هاتنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی نیوەی دەنگەكانی پارتی لێكردەوە
2018-06-01 11:28:02
(درەو میدیا):
دوو ساڵ لەمەوبەر پارتی دیموكراتی كوردستان ئەدهەم بارزانی ناردە سلێمانی بەو هیوایەی بەستەڵەكی دەنگ و پێگەی جەماوەریی خۆی لەو شارە بتوێنێتەوە.
ئەدهەم بارزانی رۆژی 25 مانگی پێنجی 2016 وەكو بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و سنوری هەڵەبجە دەستبەكاربوو، ئەو یەكەمین پیاوی بنەماڵەی بارزانی بوو لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببێت.
لەكاتی دەستبەكاربوونی هەندێك رەخنەیان لە پارت دەگرت بەوەی متمانەی بە پارتییەكانی سلێمانی نییە و كەسایەتییەكی بنەماڵەی ناردووە بۆ گرتنەدەستی كاروباری حزب لەو ناوچەیە، لەبەرامبەردا هەندێكی تر بۆچونیان وابوو ناردنی ئەدهەم بارزانی دەریدەخات پارتی بە چاوی بایەخەوە تەماشای سلێمانی دەكات بۆیە كەسێكی نزیك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەی ناردووەتە سلێمانی.
هاتنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی لەكاتێكدا بوو، لەدوای روداوەكانی 17ی شوبات پێگەی پارتی لەڕووی جەماوەریییەوە لەناوچەكە گورزی كوشندەی بەركەوتبوو.
ئەدهەم بارزانی وەك خۆی دەیوت هاتبوو پارتی لەگەڵ سلێمانی ئاشت بكاتەوە و كۆتایی بەو چەقبەستوییە بهێنێت كە لە رێژەی دەنگی پارتی هەیە لە سنورەكە كە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن هیچ گەشەكردنێكی بەخۆوە نەدەبینی.
لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (92 هەزار و 449) دەنگی بەدەستهێنا، دوای 13 ساڵ پارتی لەبری ئەوەی ژمارەی دەنگەكانی گەشە بكات، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا ژمارەی دەنگەكانی نزیكەی (900) دەنگ كەمیكرد و بوو بە (91 هەزارو 578) دەنگ.
زنجیرەی پاشەكشێی دەنگەكانی پارتی لە سنوری سلیمانی بەردەوام بوو، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دا رێژەكە زیاتر كەمیكردو بوو بە (82 هەزارو 121) دەنگ.
بەڵام بۆ جاری یەكەم لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا دەنگەكانی پارتی هەندێك بوژایەوە بوو بە (86 هەزارو 655) دەنگ، ئەم رێژەیە هێشتا پارتی نەگەیاندە مایەكەی خۆی لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ژمارەكەی (92 هەزار و 449) دەنگ بوو، بەڵام بەبەراود بە هەڵبژاردنی 2010 هەندێك گەشەكردنی بەخۆوە بینی.
هاتنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی بەتەواوەتی پێچەوانەی پێشبینی پارتییەكان و سەركردایەتی حزبەكان شكایەوە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی دەنگەكانی پارتی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 نزیكەی بەرێژەی نیوە كەمیكرد و لە (86 هەزارو 655) دەنگەوە بوو بە (48 هەزارو 820) دەنگ واتە (37 هەزارو 835) دەنگ كەمیكرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ئەنجامەكانی سلێمانی رەتكردە و راگەیاند ساختەكاری بەرفراوان لە پرسەكەدا كراوە، بەڵام دواتر بێدەنگی لێكرد.
هەرچۆنێك بێت ئەو پاشەكشێ گەورەیەی دەنگەكانی پارتی لە سنوری سلێمانی كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار رویدا، بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەدهەم بارزانی وەكو بەرپرسی یەكەمی ئەو حزبە لە سنورەكە، رەنگە بەشەكەی تری بۆ سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەڕێتەوە بەتایبەتی بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم و سوتانی ئەو كارتە گرنگە، كە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە تایبەتی لە سنوری سلێمانی وەكو یەكێك لە پارێزگا بزێوەكانی هەرێمی كوردستان لەڕوی رایگشتییەوە.
ئەدهەم بارزانی كوڕی شێخ عوسمان شێخ ئەحمەدی بارزانە و لەدایكبوی ساڵی (1962)ە، ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ساڵی 1988 حزبێكی بەناوی (حزبوڵای شۆڕشگێڕی كورد) پێكهێنا و یارمەتی لە ئێران وەردەگرت، بەڵام دواتر پارتەكەی هەڵوەشاندەوە و چوە ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە.