Draw Media

 "لە 2017وە تیرۆری سیاسی لە كەركوك نەماوە"

 "لە 2017وە تیرۆری سیاسی لە كەركوك نەماوە"

2022-06-04 15:22:02


(درەو): 
راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك: 
🔹 ماوەی چەند هەفتەیەكە هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ كۆمپانیای (كار)دا لەنزیك گوندی (لهێبان) دەستی بەسەر سێ بیرە نەوتدا گرتووە‌و دەستیكردووە بە دروستكردنی تۆڕی بۆریی لەسەر بیرەكان. 
🔹 ئەو بیرە نەوتانەی پێشمەرگە دەستی بەسەردا گرتوون دەكەوێتە سنوری كەركوك‌و لەناوچەی بۆشایی ئەمنیدایە، بەڵام بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا. 
🔹 لە پەیوەندیماندا لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور، جەخت كرا لەوەی بەر لە چەند هەفتەیەك دەست بەسەر ئەو سێ بیرە نەوتەدا گیراوە‌و فراوانكاریی نوێ دەكرێت بۆ دەستگرتن بەسەر چەند  بیرێكی تردا. 
🔹 هێزەكانی پێشمەرگە رێگرییان لە كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكورو هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵ كردووە بگەنە بیرە نەوتەكان، كە لەچوارچێوەی ئەركی كۆمپانیای باكورو كێڵگە نەوتییەكانیدایە.  
🔹 داوا لە حكومەتی فیدراڵیی‌و وەزارەتی نەوت دەكەین تیمێك بۆ لێكڵۆینەوە بنێرن‌و ئەو بیرانە ببینن كە بۆرییان لێبەستراوە بەمەبەستی دەرهێنانی نەوتەكەیان‌و بەكارهێنانی لەلایەن كۆمپانیای (كار)ی هەرێمی كوردستانەوە. 
🔹 بۆشاییەك لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەیە‌و پێشنیازی ئێمە كە ناردومانە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئەوەیە، هێزی فیدراڵیی لەسەرتاسەری سنوری پارێزگای كەركوكدا بڵاوبكرێتەوە‌و كۆنترۆڵی تەواوەتی سنوری كەركوك بكات‌و ئەو بیرە نەوتانە بگەڕێنێتەوە كە لە ساڵی 2014وە تاوەكو  ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە. 
🔹 نوێنەرانی عەرەب‌و توركمان لە كەركوك  رەتیانكردەوە ناوەندی هەماهەنگیی لە كەركوك دروست بكرێت، ئێمە پشتیوانی ئەوەمان دەكرد‌و وای دەبینین هەماهەنگیی لەناوچەی بەیەكگەیشتن لەنێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و پێشمەرگەدا بێت، نەك لەناوەندی پارێزگاكەدا، ئەمەش دوای هاتنی هێزە فیدراڵییەكان بۆ تەواوی سنوریی ئیداریی پارێزگاكە. 
🔹 تێكەڵكردنی دۆسیەی كەركوك لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، لەلایەن نوێنەرانی عەرەب‌و توركمانەوە رەتدەكرێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە كەركوك پاش ئەو سەركەوتنە ئەمنی‌و سەقامگیریی‌و پێكەوەژیانەی كە لەدوای ساڵی 2017وە دروستبووە. 
🔹 پێرێ چاومان بە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كەوت، داوامان لێكرد رۆڵی گەورەتر بگێڕێت لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بێسەروشوێنكراوان‌و رفێندراوان لە گرتوخانەكانی هەرێمی كوردستان.
🔹 سەردانی ئەمدواییەمان بۆ بەریتانیا بۆ راكێشانی كۆمپانیاكان‌و گەڕانەوەی كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم) بوو، فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتیشمان هەیە كە ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لە كۆمپانیا بەریتانییەكان. 
🔹 دۆسیەیەكی پڕ گرێوگۆڵ‌و گەورەمان هەیە كە دۆسیەی ئەو گوندانەیە پێشمەرگە وێرانی كردوون‌و 138 گوندو ناحیەیە، ئەوەی ئێمە دەیكەن گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانە بەو ناوچانە، ناتوانین قەرەبووی ماڵەكان بكەینەوە، بۆیە پێویستە چاوخشاندنەوە بكرێت بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكاندا، ئێمە ناتوانین زیاتر  لە 15 هەزار خانووی روخێندراو دروست بكەینەوە. 
🔹 هەر سەركەوتنێك لە كەركوك نەیاری هەیە، پێشكەوتن لەبواری ئاسایش‌و مافەكانی مرۆڤ‌و ئاوەدانكردنەوە‌و هێزە فیدراڵییەكان رویداوە، خزمەتگوزاریی بەبێ جیازازی دەگاتە هەموو ناوچەكان، ئەمەش جێگای دڵخۆشیی ئەو لایەنانە نییە كە دەیانەوێت ناكۆكی‌و گومان دروست بكەن. 
🔹 لە 2017وە لە كەركوك تیرۆری سیاسی‌و رفاندن‌و شاردنەوە‌و كۆچكردن نەماوە، هاتوچۆ لەنێوان شارەكاندا بەشێوەیەكی ئازادانە كراوەیە‌و هەمووان چالاكی رۆشنبیری‌و نەتەوەیی خۆیان بەشێوەیەكی ئازادانە ئەنجام دەدەن‌و ئێمە پابەندین بە جێبەجێكردنی یاساوە. 
🔹 كەركوك شارێكی دەوڵەمەندی نەوتە، جیاوازی نرخی سوتەمەنی  لەنێوان كەركوك‌و شارەكانی هەرێمی كوردستان وادەكات سەخت بێت كۆنترۆڵی قاچاخچێتی بكرێت، بۆیە گرنگە هێزی فیدراڵی لەسنورەكانی كەركوك بڵاوبكرێتەوە. 
🔹 ئەو پێشێلكارییانەی كە لەدوای 2003وە لە كەركوك رویداوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە كراوە بەمەبەستی هەڵبژاردن، ئێمە كار بۆ رێگریی لە زیادەڕۆیی‌و جێبەجێكردنی یاسا دەكەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand