تەندروستی سلێمانی: ئەوەی پەرلەمانتاران دەیڵێن موغەزیەو ئێمە پێویستمان نیە
2022-06-02 14:30:23
(درەو):
هێنانی دەرمان لە بەغدادەوە، مشتومڕی لەنێوان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیو پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە پەرلەمانی عێراق درووستكردووە.
فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی تۆمەتبار دەكات بەوەی ئەو بڕە دەرمانە وەرناگرێت كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بۆ سلێمانی دابینكراوە، بەڕێوەبەرەكەش دەڵێ" ئەو دەرمانانەی ئەوان دەیڵێن (موغەزی)یەو ئێمە كۆگاكانمان پڕە لەو دەرمانەو پێویستمان نیە، دەمانەوێت ئەو دەرمانانەمان بۆ بنێرن كە پێویستمانە".
دوو قسەی جیاواز
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لەئێستادا (230) پالێت بەشە دەرمانی خەڵكی شاری سلێمانی لە كۆگاكانی دەرمانە لە بەغداد، دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ناچیت ئەو دەرمانانە وەربگرێت.
لەبەرامبەردا دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێ" ئەو دەرمانانەی ئێمە لە بەغداد وەرمان نەگرتووە، بریتییە لە یەكجۆر (موغەزی) كە پێی دەوترێت (گلكۆز سەلاین)، لەو جۆرە ئێمە زۆر لە بڕی پێویست زیاترمان هەیەو تەنانەت دەتوانین هاوكاری شوێنی تریش بكەین، دەمانەوێت لەبری ئەو (موغەزی)یانە، دەرمانی تر وەربگرین".
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەست (درەو) كەوتوون، (600) پالێت ئاوی موغەزی بۆ سلێمانی دابینكراوە، بڕی (400) پالێت وەرگیراوەو زیاتر لە (200) پالێت ماوە، لەو (400) پالێتەی وەرگیراوە بڕی (200) پالێتی هێشتا ماوەو لە كۆگاكاندایە، ئاوی موغەزی لە لایەن كۆمپانیای پایۆنێرەوە لە سلێمانی درووست دەكرێـت و دەبرێتە بەغداد و دواتر لە وەزارەتی تەندروستی لەبەغدادەوە دابەشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت و پارێزگای سلێمانیش لە بەغدادەوە وەری دەگرێتەوە.
بەڵگە نامە:
وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ باسلەوەدەكات، لیستی ئەو دەرمانانەی كە خستویانەتە بەردەستی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە دكتۆر ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی وەریانگرتووەو بەپێی پێداویستی ئەوان داوای لیستی دەرمانەكانیان كردووە.
بەڵگە.... لیستی ئەو دەرمانانەی كە فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی كردووە:
بەڵگە:
وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد: ئێمە لە 27/3/2022 داواكاریمان كردووە پێداویستیە پزیشكییەكان بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی دابینبكرێتو تەحەدای دكتۆر سەباح هەورامی دەكەم یەك نوسراومان پیشان بدات كە داوای بڕە دەرمانیان كردبێت.
(درەو) ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی تەندروستی سلێمانی كردو لە وەڵامدا ژمارەیەك بەڵگەنامەیان خستەڕوو كە تایبەتە بەو نوسراوانەی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیو بەرپرسە باڵاكانی عێراقیان كردووە بۆ دابینكردنی دەرمان:
بەڵگەنامەكان: