ڕێگریەکانی "تورکیا" لەبەردەم سوێد و فینلەندا.

Draw Media

2022-05-23 16:24:25



درەو:
 

هونەر حاجی جاسم/ ئەلمانیا

دوای پێشکەشکردنی داواکاری ئەم دوو دەولەتە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، تورکیا ڕاستەوخۆ ناڕازی بوونی خۆی ڕاگەیاند. پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایە بۆچی تورکیا نایەوێت ئەم دوو ولاتە ببنە ئەندامی ناتۆ؟. ئایە بۆ تورکیا چ سوودی هەیە کە ڕێگری لە  وەها کارێکدا بکات؟. ئایە لەم بابەتەدا تورکەکان ستراتیژیکی بیر دەکەنەوە یان کاردانەوەیە بەرامبەر PKK لەم دوو ولاتەدا؟. 

دوای هەلوەشانەوەی "دەولەتی عوسمانی" لە کۆتایی "جەنگی یەکەمی جیهانی"، تورکەکان پێیان وایە کە ڕۆژئاوا بە تایبەتیش "ئەوڕوپیەکان" هۆکاری سەرەکی بوون، لە وەدەرنانی ئەوان، لە گۆڕەپانی سیاسی و عەسکەری "جوگرافیەی سیاسی  ئۆڕاسیا"!. ئەمەش لای تورکەکان بیرەوەریێکی تالە لەسەد سالی ڕابردوودا، کە بەردەوام ئاخی بۆ هەلدەکێشن. 

دوای دامەزراندنی "دەولەتی تورکیش لە سالی 1923" تاکو جەنگی دووەمی جیهانی "ستراتیژی دەولەتی تورک" بە ئاڕاستەی ناوەوە بووکە بریتی بوو لە سەرکوتکردنی هێزە کوردیەکان و هەموو ئەو هێزانە بوو کە ناڕازی بوون لە  "سیستەمی سیاسی کەمالیزم"!. دوای دروستبوونی بڵۆکی ڕۆژهەلاتیش بە سەرکردایەتی "یەکێتی سۆڤیەت" و بلۆکی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی "ئەمریکا"، تورکەکان خۆیان بەلای ڕۆژئاوا ساغ کردەوە، چونکە ئەلتەرناتیڤی تریان نەبوو لەوکاتەدا. 

بەلام بەهۆی گرینگی پێگەی "جیۆپۆلۆتیکی تورکیا"، ئەوروپا و ئەمریکا نزیک بە چل سال دەبێت کە چاوپۆشی، لە خراپیەکانی دەولەتی تورک دەکەن بۆ ئەوەی نەخزێت بەلای "ڕوسەکان"!. هەروەها "تورکەکان" هیچ کات ناخوازن ولاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتیش "ئەمریکا و بەریتانیا" کۆنتڕۆل و کاریگەری لەسەر نفوزی تورکیا بکەن، چ لە "دەریای ڕەش" بێت یانیش "دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست"، تەنانەت "ڕۆژهەلاتی ئەوروپاش". بۆیە هەمیشە ستراتیژی تورکیا بە ئاڕاستەی ئەوەیە کە نابێت ناتۆ زیاد لە خۆی بەهێزتر بێت و نفوزی مەعسکەری ولاتانی ئەسەکەندەنافیش زیاد ببێت و فشارەکان لەسەر ڕوسیا لە دەریای بەلقان زیاد بکەن!.

دوای یازدەی سێپتێمبەری سالی 2001 و هاتنی ئەمریکا بە کرداری بۆ "ناوەڕاستی ئاسیا" و "ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق،" لە نیسانی سالی 2003 تورکەکان بە ترسەوە مامەلەیان دەکرد و خۆیان دوور دەگرت لە بەشداریکردنیان وەک هێزێکی ناتۆ. 
کاتێکیش "قەیرانی دارایی" سالی 2008 لە ئەوروپا بووە هۆی پاشەکشەی ئەوروپیەکان، تورکەکان لەوپەڕی خۆشحالی دابوون، چونکە پێیان وابوو، کە ئەوان بێ هێز بن، واتە بەهێز بوونی تورکیا لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە!. لەگەل دەرکەوتنی بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعشیش لە نیسانی 2014. تورکەکان سنووری سوریایان کردووە بۆ ئەوەی هەرچی گروپی نوستوی ڕادیکالی ئەوڕوپی هەیە ئازادانە بچن و بێن، ستراتیژیشیان لەم کارەدا لاوازکردن و دروستبوونی کێشەی ئەمنی بوو لە ئەوروپا!. ئەمەش وایکرد چەندین تەقینەوە لە شارە گەورەکانی ئەوروپا لە لایان داعشەوە ئەنجام بدرێت. خولاسە تورکەکان هیچ کاتێک نایەنەوێت ئەوڕوپایێکی بەهێز هەبێت کە لەبەرامبەر تورکیا ڕێگربێت و پێی بلێت دەبێت ئەم بکەیت و ئەمە نەکەیت!.

لە ئێستاشدا ستراتیژی تورک لە ڕێگری کردنەکە، بریتین لەم خالە ستراتیژیانەی خوارەوە:

+ یەک. ڕێگریکردن لە بالادەستی ئەوڕوپیەکان و ئەمریکا بە تەواوی لە ناوچەکە، کە بە لای تورکەکان جێگای قەبول نیە!. چونکە تورکان لەوە تێگەیشتون کە ئەوان زۆر بە هێز بن، ڕێگری دەکەن لە ڕەفتارەکانی دەولەتی تورک و هەژمونەکەی بۆیە هەتا بۆیان دەکرێت بە ناڕاستەوخۆ ڕێگری دەکەن!.

+ دوو. هێشتنەوەی بالانسێکی جیۆستراتیژی لە نێوان ڕوس و ناتۆ، لە ناوچەکەدا!. تورکەکان پێیان وایە کە بەهێزبوونی یەکێک لەم هێزانە بەسەر ئەوەی تردا، واتە لاوازبوونی هەژمونی جیۆستراتیژی تورکی لە ناوچەکەدا. بۆیە بە لایەنەوە گرینگە بالانسێک هەبێت لە ڕووی سیاسی، عەسکەری و ئابووریدا!.

+ سێ. ڕاگرتنی دلی ڕوسەکان، چونکە تورکەکان نایانەوێت بچنە بەرەی دژایەتی ڕوسیا بە دلی ئەمریکاو ئەوروپا!. چونکە ڕوسەکان بۆ تورکەکان لە چەند ڕوێکەوە بۆ تورکیا گرینگن، بە تایبەتیش لەوەی کە ڕوسەکان هەمیش ئەتوانن ترس بەسەر کیشوەری ئەوروپا دروست بکەن!

+ چوار. قەبولکردنی داوکاریەکانی تورکیا، ڵە هێرش کردنە سەر بەشەکانی کوردستانی ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستانی عێراق!. ئەمە یەکێک لە داواکاریەکانی تورکیایە کە ئێستا ریکلامی بۆ دەکات گوایە لۆزان کۆتایی دێت لە سالی داهاتوو، ئەمە ڕێگە بە تورک ئەدات خاکە داگیر کراوەکانی بگەڕێنتەوە بۆ سەر خاکی خۆی!. ئەمەشیان بۆ کورد لە ناوچەکە پڕ مەترسیە!.

+ پێنج. خالی پێنجەم و کۆتایی هەبوونی چالاکی هێزە کوردیەکانە لە سوێد و فیلەندا، بە بڕوای ستراتیژی ناسەکان ،ئەمە پاساوێکی لاوازە لە ڕێگریکردنی ئەم دوو ولاتە بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ!. دەکرێت یەکێک ڕێگریەکانی دەولەتی تورک لە بە ئەندام بوونی سوێد وفینلەند، ببێتە هۆی قەدەغەکردنی چالاکیەکانی پەکەکە و هێزە نزیکەکانی پەکەکە لەم دوو ولاتە!.

ئەنجام

تورکەکان هەموو ستراتیژیێک دەخەنەگەڕ بۆ دووبارە هاتنەوەیان بۆ گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەولەتی و نەخشەی جیۆپۆلۆتیکی نوێ. تورکەکان نایانەوێت نە بە تەواوی ڕوسیا زال بێت بەسەر ڕۆژهەلاتی ئەوروپا. نە دەشایانەوێت ناتۆ بە تایبەتیش ئەمریکا زال ببێت بەسەر هەژمونی تورک لە ناوچەکەدا.
زیاد لە شەست سال دەبێت تورکەکان سیستەمە سیاسیەکان بە ناتۆ دەپارێزن و زۆرترین پێشلی ماف مرۆڤ و پێشلی دیموکراسی لە پشت ناتۆوە دەکەن!. تورکەکان سود لە بێ هێزبوونی جیۆئیکۆنۆمیکی ئەوروپا دەبینن!. ستراتیژی تورکیا لە ناتۆ بۆ لێدانە لە کوردەکانی باکوری کوردستان و ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستانە!.

سەرچاوەکان:
1.https://theconversation.com
2. http://www.washingtoninstitute.org.
3.http://www.politico.eu
4. http://ecfr.eu
5.https://www.jstor.org

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand