسرائیل توندبوەتەوە، ئەمە هاوتایە لەگەڵ فشارەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بۆسەر تاران هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانو شكستهێنانی دانوستانەكان بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی نێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێز.
نەفتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، پێشبینی دەكات ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشدارییەكی روون بە ئێران بدات لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوەو تاران بۆی روون دەبێتەوە ئەگەر بەردەوامی بدات بە بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، باجێكی قورس دەدات.
هەفتەی رابردوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چاوی بە سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كەوت، ئەمە بەر لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسەكە.
هاوكات لەگەڵ قسەكانی نەفتالی بینیت، سایتی (وای نێت)ی ئیسرائیل ئەمڕۆ لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلییەوە رایگەیاند، ئێران بڕێك یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە كە بەشی دروستكردنی (3) بۆمبی ئەتۆمی دەكات.
بەرپرسە ئیسرائیلییەكە كە سایتەكە ناوەكەی بڵاونەكردوەتەوە، وتویەتی:" ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر بڕیارێك دەدات كە بڕیارەكە داوا لە ئێران دەكات پابەند بێت بە بەڵێنەكانییەوە، بەڵام رەخنە لە رژێمی ئێران ناگرێت"، ئەو بەرپرسە ئومێدەوارە دوای دەنگدان لەسەر بڕیارەكە لەلایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا بكات.
"تەلئەبیبو حەیفا تەختی زەوی دەكەین"
لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئیسرائیلدا، ئێرانیش هەڕەشە دەكات، ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی لەزاری كیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانەوە بڵاویكردەوە" ئیسرائیل هەر هەڵەیەك بكات، ئێران هەردوو شاری تەلئەبیبو حەیفا وێران دەكات".
حەیدەری دەڵێ" بۆ هەر هەڵەیەك كە دوژمن بیكات، بە فەرمانی رابەری باڵا (عەلی خامنەیی) تەلئەبیبو حەیفا تەختی زەوی دەكەین.. هێزەكانمان خاوەنی بڕێكی زۆر كەلوپەلی سەربازین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەنگاوێكی گەمژانە لەلالایەن دوژمنەوە".
ئەگەری تێكچوونی گفتوگۆكان
بەگوێرەی قسەی دوو سەرچاوەی دیپلۆماسیی، ئەمریكا لەگەڵ سێ وڵاتانی ئەوروپادا (بەریتانیا- فەڕەنسا- ئەڵمانیا) دەقی بڕیارێكیان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەرزكردوەتەوە، لەم رەشنوسەدا رەخنە لە ئێران دەگرن بەوەی هاوكاری دەستەی نێودەوڵەتی نەكردووە.
دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی رایگەیاندووە، دوێنێ شەو دەقەكە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. دەقەكە داوا لە ئێران دەكات هەماهەنگیی تەواو بكات لەگەڵ ئاژانسی وزەدا، ئەم نوسراوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا چیتر پەتی سەبریان بڕاوە بەهۆی ئەو چەقبەستنەی كە لە دانوستانەكان بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015 دروستبووە.
پێشبینی دەكرێت رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەنگ لەسەر ئەو دەقە بدات كە ئەمریكاو سێ وڵاتە ئەوروپییەكە بۆیان ناردووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كۆبونەوەی یەك هەفتەیی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە كە 35 ئەندام لەخۆدەگرێت.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ رەخنەی لە پرۆژە بڕیارەكە گرتو وتی" ئەمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر هاوكاریمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمو دانوستانەكانیشمان".
لەبەرامبەردا چینو روسیا كە دوو لایەنی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانن لەپاڵ هەریەكە لە بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا، رەخنەیان لە پرۆژە بڕیارەكە هەیەو دەڵێن" هەر بڕیارێكی لەوجۆرە دانوستانەكان پەكدەخات".
میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە تویتێكدا رایگەیاند" روسیا بەشێك نابێت لە بڕیارێكی لەوجۆرە".
شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سێ ناوچەی ئێراندا
لە راپۆرتی كۆتایی مانگی رابردووی خۆیدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باسی لەوەكردووە" هێشتا چەند پرسیارێكی هەیە كە لەلایەن ئێرانەوە روونكردنەوەی پێنەدراوە، ئەوەش پەیوەندی بە شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە هەیەو لە سێ ناوچەدا دۆزراوەتەوە كە پێشتر ئێران ئەو ناوچانەی بە ئاژانسەكە رانەگەیاندووە".
رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بوەهۆی هەڵگرتنی ئەو سزا ئابورییانەی كە بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، ئەمە بەمەرجی ئەوەی ئێران پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی رابگرێت، بەڵام ساڵی 2018 كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەشێوەیەكی تاكلایەنە لەرێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوەو دەستیكرد بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، تارانیش دەستبەرداری مەرجەكان بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بوو.