بافڵ تاڵەبانی لە "ھاوسەرۆک"ەوە بۆ "سەرۆک"
2022-05-27 21:03:20
(درەو):
(دیدار) شوێنی (کۆنگرە) دەگرێتەوەو بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکات بە "سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
سبەینێ (دیداری یەکێتی) لە ھۆڵی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات، ئەم دیدارە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، دوایین رۆژی ئەم دیدارە دەکەوێتە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی.
ئەم دیدارە کە کۆتا بەشی زنجیرەیەک دیداری تری یەکێتییە لە ناوچە جیاجیاکان، لەسەر پێشنیازی قوباد تاڵەبانی رێکخراوەو بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە سبەینێوەو لەگەڵ دەستپێكی دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکرێت بە " سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی و میدیای فەرمی یەکێتی لێرە بەدواوە لەپاڵ ناوی بافڵ تاڵەبانیدا وشەی سەرۆک دەنوسێت.
لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزی رابردووی یەکێتییەوە کە ناکۆکیی نێوان ھەردوو ھاوسەرۆکەکە (بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، یەکێتی لەڕووی فەرمییەوە سەری نەماوە، ھەرچەند بافڵ تاڵەبانی جڵەوەی حزبەکەی لەدەستی خۆیدا توند کردووە، بەڵام بە فەرمی ھیچ ناونیشانێکی حزبی لەگەڵ ناوی خۆیدا بەکارناھێنێت و ناونیشانی "ھاوسەرۆک"شی لەخۆی کردوەتەوە.
سیستمی ھاوسەرۆکایەتی، لەناو سەرکردایەتی ھەڵبژێرداوی دوای کۆنگرەی چواری یەکێتیدا بڕیاری لەسەر درا، بۆیە ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی دەیانەوێت لە دەرەوەی کۆنگرەو لەچوارچێوەی دیدارێکدا ھەڵیوەشێننەوە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان لەناو یەکێتییەوە باسی دەکەن، لە دیداری یەکێتیدا نزیکەی (٤ ھەزار) ئەندام بەشداری دەکەن، کۆکردنەوەی ئەم خەڵکە زۆرە رەنگە بۆ نیشاندانی ئەوە بێت بڕیارەکانی ناو دیداری یەکێتی قورسایی بڕیاری کۆنگرەیان ھەیەو دەبێت ھەمووان پێوەی پابەند بن.
قوباد تاڵەبانیی کە خاوەنی بیرۆکەی (دیداری یەکێتی)یە، لەسەرەتاوە باسی لەوە دەکرد ئەم دیدارە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەو سیاسەتی گشتیی یەکێتییە، بەڵام ئێستا دیدارەکە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری ئیداریی لەناوخۆی حزبەکەدا دەڕوات، لەسەروو ھەمووشیانەوە جێگیرکردنی بافڵ تاڵەبانیی وەکو سەرۆکی یەکێتی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دیداری یەکێتیدا بافڵ تاڵەبانی وتارێک دەخوێنێتەوەو دەیەوێت لەم وتارەدا بە وردی باسی کێشەکانی یەکێتی و دەرەنجامەکانی بکات.