"تەنیا بەڵێ بەواتای بەڵێ دێت"
2022-05-27 10:42:55
(درەو):
"تەنیا بەڵێ بەواتای بەڵێ دێت" ئەمە ناونیشانی یاسایەكە كە پەرلەمانی ئیسپانیا بۆ رێگرتن لە توندوتیژی سێكسیی پەسەندی كردووە، بەپێی ئەم یاسایە هەرجۆرە سێكسكردنێك بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەختە بە "دەستدرێژیی" ئەژمار دەكرێت، پەرلەمانتارێك كە دژی یاساكەیە دەڵێ" ئەم یاسایە دەبێت بە چەكێك بە دەست ژنانەوە كە دەیانەوێت بە درۆ ژیانی پیاوێك وێران بكەن".
"رەزامەندی روون بۆ سێكس"
پەرلەمانی ئیسپانیا رەزامەندی لەسەر یاسایەك دەربڕی كە ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەوەی قوربانیانی توندوتیژی سێكسیی ئەو كەسانە بدەن بە دادگا كە دەستدرێژییان دەكەنەسەر، ئەمەش لەڕێگەی نیشاندانی رەمەزاندی روونو راشكاو بەرلە ئەنجامدانی سێكس.
ئەم دەستپێشخەرییە دوای رووداوێكی دەستدرێژیی بە كۆمەڵ دێت كە بەر لە شەش ساڵ لە ئیسپانیا روویداوەو یەكێكە لە دۆسیە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە.
پەرلەمانی ئیسپانیا بەزۆرینە یاسای "گرەنتی ئازادی سێكسیی"ی پەسەندكرد، یاسایەك كە بە یاسای "تەنیا بەڵێ بەواتای بەڵێ دێت" ناوبانگی دەركردووە.
ئێستا كە پەرلەمان یاساكەی پەسەندكردووە، دەبێت ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیاش رەزامەندی لەسەر بدات بۆ ئەوەی یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
خاتوو ئیرین مۆنتیرۆ وەزیری یەكسانیی ئیسپانیا كە رۆڵێكی بنەڕەتیی هەبوو لە دەرچوونی ئەم یاسایە وتی:" دواجار ئازادیی سێكسیی دەبێت بە ماف لە وڵاتەكەماندا.. لەئەمڕۆوە توندوتیژی دەگۆڕین بۆ ئازادیی.. ترس دەگۆڕین بۆ ئارەزوو، ئیسپانیا بووە بە ئازادترینو پارێزراوترین وڵات بۆ سەرجەم ژنان".
پەسەندكردنی ئەم یاسایە بەواتای ئەوە دێت لەمەودوا ژنان ناچار نابن بیسەلمێنن دوچاری توندوتیژی یاخود دەستدرێژیی سێكسیی بونەتەوە، چونكە هەر جۆرە كردەوەیەكی سێكسیی ئەگەر رەمەزاندی لەسەر نیشان نەدرابێت، بە دەستدرێژیی ئەژمار دەكرێت.
یاساكە دەڵێ" بە رەزامەندی ئەژمار ناكرێت تاوەكو كەسەكە بەروونی ئامادەیی خۆی نیشان نەدات".
"گەلە گورگ "
پەسەندكردنی ئەم یاسایە كە حكومەتی ئیئتیلافی ئیسپانیا بە رێبەرایەتی (پیدرۆ سانشێز) خستویەتییە بەردەم پەرلەمان، دوای ئەو كەیسە دێت كە بە كەیسی "مانادا" یاخود "گەلە گورگ" ناسراوە، ئەمە بریتییە لە رووداوی دەستدرێژیكردنەسەر كچێكی تەمەن (18 ساڵ) لەلایەن پێنج پیاوەوە، ئەم رووداوە ساڵی 2016 لە شاری (پامپلۆنا) لەكاتی بەڕێوەچونی پێشبڕكێی سواربوونی گاكاندا رویدا.
ئەو پیاوانەی لەم رووداوەدا تێوەگلابوون هەموویان تاوانی دەستدرێژیی سێكسییان بەسەردا ساغكرایەوەو دادگا حوكمی (9 ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپاندن، بەڵام دواتر دادگا ئەستۆپاكی بۆ دەركردن لەسەر ئەو بنەمایەی گوایا توندوتیژیو تۆقاندنیان بەكارنەهێناوە.
لەم كەیسەدا پرسی دەربڕینی رەزامەندی بابەتی سەرەكیی بوو. لەكاتێكدا تیمی پارێزەری تۆمەتباران سوربوون لەسەر ئەوەی قوربانییەكە هەرگیز نەیوتووە "نا"، بەڵام قوربانییەكەی دەیوت ئەو بەهۆی ترسەوە توشی ئیفلیجی بووە.
كاردانەوەیەكی گەورەی بە كۆمەڵ هەبوو دژی حوكمەكەی دادگا، تەنانەت خۆپیشاندان لە شەقامەكاندا كراو هەندێك لە سیاسییەكانیش دژی حوكمەكە بوون، ساڵی 2019 دادگای باڵای ئیسپانیا حوكمی ئەستۆپاكی ئەو پیاوانەی هەڵوەشاندەوەو ئەوەی بۆ دەركەوت ئەو پیێنج پیاوە تاوانی دەستدرێژییان ئەنجامداوە، حوكمی 15 ساڵ زیندانی بۆ دەركردن.
ساڵی 2021 لە ئیسپانیا (2 هەزارزز 143) حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسیی تۆماركراوە، بەبەراورد بە ساڵی 2020 حاڵەتەكان بەرێژەی 14%ی زیادی كردووە.
لە ساڵی 2018وە حەوت وڵاتی تری ئەوروپا یاسایان بۆ روبەڕووبونەوەی تاوانەكانی دەستدرێژیی سێكسیی دەركردووە كە تایبەتە بە نیشاندانی رەزامەندیی بەر لە ئەنجامدانی كرداری سێكسیی، ئەو وڵاتانەش بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردن بریتین لە (دانیمارك، كرواتیا، یۆنان، ماڵتا، سوید، ئایسلەندا، سلۆڤینیا).
لەگەڵ ئەمەشدا، پارتی (ڤۆكس)ی راستڕەو كە لەگەڵ پارتی میللی موحافیزكاردا دژی یاساكەیە دەڵێ ئەم یاسایە توانای جێبەجێبوونی نییە.
خاتوو كارلا تۆسكانۆ پەرلەمانتاری پارتی ڤۆكس دەڵێ" كاتێك سیستمەكە ناچار دەكەیت بەبێ هیچ بەڵگەیەك باوەڕ بە ژنێك بكات، ئەمە دەبێت بە چەكێكی مەترسیدا كە دەكرێت هەر ژنێك بەدرۆ بۆ تۆڵەكردنەوە یاخود وێرانكردنی ژیانی كەسێكی بێتاوان بەكاری بهێنێت".
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەكات" لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا سەختە پیاو بتوانێت بیسەلمێنێت رەزامەندی وەرگرتووە".
لەشفرۆشیو بابەتەكانی پۆرنۆ
یاساكە هەوڵ دەدات پاڵپشتییەكی گەورەتر بۆ قوربانییەكانی دەستدرێژیی سێكسیی نیشان بدات، بۆ ئەمەش پێناسەی توندوتیژی سێكسیی فراوانتر كردووە بۆ ئەوەی (هەراسانكردن لە شوێنە گشتییەكان) بگرێتەوە ئەوەش كاتێك كەسێك هەست بەوە دەكات لەرێگەی هەندێك دەربڕینو هەڵسوكەوت یاخود قسەی سێكسییو جیاكاریی لەسەر بنەمای رەگەزیی، روبەڕووی سوكایەتیی بووەتەوە.
هەروەك یاساكە ئەو ریكلامانە قەدەغە دەكات كە پەرە بە چەقبەستوویی ڕەگەزیی دەدەن یاخود وەك پەرەپێدانی لەشفرۆشیی هەستیان پێدەكرێت، لە دەقی یاساكەدا هاتووە ئامانجی یاساكە بریتییە لە "رێگریكردن لە داواكاریی بۆ هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە ئیستغلالكردنی سێكسیو لەشفرۆشیو پۆرنۆگرافی كە توندوتیژی سێكسی ئاسایی دەكەنەوە".
یاساكە داوا لە لاوان دەكات ئەوانەی كە تاوانی سێكسییان ئەنجامداوە بچنە ناو پرۆگرامی پەروەردەییەوە لەبارەی هەڵسوكەوتی سێكسییو یەكسانیی رەگەزییەوە.
زنجیرەیەك دەستدرێژیی سێكسیی كە بەمدواییە لەلایەن منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ئەنجامیانداوە، مەترسی لەناو كۆمەڵگەی ئیسپانیدا دروستكردووە، لەم مانگەدا پێنج كوڕ دەستگیركران كە تێوەگلابوون لە دەستدرێژی سێكسیی بۆسەر دوو كچ لە ڤالنسیا، بەپێی راپۆرتەكان ئەو كوڕانە لە تەمەنی هەرزەكاریدان.
سەرچاوە: BBC