Draw Media

مەسعود بارزانی: یەكێتی بە هاوكاری‌و یارمەتیی حزبی بەعس دامەزرا

مەسعود بارزانی: یەكێتی بە هاوكاری‌و یارمەتیی حزبی بەعس دامەزرا

2022-06-01 18:58:48


درەو:
شۆڕشنامە..

مەسعود بارزانی  لە بەرگی چوارەمی كتێبی بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەم شێوەیە باسی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات:
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە سووریاو بە هاوكاری‌و یارمەتیی حزبی بەعس‌و تەنانەت بە چاودێریی راستەوخۆی (عەلی دۆبا)، بەڕێوەبەری موخابەراتی سەربازیی سووریا، دامەزرا. مام جەلال تاڵەبانی، سەردانی سووریای كردو پەیوەندیی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێك خست‌و بە یارمەتی‌و هاوكاری ئەوان لە حوزەیرانی (1975)دا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دامەزراند.
دامەزرێنەرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بریتی بوون لە: جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، فواد مەعسووم، عادل موراد، كەمال فواد، عەبدولرەزاق فەیلی، عومەر شێخمووس.
ساڵی (1975) عادل موراد رەوانەی بەیرووت كرا بەمەبەستی دەستبەكاربوون وەك نوێنەری پارتی لە لوبنان، بەڵام كاتێك گەیشتە لوبنان پەیوەندیی بە جەلال تاڵەبانییەوە كرد، عەبدولڕەزاقیش لەژێر كاریگەریی عادل موراددا رۆیشت.
هەر لە یەكەم رۆژەوە كە حكوومەتی سوریا لەڕووی چەك‌و پارەوە یارمەتیی یەكێتیی دا‌و هاوكاریی كردن‌و بارەگایەكیان لە قامیشلوو بۆ كرایەوەو لەڕووی هاتوچۆوە ئاسانكارییان بۆ كرا، یەكێتیی دەستی بە هەڕەشەو گوڕەشە كردو هەوڵیان دا دژی پارتی چالاكی بكەن.
سەرەتا وایان دەرخست كە بەنیازن دۆستی پارتی بن، بەڵام دواتر وا دەرنەچوو. سووریا چ وەك حكوومەت‌و چ وەك حزبی دەسەڵاتدار لەڕووی چەك‌و پارەوە یارمەتییەكی بێوێنەی یەكێتیی دا، زۆر بەداخەوە یەكێتیی بەرانبەر كوردەكانی سووریا رۆڵێكی خراپ‌و نێگەتیڤی بینی، ژمارەیەكی بەرچاو لە تێكۆشەرانی كوردی سووریایان بەگرتن دا، كاتێ‌ ئامادەنەبوون بۆ پشتگیریی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دژایەتیی پارتی بكەن. یەكێك لەو تێكۆشەرانە (حەمید سینۆ) سكرتێری پارتی بوو. دەنگەكەی بە تۆماركراوی رادەستی (عەلی دۆبا) بەڕێوەبەری موخابەراتی سەربازیی سووریا، كرا. دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر ئازاد كرا، بەڵام بەداخەوە لەبەر قورسایی‌و كاریگەریی ئەشكەنجەكە زۆری نەخایاندو وەفاتی كرد.
هەر لەو ماوەیەدا چەندین هەڤاڵ‌و كادیری پێشكەوتووی پارتی بەهۆی یەكێتییەوە لەلایەن موخابەراتی سووریاوە دەستگیركران، لەوانە كادیری پێشكەوتووی پارتی كاك عەبدولرەحمان ساڵح كە بۆ ماوەی چواردە رۆژ لە بەندیخانەی موخابەراتی سووریادا مایەوە، هەڤاڵان عەبدوڵا ساڵح‌و شەهید مەحمود ئێزدی‌و عادل مزووریش بۆ ماوەی (12) رۆژ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سووریاوە دەستبەسەر كران.

سەرچاوە: مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی یەكەم، لاپەڕەكانی (227، 228، 230).


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand