جەلال تاڵەبانی: یەكێتی لە 22 ی ماییس دامەزرا نەك 1 ی حوزەیران
2022-06-01 19:16:25
درەو:
شۆڕشنامە..
جەلال تاڵەبانی لە كتێبی دیداری تەمەندا بەم شێوەیە باسی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات:
من سورییەكانم قانع كردبوو، ئامادەبوون یارمەتیمان بدەن، لیبیەكانم دیت و ئەوانیش گوتیان ئامادەی هاوكارین هەروەها قسەم لەگەڵ سۆڤیەتیەكان كرد و بە دزیەوە دەعوەتیانكردم بۆ مۆسكۆ، لە مانگی نیساندا دەستمانكرد بە خۆ ئامادەكردن و چالاكی، كۆمەڵێك برادەر لە شام كۆبونەوە لەوانە عەبدولڕەزاق فەیلی، عادل موراد، دكتۆر فوئاد مەعسوم، بڕیارماندا ئەم چوارەو نەوشیروان مستەفا و كەمال فوئاد و عومەر شێخ موسیش لە ئەوروپاوە بێن و ببین بەیەك كۆمیتە، من دوو گەنجی دیكەشم لەبیر بوو ئەوانیش بخەینە لیژنەكەوە، بریتی بوون لە ئازاد خۆشناو، ناویشم تەرشیح كرد بەڵام برادەران رازی نەبوون، ئەوەی تریان عەزیزی شێخ رەزا بوو، كە نەخۆی كردی و نە برادەرانیش رازی بوو، بۆیە لیژنەكە لە نێوان ئەو حەوت برادەرەدا مایەوە، لەشام دانیشتین و مسوەدەی بەیانی یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانمان ئامادەكرد، ئەو برادەرەانە نوسینەكەیان بە من سپارد، لە رۆژی 22ی ماییسی 1975 لە چایخانەی (توڵەی توڵە) لێی كۆبوینەوەو بڕیارماندا لەسەر بڵاوكردنەوەی.
ئەگەر راستان دەوێت رۆژی دامەزراندنی راستەقینەی یەكێتی 22ی ماییسی 1975 ە نەك 1ی حوزەیران، چونكە یەكەم بەیانی دامەزراندن لەوێ نوسراو بڵاوكرایەوە..
نەوشیروان مستەفا لە نەمسا خۆشحاڵی خۆی بۆ دامەزراندنی یەكێتی دەربڕی و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە كاری تێدا بكات، حەتا وتی ئەگەر پێویست دەكات من دەگەڕێمەوەو خوێندن بەجێدەهێڵم دێمە شام، عومەر شێخ موس و كەمال فوئادیش بەهەمان شێ,ە ئامادەیی خۆیان دەربڕی، واتا بەو شێوەیە دەستەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانمان درووستكرد.
سەرچاوە: مام جەلال، دیداری تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ كۆشكی كۆماری، بەشی دووەم، لاپەڕەكانی (30، 31، 32).