Draw Media

پارتی بە (فرەبازنەیی) قایل بووە

پارتی بە (فرەبازنەیی) قایل بووە

2022-06-01 19:53:36


(درەو):
پارتی قایل بووە بەوەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، بەمەرجێک دەستکاری (١١) کورسی کۆتای (پێکھاتەکان) نەکرێت.

کۆتاکان وەکو مەرجی ھەڵبژاردن
سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، پارتی لەبارەی ھەڵبژاردنەوە لەسەر چوار بابەت قایل بووە کە ئەمانەن:
یەکەم: ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، لەمەشدا قایل بووە بەوەی ھەڵبژاردن بە شێوازی (فرە بازنەیی) بەڕێوەبچێت.
دووەم: بەرێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی بڕیار لەسەر چارەنوسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بدرێت و ھەرچۆنێک بێت پارتی کێشەی نابێت.
سێیەم: تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە.
چوارەم: بەڵام دەستکاریی ١١ کورسی کۆتاکان نەکرێت، واتە کورسی کۆتاکان دابەش نەکرێت بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردنداو ھەر لە سنوری پارتیدا بێت و ژمارەی کورسییەکانیش کەم نەکرێتەوە.

پارتی و فرەبازنەیی
پارتی قایل بووە بەوەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت.
شێوازی (فرەبازنەیی) ھەڵبژاردن واتە ھەرێمی کوردستان دابەشبکرێت بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا، ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت، ئەمە شێوازێکە کە لەدواین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا تاقیکرایەوەو دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمە لەبارەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە.
یەکێتی و کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری گۆڕان و سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە) پشتیوانی ئەم شێوازەی ھەڵبژاردن (فرە بازنە) دەکەن، ئەمانە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ھەم دەنگیی پارتی پەرت بکەن ھەم کورسی کۆتای پێکھاتەکان بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردندا دابەش بکەم و لەم رێگەیەشەوە سنورێک بۆ ھەژموونی پارتی بەسەر کورسی کۆتاکاندا کەم بکەنەوەو وەکو خۆیان دەڵێن لە کۆتایشدا وا بکەن پارتی چیتر (زۆرینەی رەھا) نەبێت لەناو پەرلەمان و بەبێ لایەنەکانی تر نەتوانێت ھیچ بڕیارو یاسایەک تێپەڕێنێت.
پاشەکشێی پارتی لە شێوازی (یەک بازنەیی) ھەڵبژاردن لەکاتێکدایە چەند حزبێکی سیاسی تر لەوانە (شیوعی، سۆسیال دیموکرات، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی ئیسلامی) داوای ئەم شێوازەی ھەڵبژاردن دەکەن و پێیانوایە شێوازی (فرە بازنەیی) دەبێتە ھۆی فەوتانی دەنگی ئەوان لە بازنەکانی ھەڵبژاردن و چانسی سەرخستنی تاکە کاندیدێکیشان بۆ پەرلەمان لاواز دەبێت، بەڵام پارتی (١١) کورسی کۆتاکان ناگۆڕێتەوە بە یەک بۆ دوو کورسی ئەو لایەنانە لە پەرلەماندا، بۆیە لە کۆتایدا لە پرسی شێوازی ھەڵبژاردن پشتی لەو لایەنانە کردووە.

چارەنوسی ھەڵبژاردن 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆژی ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.
ئێستا تەنیا چوار مانگ دەرفەت ماوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو وادەیەی کە سەرۆکت ھەرێم بۆ ھەڵبژاردن دیاریکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن پێویستی بە (٦) مانگ مۆڵەت ھەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن بکات، واتە بە ھەموو ئەگەرێک ھەڵبژاردن لەوادەی خۆی دوادەکەوێت و پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن ھەڵبژاردن بکەوێتە بەھاری داھاتوو.
بەمدواییە جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ پرسی ھەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکانی لە ھەولێر کۆکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی ئەوە ناکات ھەڵبژاردن لە کوردستان زۆر لەوادەی خۆی دوابکەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand