نەبوونی نوێنەرایەتی هەرێم لە چین جێگای پرسیارە !
2022-06-02 17:38:24
(درەو):
چین ئاستی جموجوڵەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستانی عێراق خێراتر كردووە، ئەمە وەكو هەوڵێك بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی لەو ناوچەدایە، بەڵام هەڵوێستی كوردەكان لەبارەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چیندا، بەناڕۆشنی ماوەتەوە، بەتایبەتیش كە دوای (7) ساڵ لە كردنەوەی كونسوڵگەری چین لە هەولێَر هێشتا هەرێم نوێنەرایەتی خۆی لە پەكین نەكردوەتەوە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرفەتی ئەوەی بە چین بەخشی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتیی بەهێز بكات، ڤاكسینو پێداویستی تەندروستی بە وڵاتانی ناوچەكە بەخشی، هەروەك بەرپرسانو گەلانی ناوچەكەش نیگەرانی خۆیان لە كشانەوەی ئەمریكا نیشاندا كە بۆشاییەكی بەجێهێشتووەو هێزەكانی تری وەكو چینو روسیا دەیانەوێت پڕی بكەنەوە.
هەنگاوە تاكلایەنەكان
سەرباری هەوڵی چین بۆ فراوانكردنی هەژموونی خۆی لە عێراق كە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام پێدەچێت هەرێمی كوردستان (پەكین)ی بەجێهێشتبێت بۆ ئەوەی تاكلایەنە هەنگاو بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمدا هەڵگرێت، چونكە ماوەی (7) ساڵە چین كوسنوڵگەری خۆی لە هەرێم كردوەتەوە، بەڵام هەرێم تائێستا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە پەكین نییە.
هەردوو توێژەر (سەردار عەزیز) راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستانو (محەمەد شەریف) مامۆستای وانەبێژە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیو دیپلۆماسییەكان لە زانكۆی كوردستانی هەولێر، لە توێژینەوەیەكدا كە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیك بڵاویكردوەتەوە دەڵێن" لەكاتێكدا چین لە هەموو بوارەكانی هەرێمی كورستاندا گەشە دەكات، بەڵام بەشێوەیەكی روون پەیوەندییەكە بەشێوەیەكی تاكلایەنە ماوەتەوە".
كوسنوڵگەری چین لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014دا كرایەوە، ئەوەش لەكاتێكدا هەرێم ئامادەكاری دەكرد بۆ جەنگەكەی لەگەڵ رێكخراوی "داعش"دا، ئەم هەنگاوە وەكو جۆرێك لە هاوسۆزی پەكین بوو لەگەڵ هەرێم، بەڵام روبەڕووی هەنگاوی هاوشێوە نەبووەوە لەلایەن هەرێمەوە.
لەبارەی ئەم هەنگاوەوە بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ" كردنەوەی كوسنوڵگەری لە هەرێم لەلایەن پەكیینەوە، قۆستنەوەی لاوازیی هەرێمە لەلایەن چینەوە، لەكاتێكدا كە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ مانەوەو بەردەوامبوون".
سەردار عەزیزو محەمەد شەریف لە توێژینەوەكەیاندا دەڵێن" بەبێ لەبەرچاوگرتنی پاڵنەرەكان، پەیوەندی دووقۆڵیی لەگەڵ چیندا بەلای دەستەبژێری دیپلۆماسییەوە لە هەرێم گرنگە، چونكە درك بە بایەخی ئەندامێتی هەمیشەیی چین لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن".
چین كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، دواین دەوڵەتە كوسنوڵگەری خۆی لە هەولێر كردوەتەوە، ئەمەش رەنگە وەكو وەڵامدانەوەیەك بێت بۆ خواستی گەورە دیپلۆماتكاران لە هەرێم.
سەرباری هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی لە هەرێم كە ئەوەش ئامانجێكەو دەیەوێت لەرێگەی كەناڵە نافەرمییەكانەوە بەدی بهێنێت، بەڵام پەكین هێشتا ترسی هەیە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەكان لەگەڵ كوردستانی عێراقدا.
پێدەچێت پەكین لەوە بترسێت دانپێدانانی بە هەرێمی كوردستاندا پاڵ بە هەرێمەكانی چینەوە بنێت بۆ ئەوەی داوای رۆڵی خۆیان لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیاندا بكەن.
حكومەتی ناوەندیی پەكین هەموو رەهەندەكانی چالاكی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی قۆرخكردووە، ئەمەش رێگرە لەوەی حكومەتی هەرێمەكان بۆچونی خۆیان بدەن لەبارەی دروستكردنی بڕیار لەسەر ئاستی دەرەوە، لەپاڵ ئەمەشدا چین نایەوێت لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بڕیارێك بدات كە ببێت بە هەڕەشە لەسەر ئەم بارودۆخە لەناوخۆی وڵاتەكەیدا.
لەڕوانگەی هەڵوێستی حزبی شیوعی دەسەڵاتداری چینەوە كە هەموو ئارەزویەكی جوداخوازانە رەتدەكاتەوە لەبارەی (تایوان)و (هۆنگ كۆنگ)ەوە، پەكین رەتیدەكاتەوە پەیوەندی لەگەڵ هیچ قەوارەیەكی نیمچە حكومیدا گرێبدات.
بەگوێرەی ئەوەی توێژینەوەكەی پەیمانگای واشنتۆن باسی كردووە، چین دەیەوێت رێگری بكات لەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ تایواندا گرێبدات.
بەڵام پەكین قسەیەكی زۆر جیاواز دەكات، (نی روچی) كونسوڵی گشتی چین لە هەولێر دەڵێ" هەرێم ئۆفێسی لە پەكین نەكردوەتەوە چونكە داواكاری لەمبارەیەوە پێشكەش نەكردووە".
فەلاح مستەفا گەورە راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ" هەرێم پلانی هەیە بۆ زیادكردنی ژمارەی نوێنەرایەتییەكانی لەسەر ئاستی جیهان، لەناویشیاندا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ئاسیا، بەڵام ئەم هەنگاوە روبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری بوەتەوە".
فەلاح مستەفا ئاماژە بەوە دەكات، كەمكردنەوەی پشكی كوردستان لە بودجەدا لەلایەن بەغدادو شەڕی داعشو هاتنی ئاوارو پەنابەرانی ناوخۆ لەپاڵ پاشەكشێی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان وایان كردووە هەرێم نەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بۆ كردنەوەی ئۆفێسی فەرمی لە پەكین.
كەناڵە نافەرمییەكان
سەرباری مەترسییەكانی لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم، پەكین لەرێگەی جموجوڵەكانییەوە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ كوردستانی عێراق بەهێز بكات، كونسوڵگەری چین لەرێگەی كەناڵە نافەرمییەكانەوە ئەم كارە دەكات.
دانپێدانانی دەستوریی عێراق بە هەرێمی كوردستانو كاردانەوەكانی دوای ریفراندۆمەكەی 2017، ترسی پەكینی لەبارەی ململانێ جوداخوازەكانی ناوخۆی عێراق كەمكردەوە.
هەردوو توێژەر سەردار عەزیزو محەمەد شەریف دەڵێن: چین زیاتر لەوەی جەخت بخاتەسەر دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتدا جەخت دەخاتەسەر پەیوەندی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان، حكومەتی پەكین بەشێوەیەكی تایبەتی دەیەوێت كادیری حزبە دیارەكانی وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان رابكێشێت".
ئەو دوو توێژەرە باسلەوە دەكەن" ساڵانە دوو وەفد بانگهێشتی چین دەكرێن، یەكێكیان پێكدێت لە ئەندامانی حزبو ئەوی تر بریتییە لە بەرپرسە حزبییەكان لەسەر ئاستی مامناوەند. لەڕاستیدا گومان لە بوونی چینو فراوانبوونی لە هەرێمی كوردستانو عێراقدا تادێت زیاتر دەبێت".
ئاماژەیان بەوەشكردووە" لەكاتێكدا پرۆژە زەبەلاحەكانی چین وەكو یەك عێراقو كوردستانیش بەلای خۆیاندا رادەكێشنو زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق رەوتی گەشەكردن لە دیموكراتی بەباشتر دەزانن، بەڵام پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان چینو ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان نیگەرانكەرە بۆ سەركردە لۆكاڵییەكان".
سەرباری بێدەنگیی كوردەكانو پەكین لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە چین نەكردوەتەوە، بەڵام پێدەچێت هەردوولا هاوڕا بن لەسەر هێشتنەوە بارودۆخەكە وەكو ئەوەی كە هەیە.
ناكرێت كوردەكان بەهۆی ئەم بابەتەوە دەستبەرداری وەبەرهێنانی چینیو سودەكانی بن، هەروەك چینیش سودمەندە لە فراوانكردنی بواری هەژموونی خۆی لە عێراقو ناوچەكەدا بەگشتیی، ئەمەش لەرێگای كەناڵی نافەرمییەوە.
وەزارەەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گروپی نێودەوڵەتی كۆمپانیای "پاوەر چاینا"ی چینیدا یاداشتی لێكتێگەیشتنی ئیمزاكردووە بۆ بنیادنانی چوار بەنداو لە هەرێم.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێم وتی: كۆمپانیا چینییەكە گرێبەستێكی باشتری بە هەرێم داوە كە خەرجییەكەی كەمترە.
لە ساڵی 2020دا چین گرێبەستێكی ئیمزا كرد بۆ گەشەپێدانی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بە بەهای (5 ملیار) دۆلار لە هەولێرو ناوی لێنا "هەپی سیتی" واتە "شاری دڵخۆشیی".
سەرچاوە: رۆژنامەی العرب