Draw Media

پەیوەندییەكانی دەرەوە لە دەستی پارتیدا

پەیوەندییەكانی دەرەوە لە دەستی پارتیدا

2022-06-05 16:58:07


راپۆرت: درەو
لەكۆی (15) نوێنەرایەتی دەرەوە (10)  نوێنەرایەتی بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، یەكێتی (3) نوێنەرایەتی بەدەستەوەیە‌و دوو نوێنەرایەتیشی بەتاڵە، بزوتنەوەی گۆڕان كە بەڵێنی (2) نوێنەرایەتی پێدرابوو، هێشتا هیچ نوێنەرایەتییەكی وەرنەگرتووە، كاروبارەكان لە فەرمانگەی پەیوەندیی دەرەوە چۆن بەڕێوەدەچن ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

كوردو پەیوەندی دەرەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە وەكو وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، ئەم فەرمانگەیە تائێستا یاسای كاركردنی نییە‌و ئەیلولی 2006 بە فەرمانی ژمارە (143)ی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دروستكراوە.
لەپاڵ ئەم فەرمانگەیەدا هێشتا حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی ئاشكراو نهێنییان لەگەڵ وڵاتاندا هەیە، بەتایبەتی وڵاتێكی وەكو (توركیا) كە دان بە هەرێمی كوردستاندا نانێت، لەرێگەی حزبە سیاسییەكانەوە پەیوەندی هەیە.  
بە هەردوو جۆری پەیوەندی دەرەكی فەرمی‌و نافەرمییەوە، ساڵی 2017 كاتێك ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدرا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر فشارێكی بەهێزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، پەیوەندییە فەرمی‌و نافەرمییەكانی هەرێم رۆڵێكی ئەوتۆیان نەگێڕا. 
لە ئابی 2021دا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەكە رایگەیاند" سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراقدایە، بۆیە دەبێت كەمێك هەستیارانە رەفتار بكەین، بەڵام دەمانەوێت لە داهاتوودا پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بكرێت بە وەزارەت". 
تائێستا فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پرۆژە یاساكەی نەناردووە بۆ پەرلەمان، تەنانەت ئەگەر پرۆژە یاساكەش بنێرێت ناتوانرێت ناوی فەرمانگەكە بكرێت بە (وەزارەتی دەرەوە)، چونكە ئەمە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، بۆیە دەبێت ناوێكی تری بۆ بدۆزرێتەوە. 
ئەم فەرمانگەیە پێكهاتووە لە (15) نوێنەرایەتی دەرەوە‌و (8) بەڕێوەبەرایەتی‌و بەتێكڕا (223) كارمەندی هەیە، خەرجی مانگانە ئەم فەرمانگەیە بەردەست نییە.
نوێنەرایەتییەكانی هەرێم لە دەرەوە دەكەونە ئەم وڵاتانەوە (ئەمریكا- بەریتانیا- ئەڵمانیا- فەڕەنسا- سوید- روسیا- سویسرا- ئیسپانیا- ئیتالیا- نەمسا- پۆڵەندا- یەكێتی ئەوروپا-  ئوسترالیا- ئێران- بەغداد).

پشكی لایەنەكان لە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا
تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی نزیك دەبێتەوە، هێشتا یەكێتی‌و گۆڕان وەكو دوو پێكهێنەریی سەرەكی كابینەكە بەهۆی پۆستەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پارتی نیگەران‌و ناڕازین. 
لەكابینەی نۆیەمدا یەكێتی نیشتمانی وەكو شەریكێكی مێژوویی پارتی لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا، داوای رۆڵی خۆی كرد لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، لەسەر ئەم بنەمایە پۆستی جێگری بەرپرسی فەرمانگەكە درا بە یەكێتی، رۆژی 9ی ئابی 2020 (دابان شەدەڵە) لەسەر پشكی یەكێتی وەكو جێگری بەرپرسی فەرمانگەكە دەستبەكاربوو.
پۆستەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەشێكی گرنگی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داگیركردبوو، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو پێكهێنەرێكی ئەم كابینەیە داوای پشكی خۆی لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ پۆستێكی لەم فەرمانگەیە پێنەدراوە. 

پشكی پارتی لە نوێنەرایەتی دەرەوە
لەدوای دروستكردنییەوە تاوەكو ئێستا، سەرۆكایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە 2006وە ئەم فەرمانگەیە یەكجار سەرۆكایەتییەكەی گۆڕاوە، فەلاح مستەفا لەدوای دروستكردنی فەرمانگەكەوە تاوەكو تەموزی 2019 بەرپرسی فەرمانگەكە بوو، لە تەموزی 2019‌و دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، پارتی (فەلاح مستەفا) گۆڕی بە (سەفین دزەیی). 
لەكۆی (15) نوێنەرایەتی دەرەوە (10) نوێنەرایەتی دەرەوە بەدەستی پارتییەوەیە كە بریتین لە نوێنەرایەتییەكانی (ئەمریكا- ئەڵمانیا- ئوسترالیا- ئیتالیا- فەڕەنسا- روسیا- سویسرا- نەمسا- پۆڵەندا- یەكێتی ئەوروپا- بەغداد). 
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد نوێنەرایەتییەكی نوێیە كە لە كابینەی نۆیەمدا دروستكرا، (فارس) عیسا كە سەربە پارتییە نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە بەغداد. 
سەرباری پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە، لەناو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا (7) پۆستی بەڕێوەبەر‌و (4) پۆستی راوێژكار هەن كە سەرجەمیان لای پارتییە. 
بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئەمانەن (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان- رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان- پرۆتۆكۆڵ‌و شاندەكان- كاروباری یاسایی- راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان- كارگێڕی‌و دارایی- دڵنیایی جۆریی).
لەكۆی (223) كارمەند كە بۆ ئەم فەرمانگەیە دامەزرێندراون (200) كارمەندیان سەربە پارتین. 
 
پشكی یەكێتی لە نوێنەرایەتی دەرەوە
یەكێتی نیشتمانی كە پێكهێنەرێكی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە، نیگەرانە لە بەشی خۆی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە. 
یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆكی فەرمانگە كە دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە، ئێستا تەنیا (3) نوێنەرایەتی بەدەستەوەیە كە بریتین لە نوێنەرایەتییەكانی (ئێران- بەریتانیا- سوید)، دوو نوێنەرایەتی یەكێتی چۆڵ بوون‌و هێشتا پڕنەكراونەتەوە، نوێنەرایەتی (روسیا) كە ئاسۆ شێخ جەنگیی برای لاهور شێخ جەنگیی بوو، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی دەستی لەكاركێشایەوە‌و پارتی وەكو كاربەڕێكەر (دانەر ئەبوبەكر مستەفا)ی لە شوێنەكەی داناوە كە ئەویش سەربە پارتییە، هەروەها نوێنەرایەتی (ئیسپانیا) كە بەدەست یەكێتییەوە بوو، بەهۆی دەستبەكاربوونی (دابان شەدەڵە) لە پۆستی جێگری سەرۆكی فەرمانگی پەیوەندییەكانی دەرەوە چۆڵ بووە‌و هێشتا پڕنەكراوەتەوە.  
واتە بە تێكڕا لەكۆی (15) نوێنەرایەتی دەرەوە، یەكێتی تەنیا (3) نوێنەرایەتی بەدەستەوەیە‌و ئەگەر نوێنەرایەتی ئیسپانیا پڕبكاتەوە ژمارەی نوێنەرایەتییەكانی بۆ (4) نوێنەرایەتی زیاد دەكات‌و چارەنوسی نوێنەرایەتییەكەی روسیاش هەر بە نادیاری ماوەتەوە. 
لەكۆی (223) كارمەند كە بۆ ئەم فەرمانگەیە دامەزرێندراون تەنیا (23) كارمەندیان سەربە یەكێتین، بەرپرسانی یەكێتی لەم فەرمانگەیە نیگەرانن لەوەی پەیوەندی لەگەڵ فەرمانگەكە بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە‌و ئەوان ئاگاداریی ئەو پەیام‌و ئیمێڵانە نین كە لە دەرەوەی ئاڕاستەی فەرمانگەكە دەكرێن. 

پشكی گۆڕان لە پەیوەندییەكانی دەرەوە
بزوتنەوەی گۆڕان لەكۆی (15) نوێنەرایەتی دەرەوە، هیچ نوێنەرایەتییەكی بەدەستەوە نییە، لەكابینەی پێشوودا گۆڕان تەنیا بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی لە (فەڕەنسا) بەدەستەوە بوو، كاتێك گۆڕان لە حكومەت دەركرا، پارتی ئەم پۆستەشی لێوەرگرتەوە‌و كەسێكی خۆی لە شوێنەكەی دانا كە (عەلی دۆلەمەڕی)یە‌و تائێستا لە پۆستەكەی بەردەوامە. 
لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا، بزوتنەوەی گۆڕان داوای (3) پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی دەكرد، پارتی لەسەر پێدانی (2) پۆست رازی بوو، بەڵام تائێستا گۆڕان ئەو دوو پۆستەشی پڕ نەكردوەتەوە، ئەمە یەكێكە لە نیگەرانییەكانی گۆڕان سەبارەت بە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی.  
لەكۆی (223) كارمەند كە بۆ ئەم فەرمانگەیە دامەزرێندراوە، هیچ كارمەندێكی بزوتنەوەی گۆڕان یاخود حزبە سیاسییەكانی تری تێدا نییە. 

پۆستەكانی دەرەوە 
•    نوێنەری هەرێم لە ئەمریكا: بەیان سامی عەبدولڕەحمان- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئەڵمانیا: دڵشاد بارزانی- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئوسترالیا: هەڤاڵ دەسكۆ سیان- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئیتالیا: رێزان حەمەساڵح ئاغا- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئیسپانیا: داباش شەدەلە (یەكێتی، ئێستا شوێنەكەی بەتاڵە‌و پڕنەكراوەتەوە)
•    نوێنەری هەرێم لە ئێران: نازم عومەر دەباغ- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم  لە بەریتانیا: كاروان جەمال تاهیر- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم لە فەڕەنسا: عەلی دۆلەمەڕی- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە سوید: شۆڕش رەحیم- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم لە سویسرا: فەوزی قەدوور- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە روسیا: دانەر ئەبوبەكر مستەفا لە پارتی بەشێوەی كاربەڕێكەر لە شوێنی ئاسۆ شێخ جەنگیی لە یەكێتی دانراوە
•    نوێنەری هەرێم لە نەمسا: مستەفا ئیسماعیل رەمەزان- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە پۆڵەندا: زیاد رەئوف- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا: دلاوەر ئاژگەیی-پارتی
زۆرینەی نوێنەرەكانی هەرێم لە دەرەوە ماوەی (12) ساڵە هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە‌و وەكو خۆیان ماونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت (5) ساڵ جارێك گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. 

نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان 
لەبەرامبەر ئەو (15) نوێنەرایەتییەی كە هەرێمی كوردستان لە دەرەوە كردویەتییەوە، (30) وڵات كوسنوڵگەریی‌و نوێنەرایەتی‌و ئاژانسی هاریكاریی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردوەتەوە كە ئەمانەن: 
(میسر- سودان- ئەمریكا-  كەنەدا- توركیا- كۆریا- هیندستان- ژاپۆن- چین- سریلانكا- قوبرس- روسیا-  ئەڵمانیا- فەڕەنسا- بەریتانیا- چیك- هەنگاریا- هۆڵەندا- ئیتالیا- ئەرمینیا- یۆنان- سوید- رۆمانیا- پۆڵەندا- نەمسا- بولگاریا- یەكێتی ئەوروپا- ئیسپانیا- دانیمارك- بیلاروسیا- یۆنامی- سلۆڤاكیا). 

ئەرك‌و ئامانجی فەرمانگە
بەپێی ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە خۆی باسی دەكات، ئەركی فەرمانگەكە ئەمانەن: 
•    پتەوكردنی پەیوەندیی دوو لایەنە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
•    پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانی، وەبەرهێنان، گەشتیاری‌و دامەزراوەیی لەگەڵ دونیای دەرەوە.
•    چاودێریكردنی نوسینگەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان.
•    ڕێكخستنی سەردانی فەرمی شاندە بارزگانی‌و سیاسییەكانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان.
•    رێكخستن‌و پشتگیریكردنی ئەو چالاكییانەی دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی پێگەی هەرێم لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی‌و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق‌و باڵێوزخانەكانی ئەم وڵاتە لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی‌و پشتگیریكردنی ئەو چالاكییانەی كە‌ یارمەتیدەرن بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كومەڵگەی نێودەوڵەتی.
•    پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری یاسایی‌و راستكردنەوەی بەڵگەنامەكان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامانجەكانی خۆی لەم خاڵانەدا دیاریكردووە: 
•    پاراستن‌و پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و هاوڵاتیانی لە دەرەوە.
•    هاندان‌و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسی‌و ئابورییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ڕوانگەی پێشخستنی ئاشتی، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانی بازرگانی‌و بەرژوەندی هاوبەش.
•    پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كونسوڵگەری‌و راوێژی یاسایی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
•    ئاسانكاری بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم‌و فەرمانبەرانی بۆ بەشداریكردنیان لە كارو چالاكییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان‌و كۆبونەوەو چالاكی ئاژانسەكانی یۆ ئێن‌و... هتد.
•    كار دەكات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دامەزراوە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكان لە دەرەوەو ناوەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand