Draw Media

پرۆژەكەی بناری گۆیژە (1024) شوقە لەخۆدەگرێت

پرۆژەكەی بناری گۆیژە (1024) شوقە لەخۆدەگرێت

2022-06-06 19:09:22


 
درەو:
ئەمڕۆ لە بناری گۆیژە نزیكەی (700) درەخت لە رەگەوە هەڵكەندران، پرۆسەكە بۆ پرۆژەیەكی نیشتەجێبون بوو بەناوی "شاری ئارام" كەلە (8) باڵەخانەی (32) نهۆمی پێكدێت و (1024) شوقەلەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ لە بناری گۆیژە تیمەكانی شارەوانی و بە پاسەوانی پۆلیس و ئاساییش ژمارەیەك رەزو باخیان تێكدا و ژمارەیەكی زۆری دەرختیان لە رەگەوە هەڵتەكاند، بە پێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی " تیمەكانی بەشی سەرپێچی و لادانی زیادەرۆیی بە ھاوكاری پۆلیسی شارەوانی و ئاسایشی ناوشار ھەستان بە لابردنی ئەو زیادەرۆییانەی كرابوونە سەر زەوییەكانی بناری گۆیژە"
خاوەنی یەكێك لە باخەكانی بناری گۆیژە بەناوی (سەرچڵ) بە (درەو)ی راگەیاند ئەو باخەی ئەوان لە ساڵی 1985 ەوە باخەو لە (1997)ەوە كڕیویانە، ئێستا ئەمڕۆ بۆ درووستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون شۆفڵی كۆمپانیا باخەكەیان روخاندووەو (600 – 700) درەختیان لە رەگەوە دەرهێناوە.
ئەو باخانە ئەگەرچی تاپۆ نین وەكو باخ و زەویەكانی مێرگەپان و سیتەك دەستاودەست دەفرۆشرێنەوە، بەڵام لەسەردەمی حكومەتی عێراق، مۆڵەتی درووستكردنی باخ بەو هاوڵاتیانە دراوەو زۆربەی درەختەكان تەمەنیان زیاتر لە (40) ساڵە.   
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو ناوچەیە دەكرێت بە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بەناوی (شاری ئارام) ئەم پرۆژەیە چەند بەرپرسێكی باڵای ناو یەكێتی لە پشتەوەیە، پرۆژەكە لە بنەڕەتدا بڕیار بووە (500) شوقە بێت بەڵام بە پێی رێككەوتنێك لەگەڵ شارەوانی سلێمانی لەبەرامبەر زیادكردنی ژمارەی شوقەكان، كۆمپانیاكە بەرزە پردێك لە بەردەم نەخۆشخانەی هەرێم لە شەقامی (60) مەتری درووست دەكات.
پرۆژە نیشتەجێبوونەكەی بناری گۆیژە لە (8) باڵەخانە پێكدێت، كە (4) باڵەخانەی (VIP)یەو هەر باڵەخانەیەك (32) نهۆمەو هەر نهۆمێك (4) شوقەیە، كۆی گشتی شوقەكان (1024) شوقەیە، بڕیارە نرخی هەر شوقەیەك بە (200 تا 300 هەزار) دۆلار بفرۆشرێت، لە ئێستا نوسینگەیەك لە نزیك مزگەوتی (ئەحمەدی حاجی عەلی) دانراوە بۆ ناوتۆماركردن و حیجز كردنی شوقەكان لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەی خواستیان لەسەرێتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand