بناری گۆیژە دەكرێت بە شوێنی نیشتەجێبوونو پرۆژەی بازرگانیی
2022-06-06 12:19:02
(درەو):
لەبری "بەهەشتی شار"، بناری گۆیژەی سلێمانی دابەشدەكرێت، شوێنی (گەشتیاریی) دەكرێت بە شوێنی (بازرگانییو پرۆژەی نیشتەجێبوون)، زیاتر لە (هەزار) یەكەی نیشتەجێبوون، دەیان ڤێلاو دوكانو شوێنی بازرگانیی تێدا دروستدەكرێت، (110) دۆنمی بناری گۆیژە دراوە بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و رووی پێشەوەی سەر شەقامی سەرەكیش دراوە بە كوڕی بەرپرس و سەرمایەداران.
بناری گۆیژەی سلێمانی (لەنێوان هۆتێل تایتانیك تاوەكو شوقەكانی گۆیژە)، بە پارەیەكی رەمزیی دابەشكراوە، بەشێكی ئەم زەوییە دەكرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەم شوێنە (نزیكەی هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروستدەكرێتو لەئێستاوە دەست بە فرۆشتنی یەكەكان كراوە".
بەشێكی زەوی بناری گۆیژە، ئەوەی بەڕووی شەقامی شەست مەترییدایە دابەشكراوەو دەكرێت بە شوێنی بازرگانییو دوكانو بەنزینخانەو پێشانگای ئۆتۆمبێل، بەشێكەی تری ناوچەكە دابەشكراوەو زەوییەكانی دەفرۆشرێتو كراوە بە ڤێلاو خانووی بەرز، واتە ناكرێت بە ناوچەی سەوزایی یاخود شوێنی گەشتیاریی.
سوتانی سنەوبەرەكان
بەرەبەیانی 4ی ئەیلولی 2020، ئاگرێكی گەورە لە بناری گۆیژە كەوتەوە، بەشێكی زۆری سنەوبەرەكان سوتان، ئەوكات گومان دروستبوو لەبارەی ئەوەی پلانێك هەیە بۆ ئەوەی زەوی ناوچەكە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون یاخود بازرگانیی.
دوای دوو ساڵ لە ئاگرەكە، ئێستا ئەو زەوییانەی كە دەكەونە بەردەم سنەوبەرە سوتاوەكان، دەكرێن شوقە، نەخشەكە بەوجۆرەیە لە بناری گۆیژەوە تا شەقامی شەست مەتری بكرێت بە خانووی بەرزو بینای بازرگانیی كە بەپێی قسەی ئەندازیاران لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنەدا ناگونجێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەشێك لەو زەویانە لەلایەن بەشی مۆڵەت لە شارەوانی سلێمانی دراوە بە كەسو كۆمپانیاكان، كە پارچە زەوی تێدایە بەهاكەی دەگاتە (15) ملیۆن دۆلار، دراوە بە بەرپرس و كۆمپانیا حزبیەكان و كوڕی بەرسەكان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی
ساڵی 2004 یەكێتی بڕیاریدا بارەگایەكی نوێ لە شاری سلێمانی بۆ مەكتەبی سیاسی دروستبكات، لە بناری گۆیژە (110) دۆنم واتا (27 هەزار 500) مەتر زەوی تەرخانكرا بۆ دروستكردنی بارەگاكە، بڕی (35) ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی بارەگاكە دابین كرا، بەڵام دواتر بیناكە دروست نەكراو پارچە زەوییەكە تا ئێستاش موڵكی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو بناری گۆیژەو بەهەشتی شاری كرد بە دوو بەشەوە، موڵكەكە دەكەوێتە نێوان هۆتێل تایتانیكو شوقەكانی گۆیژە لە بناری گۆیژە.
بیرۆكەكەی نەوشیروان!
ساڵی 2004 نەوشیروان مستەفا كە ئەوكات جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، بیرۆكەیەك دەخاتە بەردەم شارەوانی سلێمانی، لەپێناو دەستبەسەردانەگرتنو دابەشنەكردنی زەوییەكانی بناری گۆیژە، داوا دەكات:
• دابەشكردنی ئەو زەویانە نابێت لە هەزار مەتر كەمتر بێتو كەمترین بینای تێدا بێتو زۆرترین سەوزایی تیادا دروست بكرێت، وەكو ناوچەیەكی گەشتیاریی دەركەوێت.
ئەوەی ئێستا لە بناری گۆیژە جێبەجێ دەكرێت، پێچەوانەی بیرۆكەكەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفاو ئەو بەڵێنەیە كە بافڵ تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیدا بەخەڵكیداو رایگەیاند، تاوەكو یادی داهاتووی یەكێتی یەك ملیۆن درەخت دەچێنن، ئێستا لەبری چاندنی درەخت لە بناری گۆیژە دەستكراوە بە بڕینەوەی درەختەكان.