لێکەوتەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
2022-06-02 08:02:16
درەو:
راپۆرتی: پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بە پاڵپشتی (NED)
ڕاپۆرتی شیکاری "لێکەوتەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" پرۆژەیەکی هاوبەشی "پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن –KIE" و "سندوقی نیشتمانی لەپێناو دیموکراسی- NED"یە، کە (ئارام جەمال و ئۆمێد مەحمود) ئامادەیان کردووە، لە دووتوێی (111) چاپدەکرێت و درەو دەقی ڕاپۆرتەکە بڵاودەکاتەوە، ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە لە شەش بەش پێکهاتووە؛
بەشی یەکەم بە پشکنین و دەرخستنی خاڵە جیاوازەکانی نێوان یاسای هەڵبژاردنی نوێی (٢٠٢٠) و یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆی دەستپێدەکات.
لە بەشی دووەمدا پرسی "کاندیدی تاکەکەس" وەک کارەکتەرێکی خاوەن دەنگ و پێگە دەکاتە بابەتی بەراوردکاری نێوان ئەو دوو نەوەیە لە یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
راپۆرتەکە بەوەشەوە ناوەستێت و دەست بۆ پرسی "کۆتای ژنان" دەبات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو فاکتەرانە دەکات کە لەپشت زیادکردنی ژمارەی نوێنەرانی ژنەوەن لە پێنجەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
بەشی چوارەمی راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر پرسی کەمبوونەوەی ژمارەی کاندید لە دوا هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری (٢٠٢١)دا و بنکۆڵی لە رەگ و ریشەی ئەم پرسە تازەیە دەکات.
لە بەشی پێنجەمدا کەڵکەڵەی راپۆرتەکە ئەوەیە بەراودکارییەک بکات لە ریژەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی لەنێوان سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوەدا.
بەشی کۆتایی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ پرسی "عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی" و بە رۆچوون بە نێو هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا و بە پۆلێنکردنی جۆرەکانی قەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنیان ئاستی دەستەبەرکردن و بەدیهێنانی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە هەریەکەیاندا تاووتوێکراوە.
پوختەی ڕاپۆرت
دەستپێک
هەریەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی (١٠-١٠-٢٠٢١)دا، دوو رووداوی یەکترتەواوکەری گەورەن لە ژینگەی تەشریعی هەڵبژاردن و لە سوڕی ژیانی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، کە پێویستی بەوەیە شیکاری بۆ لێکەوتەکانی بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەم راپۆرتە هەوڵیداوە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بکاتە بنەما و ئاوێنەیەک بۆ ئەوەی هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی پێشوتر بخانە دۆخی بەراوردکارییەوە لەگەڵیدا و گرنگترین ئەو جیاوازیانە بخاتەڕوو کە لەنێوان دەقی یاسا نوێکەی هەڵبژاردن و دەقی هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆیدا هەیە.
دیارە لەو جیاوازیانەی یاسای نوێی هەڵبژاردن هێانویەتیە ناوەوە و ئەم راپۆرتە کەشفیکردون، زۆرو کەم، کاریگەری خۆیان بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری (٢٠٢١)ەوە بەجێهێشتووە و لەسەر ئەرزی واقیع چەند دەرهاویشتە و لێکەوتەیەکیان بە داتا و ژمارە خستۆتەوە، کە جێکەی لەسەر وەستان و شیکارکردنە.
بەشی یەکەم: بەەراوردی نێوان یاسای هەڵبژاردنی نوێی عیراق و یاساکانی پێشخۆی
لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە، هەر هەڵبژاردنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی تایبەت بە خۆی هەبووە، جا یان ئەوەتا یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دەرچووەو یاسای هەڵبژاردنەکەی پێشخۆی هەڵوەشاندۆتەوە، یان ئەو یاسایەی بەرکار بووە هەموارکراوەتەوە و بەپێی خواست و بەرژەوەندی فراکسیۆنی زۆرینە، هەندێک گۆڕانکاری تێدا ئەنجامدراوە.
کۆی ئەو یاسایانەی هەڵبژاردن، کە لە دوای ساڵی (2003)وە بە ئامانجی ڕێکخستنی خولەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچوون، لە خشتەی ژمارە (١-١)دا خراوەتەڕوو؛
خشتەی ژمارە (١-١)
لەم بەشەدا تیشک خراوەتە سەر
ناساندنی یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:
بەو پێیەی کە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠٢٠) بە کۆمەڵێک جیاوازی خۆی لە هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆی جیادەکاتەوە، لەم بەشەدا هەوڵدراوە بەراوردی نێوانیان بخرێتەڕوو:
یەکەم: تۆماری دەنگدەران
خشتەی ژمارە (١-٢)
دووەم: مەرجەکانی دەنگدەر
سێیەم: مەرجەکانی خۆپاڵاوتن
خشتەی ژمارە (١-٣)
چوارەم: مەرجی خۆپاڵاوتنی کاندیدی تاکەکەسی
پێنجەم: مەرجی بڕوانامە بۆ خۆپاڵاوتن
خشتەی ژمارە (١-٤)
شەشەم: بازنەکانی هەڵبژاردن
حەوتەم: سیستمی هەڵبژاردن
هەشتەم: لایەنی بڕیاردەری وادەی هەڵبژاردن
نۆیەم: دانانی بارمتەی دارایی
دەیەم: پڕکردنەوەی کورسی چۆڵبوو
یازدەیەم: دەسەڵاتی دیاریکەری شوێنی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن
دوازدەیەم: جیاوازی (٥%)ی وێستگەیەکی هەڵبژاردن
سیازدەهەم: کۆمپانیای جیهانی بۆ چاودێریکردنی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان
دەرەنجامەکانی بەشی یەکەم
• بناغەی هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فەرمانی کاتی هاوپەیمانان ژمارە (٩٦)ی ساڵی (٢٠٠٤)ەوە سەرچاوەیگرتووە و کاریگەری ئەو یاسایەیان زۆر پێوە ماوەتەوە.
• یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەقامگیریی تەشریعیان تێدا نییە و بە ئەندازەی ژمارەی هەڵبژاردنە ئەنجامدراوەکان یاسای هەڵبژاردنیش هەموارکراوەتەوە و دەرچووە.
• یاساکانی هەڵبژاردن لە قۆناغی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا جار لەدوای جار بەرەو پەراوێزخستن و خنکاندنی دوو بکەر رۆیشتوون: حزبە بچووکەکان و کاندیدی تاکەکەسی.
• یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ لە زۆر رووەوە دابڕانێکی گەورەی لە نێوان خۆی و یاساکانی هەڵبژاردنی پێشخۆیدا کردووە.
• یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هەڵبژاردنی تا ئاستێک گۆڕی و کۆمەڵێک چەمک و زاراوەی نوێی هێنایە ئاراوە.
بەشی دووەم: پێگەی "کاندیدی تاکەکەسی" لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
ئەو یاسایانەی لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان رێکخستووە تا رادەیەک هەموویان بە شێوەیەکی لاواز مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کاندیدی تاکەکەسیدا کردووە، تەنها یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢١ نەبێت کە پێگەی کاندیدی تاکەکەسی بردە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە.
- پێگەی کاندیدی تاکەکەسیلە یەکەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
- پێگەی کاندیدی تاکەکەسیلە دووەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
- پێگەی کاندیدی تاکەکەسی لە سێیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
- پێگەی کاندیدی تاکەکەسی لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
- پێگەی کاندیدی تاکەکەسی لە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (هەڵبژاردنی پێشوەختە)
دەرەنجامەکانی بەشی دووەم
پەیوەست بە پێگەی کاندیدی تاکەکەسی لەناو یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئەم بەشەی راپۆرتەکە بەم دەرەنجامانە گەیشتووە:
• هەموو یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (جگە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠) دەرفەتێکی بچوکیان لەبەردەم ئەو کەسانەدا رەخساندووە کە دەیانەوێت وەک کاندیدی تاکەکەسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و تەنانەت بە قەوارەی سیاسی و لیستی تاکەکەسی ناوبراون.
• لە لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا، کۆکردنەوەو گواستنەوەی دەنگەکان وادەکات کە (دابەشکاری هەڵبژاردن) بە جۆرێک بەرز بێت، کە دەرفەتی بردنەوەی کورسی لەلایەن کاندیدی لیستی تاکەکەسییەوە زۆر بەرتەسک ببێتەوە، چونکە ئەوە تەنها کاندیدی لیستی تاکەکەسییە کە دەبێت بە دەنگی خۆی دەربچێت و دەنگی هیچ کاندیدێکی دیکەی بۆ ناگوێزرێتەوە، بەڵام زۆربەی کاندیدە براوەکانی سەر بە لیست، بە دەنگی گوێزراوەی کاندیدەکانی هاولیستەکەیان دەردەچن.
• سروشتی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی، جا لیستەکە نیمچەکراوە بێت یان داخراو، لەگەڵ سروشتی کاندیدی تاکەکەسیدا ناگونجێت و بە زۆر خزێنراوەتە ناویەوە و تەنێکی نامۆیە بەو سیستمە، وەکچۆن سیستمەکانی هەڵبژاردنی زۆرینەش نامۆن بە لیست و بە زۆر بۆیان داتاشیوە، وەک سیستمی هەڵبژاردنی دەنگی کۆمەڵبەندی پارتی (PBV) .
• هەتا یاسای هەڵبژاردن رێگە بە ژمارەی زیاتری کاندیدانی لیست بدات، دەرفەتی دەرچوونی کاندیدی تاکەکەسی کەمتر و بەرتەسکتر دەبێتەوە.
بەشی سێیەم: پێگەی ژن لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
ئەو چەقبەستووییەی لە بیرکردنەوەماندا بەرامبەر کۆتای ژنان هەبوو، تا چەند یاسای نوێی هەڵبژاردنى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شڵەقاندی و ئۆفەری تازەی هێنایەپێش، لە کاتێکدا لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی هەر بە دەوری ئەو رێژەیەدا دەسوڕایەوە کە یاسای هەڵبژاردن بۆی دیاریکردبوو..
کۆتای ژنان لە تەشریعاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
خشتەی ژمارە (٣-١)
سیستمەکانی هەڵبژاردن و کۆتای ژنان
کۆتای (٢٥%)ی ژنان بە ئەنجامی جیاوازەوە
خشتەی ژمارە (٣-٢)
دەرەنجامەکانی بەشی سێیەم
• یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، دەرفەتی لەبەردەم ژناندا رەخساند کە بە رێژەی (٢٥٪) سوود لە کۆتای ژنان وەربگرن، ئەگەرچی ئەو رێژەیە لە خوار ئەو بڕیارەی کۆنگرەی پەکینەوەیە، کە داوای رێژەی سەروو (٣٠٪) دەکات.
• سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی ژمارەی ئەو ژنانە لەو رێژەیەدا گەمارۆ دەدات کە بە یاسا رێژەی سەدی کۆتای ژنانی دیاریکردووە، واتە ئەو رێژەیەی لە یاسای هەڵبژاردندا بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە، ئەم سیستمی هەڵبژاردنە هاوکار و یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی ژمارەی کاندیدانی ژن لە دەرەوەی کۆتاکەوە دەربچێت.
• گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا بۆ سیستمی هەڵبژاردنی یەک دەنگی نەگوێزراوە، رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر تێپەڕاندنی ژمارەی ئەو ژنانەی کە رێژەی سەدیی کۆتای ژنان سنورداریکردووە، بە بەڵگەی ئەوەی (١٢) کاندیدی ژن لە سەروو ئەو رێژەیەوە بە دەنگی خۆیان دەرچوون.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ دەرکەوتنی سەرکردەی ژن لە کایەی سیاسیدا، بە هۆکاری ئەوەی دەنگی کاندید ناگوێزرێتەوە و ژنان بە دەنگی خۆیان دەردەچن، لەکاتێکدا ئەو دەرفەتە لە سیسمی هەڵبژاردنی لیستدا ناڕەخسێنێت.
بەشی چوارەم: یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق و کەمبوونەوەی ژمارەی کاندید
سروشتی کارکردنی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی پاڵ بە حزبەوە دەنێت ژمارەی کاندیدەکانی ناو لیستەکەی زۆر بکات بۆئەوەی لەوسەرەوە کۆی دەنگەکانی ناو لیستەکەی کۆبکاتەوە و کورسی بباتەوە، بەڵام لە سیستمی هەڵبژاردنی یەک دەنگی نەگوێزراوەدا بە پێچەاونەوە هەتا حزبێک ژمارەی کاندیدەکانی کەمتر بکاتەوە ئەگەری بردنەوەی کورسی بازنەکەی زیاتر دەبێت..
یەکەم: شێوازی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی:
خشتەی ژمارە (٤-١)
دووەم: زیادبوونی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان
سێیەم: کەمبوونەوەی ژمارەی کورسی بازنەکان
خشتەی ژمارە (٤-٢)
دەرەنجامەکانی بەشی چوارەم
• کەمی ژمارەی کاندید لێکەوتەیەکی سیستمی هەڵبژاردنی یەک دەنگی نەگوێزراوەیە، چونکە دەنگی کاندید ناگوێزرێتەوە هەتا حزب ژمارەیان زیاد بکات.
• زۆریی ژمارەی کاندید سیفەتێکی دانەبڕاوە لە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی، جونکە لەم سیستمەدا دەنگی کاندید دەگوێزرێتەوە و قەبارەی بازنەی هەڵبژاردنیش گەورەیە.
• یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەروبەندی پیادەکردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا هاوکار بوون لە زیادکردنی ژمارەی کاندیددا، بە بەڵگەی ئەوەی رێگەیان داوە بە لیستەکان کە دوو ئەوەندەی ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبێت.
• زۆریی ژمارەی کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا، لەوسەرەوە ئەگەری لاوازبوونی نوێنەران لەناو پەرلەماندا زیاتر دەکات، کە دیارە هۆکاری ئەو زۆرییەش بۆ سروشتی کارکردنی سیستمی هەڵبژاردنەکە دەگەڕێتەوە.
بەشی پێنجەم: گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی لەنێوان کاندیدی دەنگ گوێزراوە و نەگوێزراوەدا
کاریگەری و پەیوەندی نێوان (گواستنەوەی دەنگ) و (گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی) لەسەر یەکتر چییەو چۆنە؟، ئایا لە نێوان دوو سیستمی هەڵبژاردندا، کە یەکێکیان دەنگی تێدا دەگوێزریتەوە و ئەوتریان دەنگی تێدا ناگوێزریتەوە، لە کامیاندا رێژەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی زیاترە و هۆکارەکانی چین؟؟..
- شێوازەکانی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی لە سیستمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا
- هۆکارەکانی پشت نەگۆڕینی دەنگ بۆ کورسی لە لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا
خشتەی ژمارە (٥-١)
- دەنگی گۆڕدراو و نەگۆڕدراو بۆ کورسی لە نێوان دوو خول و دوو سیستمی هەڵبژاردندا
رێژەی دەنگی گۆڕدراو و نەگۆڕدراوی حزبەکان بۆ کورسی
لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا
ئەنجامەکانی دەنگی گۆڕدراو و نەگۆڕدراو بۆ کورسی نوێنەرایەتی، لە رێگەی ئەم خشتانەی خوارەوە رونکراونەتەوە :
خشتەی ژمارە (٥-٣)
بەشی شەشەم: عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە کوێی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و/یان سیستمی یەکدەنگی نەگوێزراوەدایە؟ چونکە دواجار ئەوە سیستمی هەڵبژاردنە کە رۆڵی دیاریکەر دەگێڕێت لە دابەشکردنی نوێنەرەکان بەسەر جوگرافیا/کانی هەڵبژاردندا..
یەکەم: عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی چییە؟
عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی پرسێکی رێژەییە و لە هەڵبژاردنە گشتییەکانەوە دێتەدەر و بەدیهاتن و دەستەبەرکردنی ئەو رێژەیە لە عەدالەت لەنێوان سەد و سفردایە و بە پێوەرەکانی {زۆرزۆر- زۆر- مامناوەند- کەم و زۆر کەم} دەپێورێت.
عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە یاسای هەڵبژاردندا لەوێوە دێت کە ژمارەیەک کورسی/نوێنەر لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان بۆ یەکە کارگێڕییەکان تەرخان بکرێت، جا دەکرێت ئەو ژمارەیە یەک کورسی بێت یان زیاتر.
عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی ئەوەیە کە یاسادانەران لە یاسای هەڵبژاردندا وەک بازنەی هەڵبژاردن ناو لە یەکە کارگێڕییەکان بنێن و کورسییان بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی لەوسەرەوە دەنگی دەنگدەرانی ناو سنوری یەکە کارگێڕییەکان بگۆڕێت بۆ کورسی براوەی كاندیدی دڵخوازی ناو سنوری یەکە کارگێڕییەکەی خۆیان، ئەگەر نا، ئەوا کاندید/انی دەرەوەی یەکە کارگێڕییەکەی خۆیان کورسییەکان دەبەنەوە و بەمەش لە بری عەدالەت، ناعەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی سەروەر دەبێت.
.
دووەم: سیستمەکانی هەڵبژاردن و عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی
روونکردنەوەی پەیوەندی نێوان سیستمەکانی هەڵبژاردن و عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی، پێویستی بەوەیە دەستبخرێتە سەر جۆری پەیوەندی راستەوانەو پێچەوانەی نێوان هەریەک لەم سێ چەمکەی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکتردا، کە ئەوانیش بریتین لە:
• قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن
• عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی
• ژمارەی بازنەی هەڵبژاردن
خشتەی ژمارە (٦-١)
لە نێو سیستمەکانی هەڵبژاردندا بەدیهاتنی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی چونیەک نییە بەڵکو بە ئاستی جیاواز بەدیدێت و تەنها لەو سیستمانەدا لە لوتکەی بەدیهاتنی خۆی نزیکدەبێتەوە کە بازنەکانی هەڵبژاردنیان تاک کورسین، وەک سیستمەکانی هەڵبژاردنی زۆرینەی {براوەی یەکەم، دوو خولی، ئەڵتەرناتیڤ}، بەڵام لە بازنەی هەڵبژاردنی فرە کورسیدا ئاستی بەدیهاتنی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی چونیەک نییەو کەوتۆتە سەر ژمارەی کورسییەکانی بازنە/کانی هەڵبژاردنەکە (واتە قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن)، واتە هەتا ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکە زۆرتر بێت بەو ئەندازەیە لە بەدیهاتنی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی دوردەکەوینەوە و پێچەوانەکەشی راستە و بە بچوکبوونەوەی قەبارەی بازنەکە لە بەدیهاتنی نزیک دەبینەوە.
لە خشتەی ژمارە (٦-٢)ی خوارەوەدا، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی نزیکەیی پەیوەندی نێوان ئاستی بەدیهاتنی رێژەی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی بە ژمارەی کورسی/یەکانی بازنەی هەڵبژاردنەوە بخرێتەڕوو، دیارە ئەو بەدیهاتنەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی بازنەی هەڵبژاردنەکەو ژمارەی ئەو یەکە کارگێریانەی دەکەونە نێو هەر بازنەیەکی هەڵبژاردنەکەوە، گؤڕانی رێژەییان بەسەردا دێت.
خشتەی ژمارە (٦-٢)
عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی و قەبارەی بازنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
ئەم راپۆرتە هەوڵدەدات لەبەر رۆشنایی جۆری قەبارەی بازنەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، راڤەو شیکاری بۆ رێژەی بەدیهاتنی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی لە هەریەکەیاندا بکات.
بەر لەو شرۆڤەیە، هەوڵدەدەین لە رێگەی خشتەی ژمارە (٦-٣)وە زانیاری لەبارەی هەریەک لە یاساکانی هەڵبژاردن و سیستمەکانی هەڵبژاردن و کۆی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و جۆری ئەو لیستە دەخەینەڕوو، کە لە شەش هەڵبژاردنی رابوردودا هەبوون.
خشتەی ژمارە (٦-٣)
دەرەنجامەکان
• هەر سیستمێکی هەڵبژاردن بڕێک لە ناعەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی تێدایە، بەڵام لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی لە هەموو سیستمی هەڵبژاردنەکانی دیکە
زیاتر هەڵگری گەرای ناعەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافییە، بە تایبەتی ئەگەر یەک بازنەیی بێت..
• هەتا قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن بچوکبکرێتەوە بەو ئەندازەیە لە بەدیهاتنی عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی نزیکتدەبینەوە، هەربۆیە سیستمەکانی هەڵبژاردنی زۆرینە/ فرەیی، کە قەبارەی بازنەکانیان بچوکە، دەتوانن رێژەیەکی زۆر لە عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی دەستەبەربکەن..
• یەکێک لە دەسکەوتەکانی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ دەربازبوونی دەنگدەرانی یەکە کارگێڕییەکان لە قەیرانی بێ نوێنەرایەتی ناوچەکانیان، دەقنوسکردنی سیستمی زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوەیە..
• یەک بازنەیی، لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتیکی فرە نەتەوەو فرە ئایین و مەزهەبی وەک عێراقدا، کارگەی بەرهەمهێنانی ناعەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافییە و تەنانەت بەوەشەوە ناوەستێت و لەگەڵخۆیدا "عەدالەتی نوێنەرایەتی حزبی" و "عەدالەتی نوێنەرایەتی تایەفی"یش تۆخدەکاتەوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە بە فایلی پی دی ئێف
راپۆرتەکە- دیزایبکراوی کۆتایی بۆ چاپکردن 2022 (2).pdf