دانایی فەڕو مسگریان لە هەولێر بوون
2022-05-31 11:17:52
(درەو):
(دانایی فەڕ)و (مسگریان) لە هەولێرو پیرمان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانییان بینیوە، بەرەوپێشچوونی نوێ لە پەیوەندییەكانی پارتیو ئێراندا روویداوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، دوو فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كە بریتی بوون لە هەریەكە لە (حەسەن دانایی فەڕ)و (عەبدولڕەزا مسگریان) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینیوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، دیداری ئەم دوو بەرپرسەی سوپای پاسداران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی ئەرێنی بووەو بەرەوپێشچوونی نویچی لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو كۆماری ئیسلامی ئێران دروستكردووە.
(درەو) وردەكاری ئەو تەوەرانە نازانێت كە لە دیداری دانایی فەڕو مسگریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی قسەوباسیان لەبارەوە كراوە، بەڵام ئەم دیدارە درێژكراوەی دیدارێكی رۆژی 10ی نیسانی رابردووی دانایی فەڕە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، كە ئەوە یەكەمین دیداری ئێرانییەكان بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی دوای موشەكبارانكردنی هەولێرو تۆمەتباركردنی پارتی بەوەی بنكەی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە ماڵەكەی شێخ بازی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار)دا دروستكردووە.
بەمدواییە لەناو پارتییەوە هەواڵێك دزەی كردوە ناو میدیاكانی عێراقو هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانێكی نهێنی مەسعود بارزانی بۆ تاران، بەڵام تائێستا ئەم هەواڵە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئێرانو پارتییەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.
ئێرانییەكان نیگەرانن لە بارزانی بەوپێیەی بەوتەی ئەوان بارزانی بووە بەبەشێك لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە لە عێراق، ئەمەش لەرێگەی پشتیوانیكردنی لە موقتەدا سەدر.
لەبەرامبەردا پارتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ تاران تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپشتی ئەو بڕیارەوەیە كە شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەریكردووەو تێیدا هەرێمی كوردستان ناچار دەكات نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.