Draw Media

بنبه‌ستی سیاسی له‌ وه‌رزی گه‌رمادا

بنبه‌ستی سیاسی له‌ وه‌رزی گه‌رمادا

2022-06-01 13:53:13


راپۆرت: درەو
حوزەیران‌و وەرزی گەرما‌و بێ كارەبایی لە عێراق دەستی پێكرد، لایەنەكان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن ناڕەزایەتی شەقام بە یەكتردا بتەقێننەوە، مۆڵەتەكەی سەدر بۆ لایەنەكان لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە، سەدر دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە‌و ئەمجارەیان قسەی جیاوازتری دەبێت، لەئێستاوە بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەستی پێكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

شكستی دەستپێشخەرییەكان 
دوای نزیكەی (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هێشتا كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق پێكنەهاتووە، سێ دەستپێشخەریی موقتەدار سەدرو دەستپێشخەرییەكی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و دەستپێشخەرییەكی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەموویان شكستیان هێنا.
ئێستا بنەستی سیاسی عێراق لەبەردەم دوو ئەگەردایە، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمان‌و سازادانی هەڵبژاردنێكی نوێ یاخود ئەگەری گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت‌و دۆزینەوەی دەرەچەیەك بۆ دەربازبوون لە بنەستی سیاسیی. 

تەواوبوونی مۆڵەتی سێیەمی سەدر 
لەدوای پەكخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار، موقتەدا سەدر سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سێ دەستپێشخەریی بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسیی خستوەتەڕوو، لە هەرسێ دەستپێشخەرییەكەدا جەخت لەسەر قسەكەی خۆی "حكومەتی زۆرینە" دەكاتەوە. 
لە دەستپێشخەریی یەكەمدا سەدر بەر لە مانگی رەمەزان ماوەی 40 رۆژ مۆڵەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، بەبێ بەشداری سەدرییەكان لەو حكومەتەدا، ئەم هەوڵە شكستی هێنا، هاوپەیمانەكانی سەدر (بارزانی‌و حەلبوسی) هەر لەگەڵ سەدر مانەوە. 
دەستپێشخەریی دووەمی سەدر بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بوو، داوای لێكردن (40) پەرلەمانتار كۆبكەنەوە‌و بچنە پاڵ هاوپەیمانی (رزگاریی نیشتمان) كە هاوپەیمانێتی سێقۆڵًی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، ئەمەش شكستی هێنا، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رەتیانكردەوە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە. 
دەستپێشخەریی سێیەم كە رۆژی 15ی مانگی رابردوو رایگەیاند، تێیدا سەدر بۆ ماوەی (30) رۆژ خۆی خستوەتە خانەی (ئۆپۆزسیۆن)‌و ئەمجارە تەنانەت دەرفەتی بە هاوپەیمانەكانی خۆشی (بارزانی‌و حەلبوسی)داوە لەگەڵ لایەنەكانی تردا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، وەكو خۆی دەڵێ دوای تەوابوونی ئەم مۆڵەتە، سەدر دەگەڕێتەوە‌و بڕیاری خۆی دەبێت، بڕیارێك كە دیار نییە پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەبات.   

كورد لە گەمەی سیاسی عێراقدا 
شیعەكان نەیانتوانی گرێی كێشەكانی خۆیان بكەنەوە، ئومێدێكیان بەوە هەبوو پارتی‌و یەكێتی لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون‌و بەمەش لایەكی شیعە بەسەر لاكەی تردا سەربخەن‌و نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكات. 
بەمدواییانە دەنگۆی ئەوە هەبوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لە هەولێرەوە گرێی بنبەستی سیاسی عێراق بكاتەوە، لەناو پارتییەوە هەواڵێك  دزەی كردە ناو میدیاكان گوایە بارزانی چوەتە تاران‌و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵێت، هەواڵی سەردانەكەی بۆ تاران هێشتا نە لەلایەن پارتی‌و نە لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) دوێنێ دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران (حەسەن دانایی فەڕ)‌و (عەبدولڕەزا مسگریان) سەردانی هەولێریان كردووە‌و هەندێك بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەكانی پارتی‌و ئێراندا رویداوە.
سەرباری ئەو نزیكبوونەوەیەی بەمدواییە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەلایەك‌و پارتی‌و ئێران لەلایەكی تر دروستبووە، بەڵام پرسی سەرۆك كۆمار وەكو بابەتێكی جێناكۆك لەنێوان پارتی‌و یەكێتی ماوەتەوە‌و هێشتا پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار نەبووە بۆ یەكێتی. ئێرانییەكان چاویان لەوەیە لەڕێگەی كوردەوە سنور بۆ سەرچڵییەكانی موقتەدا سەدر دابنێن‌و بیگەڕێننەوە بۆناو چوارچێوە شیعییەكەی عێراق، چوارچێوەیەك كە ریعایەتی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات لە عێراقدا. 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بەیاساییەكی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، لایەنە سیاسییەكانی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەدا، بەرەی سەدرو بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم). كورد‌و سوننە دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعەدا، دوو لایەنە سەرەكییەكەی كورد (پارتی‌و یەكێتی) هەریەكەیان لە بەرەیەكن، پارتی لەگەڵ سەدرو یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، سوننەش بە هەمان شێوە، حەلبوسی لەگەڵ سەدرو هاوپەیمانی (عەزم) لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی دایە.
تەنانەت بەشێك لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆش كە یەكەمجارە لە مێژووی دوای رووخانی رژێمی سەددامەوە دەچنە ناو پەرلەمانەوە، دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعەدا. 

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازانی هەڵبژاردن 
عێراق ئەمڕۆ پێی نایە مانگی حوزەیرانەوە، سەرەتای دەستپێكردنی شەپۆلی گەرمایە، هاوشێوەی ساڵانی پێشتر پێشبینی ئەوە دەكرێت كەمی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا ببێتەهۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیی لە شارەكانی عێراق. 
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبووی عێراق رۆژی دوو شەممە لە كۆبونەوەیەكی ئەمنیدا داوایكرد رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پارێزگاریكردن لە تاوەرەكانی كارەبا لە هەرجۆرە هێرشێكی بەمەبەست. وەرزی گەرما دەرفەتێكی باشە بۆ لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر بە حكومەت‌و تەنانەت یەكتریشدا بتەقێننەوە.
كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، مانگی حوزەیران (واتە ئەم مانگە) بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق یەكلاكەرەوە دەبێت. ئێستا كە عێراق كەوتوەتە ناو مانگی حوزەیرانەوە، تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمانی نوێ شكستی هێناوە لەوادەی دیاریكراوی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌و حكومەتی نوێ دەستبەكار ببێت. 
ئەوانەی سكاڵایان تۆماركردووە لەو كەسانەی كە نزیكن لە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەمەش پەرەسەندنێكی نوێیە لە هەڵوێستی چوارچێوەدا، چونكە لایەنەكانی ئەم بەرەیە سەرباری ئەوەی لە دواین هەڵبژاردندا گورزی گەورەیان بەركەوت، بەڵام دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بوون. ئەوانەی شارەزایی دەستورن دەڵێن، تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كارێكی بێهودەیە، چونكە لەلایەك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە، لەلایەكی تریش ئەگەر بەپێی رێوشوێنی دەستوریی سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی نادات‌و لایەنەكان نایانەوێت پەرلەمان هەڵوەشێتەوە چونكە زۆرینەیان جارێكی تر ئەو كورسیانە بەدەست ناهێننەوە كە ئێستا لە پەرلەمان هەیانە. 
ئێستا لایەنە ناكۆكەكانی شیعە مەترسییان هەیە لەم وەرزی گەرمادا جارێكی تر هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 ناڕەزایەتی فراوانی شەقامیان پێدا بتەقێتەوە، بۆیە هەریەكەیان گرەو لەسەر ملكەچكردنی ئەوەی تر دەكات، چوارچێوەی هەماهەنگیی گرەو لەسەر دەستبەرداربوونی سەدر لە بیرۆكەی "حكومەتی زۆرینە"  دەكات، سەدریش گرەو لەسەر پاشەكشێی چوارچێوە لە بیرۆكەی پێكهێنانی "حكومەتی تەوافوقی" دەكات. 
لەم نێوەندەدا حكومەتی مستەفا كازمی كەوتوەتە بەردەم ئەگەری هەڕەشەی شەقام، حكومەتی كازمی كە خۆی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019وە دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، ئێستا خۆشی روبەڕووی سەرەتایی ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی بوەتەوە، پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق واتا بەردەوامبوونی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیی، حكومەتێك كە ئەگەر بەمشێوەیە دەسەڵاتەكانی سنوردار بێت، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی كێشەكان بێت‌و رەنگە چارەنوسێكی كارەساتبار چاوەڕوانی بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand