ساختەكارییەكەی سلێمانی چۆن كرا؟
2018-05-31 19:58:32
ئەو شەش كاندیدەی یەكێتی كامەن كە ساختەكاریان بۆكرا؟
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
تەواوی خشتەی سندوقەكانی پارێزگای سلێمانی لەبەردەستی " درەو میدیا"یە،ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن خستویەتیە بەردەستی لایەنەكان رەسمیەو هی كۆمسیۆن خۆیەتی كاتێك لێكدانەوە بۆ دەنگەكانی ناویان دەكەیت بە ئاسانی بۆت دەردەكەوێت كە لە تەواوی سندوقەكاندا ناوی شەش كاندیدی 162 ی یەكێتی كاندیدی ژمارە( 1 ، 5 ، 10 ، 21 ، 31 ، 34 ) دەنگەكانیان دووبارە بووەتەوە لە سندوقەكاندا و دەنگیان بۆ زیادكراوە كە ئامێرەكان پرۆگرامكراون، ئەو شەش كاندیدە دەنگیان هەبوو بێت لەو سندوقانە یان نا ، ژمارەی دەنگی خۆیان بۆ نوسراوە، لەهەر سندوقێكدا بە تێكڕا 40 دەنگ بۆ ئەو كاندیدانە زیادكراوە بەپێی سندوقەكان، لە كۆی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەو شەش كاندیدە ( 118 هەزار و 720 ) دەنگیان بۆ زیادكراوە، تەنها لە دووبارەی ( باركۆدی) فۆرمی دەنگدانەكە كە لەلایەن ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنەوە خراوەتە بەردەستی لایەنەكان، جگە لە شێوازەكانی دیكەی ساختەكاری.
چی رویدا لە 12ی ئایاردا؟
ئەوەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا رویدا بۆ لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان شۆكێكی گەورە بوو، شۆكێك كە نەیاندەزانی چۆن و بەچی رێگەیەك ساختەكاریان بەرامبەر كراوە؟، بەڵام لەدوای وەرگرتنەوەی هارد دیسكی دەنگەكان لە رۆژی 25/5/2018 ئینجا لایەنەكان بۆیان روون بۆوە چۆن ساختەكاریان لێكراوە.
دوای پێدانەوەی هارد دیسكەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە بە لایەنەكان، لایەنەكان كەوتنە كنە و پشكنینی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی، سەرەتا نائومێدبوون دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت هیچ كێشەیەك لە ژمارەی دەنگ و شریت و كۆپی وەرەقەی دەنگی سندوقەكاندا نەبوو، بەڵام دوایی تەركیزخستنە سەر دەنگەكانی یەكێتی و سەیركردنی باركۆدی فۆرمی دەنگدانەكە، ئیدی فێڵەكەیان دۆزیەوە، كە ( باركۆدی) دەنگەكان دووبارەی زۆری تێدایە و دەبێت هەر دەنگەدەرێك باریكۆدی خۆی هەبێت و نابێت لە تەواوی عێراقدا ئەو باركۆدانە دووبارەی تیا بێت، چونكە هەر هاوڵاتیەك باركۆدی خۆی هەیە، بەڵام لە سندوقێكدا كە بە تێكڕا 40 بۆ 50 باركۆدی فۆرمی دووبارەی تێدایە، دواتر چوار لایەنە ناڕازیەكە ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو ، هاوپەیمانی ) هەوڵەكانیان چڕكردەوە و چەندین تیمیان پێكهێنا و ئەوەی پێی گەیشتن بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگربوو بەم شێوەیە بوو:.
لە رۆژی دەنگداندا ئەو ئەنجامەی بە میمۆری نێردراوە بۆ ناوەندی نیشتمانی كۆمسیۆن لە بەغداد تەنها دەنگی شریتەكان بووە و لە سندوقەكاندا كارتی دەنگدانەكان كەمتر بووە یاخود هەر نەبووە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە و گەڕانەوەی هارد دیسكەكە لە بەغداوە بۆ سلێمانی، لە سلێمانی بۆ ماوەی 2 رۆژ دواخرا تیایدا شریتی ئەنجامی دەنگدانەكە ئاساییە لەبەرئەوەی ئامێرەكان پرۆگرام كراون و لە ئەنجامەكەدا دەنگەكان بۆ ئەو شەش كاندیدە دانراوە، كە شریتی ئەنجامەكە بەراورد كراوە بە كارتی ناو سندوقەكان بە شێوەیەك زۆر زۆر بووە جیاوازییەكە پڕنەكراوەتەوە بۆیە هاتوون فۆرمی دەنگدانەكانیان كۆپی كردووە و سندوقەكانیان پێ پڕكردوەتەوە، بیریان لەوە نەكردوەتەوە كە لەگەڵ كۆپیكردنی كارتەكان باركۆدەكەش كۆپی دەكرێت و دووبارە دەبێت، بۆیە 90%ی سندوقەكان باركۆدی فۆرمی دەنگدانەكانیان دووبارەی تیابووە، بەم شێوەیە:
بە تێكڕا بەپێی ئەو ئەنجامەی لایەنە ناڕازییەكان پێی گەیشتوون و جیایانكردوەتەوە لەهەر سندوقێكدا بە تێكڕا ( 40 دەنگ) بۆ شەش كاندیدی دیاریكراوی یەكێتی زیادكراوە، بۆ نمونە لە بنكەی دەنگدانی پیرەمێرد ( 126404 لە وێستگەی ژمارە 04 ) هەریەك لە كاندیدەكانی ( 1 ، 5 ، 10 ، 21، 31 ، 34 ) بۆ هەریەكەیان ( 8 ) دەنگیان بۆ زیادكراوە، لە بنكەی دەنگدانی كەمال كوردی ( 226109 لە وێستگەی ژمارە 05 ) هەریەك لە كاندیدەكانی ( 1 ، 5 ، 10 ، 21، 31 ، 34 ) بۆ هەریەكەیان ( 10 ) دەنگیان بۆ زیادكراوە.
لە بنكەی دەنگدانی شەهید جەمال تاهیر ( 226101 لە وێستگەی ژمارە 02 ) هەریەك لە كاندیدەكانی ( 1 ، 5 ، 10 ، 31 ) بۆ هەریەكەیان ( 10 ) دەنگ و كاندیدەكانی ( 21 ، 34 ) هەریەكی ( 9 ) دەنگیان بۆ زیادكراوە..
بەم شێوەیە تەواوی وێستگە و بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی باركۆدەكان دووبارەن و دەنگەكانیان بۆ ئەو شەش كاندیدە زیادكردووە، بەپێی هارد دیسكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئۆفیسی سلێمانی.
بەم شێوازە بۆ سەرجەم ئەو سندوقەكان ئەو شەش كاندیدە دەنگیان بۆ زیادكراوە، كۆی سندوقەكانی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی لە ( 3118 ) سندوق پێكهاتووە، بەڵام لەكۆی سندوقەكان نزیكەی ( 150 سندوقی) دەنگی بۆ زیاد نەكراوە و ئاسایی بووە واتا (2968 ) سندوق دەنگ بۆ ئەو شەش كاندیدەی یەكێتی زیاد كراوە، كە بە تێكڕا هەر سندوقێك ( 40 ) دەنگی بۆ زیادكراوە، كۆی گشتی ئەو دەنگانەی بۆ ئەو شەش كاندیدە و دیارە یەكێتیش زیادكراوە دەكاتە ( 118 هەزارو 720 ) دەنگ زیادكراوە.
بەپێی ئەو زیانیاریانەی " درەو میدیا " دەستی كەوتووە، یەكێك لەو لایەنە ناڕازییانە كە تانەی لە دەنگەكان داوە، وردبینی بۆ تەنها ( 65 ) سندوقی دەنگدان كردووە ( 2646 ) دەنگ بۆ ئەو شەش كاندیدە زیادكراوە كە هەر سندوقێك بە تێكڕا ( 40 دەنگ )ی بەردەكەوێت، كە بە تێكڕا لە ( 118 هەزار و 720 دەنگ ) بۆ ئەو شەش كاندیدەی یەكێتی زیادكراوە.
لایەنێكی تری ناڕازی كە وردبینی بۆ ( 82 ) سندوقی دەنگدان كردووە، تەواوی دەنگ و كارتەكانی ناوی ( 3457 ) باركۆدی فۆرمی دەنگدانی دووبارەی تێدابووە، دەنگی دووبارە بۆ ئەو شەش كاندیدە زیادكراوە، كە هەر سندوقێك بە تێكڕا ( 42 ) دەنگی بەردەكەوێت كۆی ئەو دەنگانەی بۆ ئەو شەش كاندیدەی یەكێتی زیادكراوە ( 124 هەزارو 656 ) دەنگ بووە.
لە پارێزگای سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ( 267442 ) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارە زیادكراوەی لێدەربكرێت دەكاتە (142786) دەنگی بۆ دەمێنێتەوە، ئەمە تەنها لە باركۆدی دووبارەی كارتەكان، ئەمە سەرەرای رێگەكانی دیكەی ساختەكاری لە دەنگدانی تایبەت و لە دروستكردنی كارت، كە بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی " درەو میدیا " كەوتووە تەنها لە پارێزگای سلێمانی ( 104 هەزار ) كارتی دەنگدان دروستكراوە بۆ ساختەكاری.
بەو پێیەش بەپێی زانیارییەكان یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی ( 90 هەزار دەنگی ) بەدەستهێناوە، باڵیۆزی توركیا لای یەكێك لەلایەنە سیاسییەكان رایگەیاندبوو، بەپێی زانیاری ئەوان یەكێتی لە سلێمانی تەنها ( 90 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە و ئەوی دیكەی بۆ زیادكراوە، بەو پێیەش نزیكەی ( 177 هەزار ) دەنگ بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیادكراوە، كە دەنگی لایەنەكانی دیكەیە، بەپێی دەنگی راستەقینەی خۆی بێت یەكێتی تەنها سێ كاندیدی لە سلێمانی دەرچووە كە یەكێكیان بە كۆتا بووە. لە داهاتوودا وردتر دەنگی راستەقینەی لایەنەكانی دیكە بڵاودەكەینەوە.
ئەو شەش كاندیدەی ساختەكارییان بۆ كراوە
بەپێی ئەو خشتەیەی لەبەردەستی " درەو میدیایە" ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن خستویەتیە بەردەستی لایەنەكان واتا خشتەكە رەسمیەو هی كۆمسیۆن خۆیەتی. لە تەواوی سندوقەكانی پارێزگای سلێمانی دەنگ بۆ تەنها شەش كاندیدی یەكێتی زیادكراوە كە ئەوانیش پێكهاتوون لە كاندیدەكانی ژمارە ( 1 ، 5 ، 10 ، 21، 31 ، 34 ) كە بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەو شەش كانیددیە بریتین لە
كاندیدی ژمارە ( 1 ) : جوان ئیحسان كە ( 28157 ) دەنگی بەدەستهێناوە
كاندیدی ژمارە ( 5 ) : بڵێسە جەبار فەرمان كە ( 26941 ) دەنگی بەدەستهێناوە
كاندیدی ژمارە ( 10 ) : بەختیار جەبار عەلی كە ( 20827 ) دەنگی بەدەستهێناوە
كاندیدی ژمارە ( 21 ) : ئارەزوو مەحمود كە ( 18608 ) دەنگی بەدەستهێناوە
كاندیدی ژمارە ( 31 ) : حەسەن ئالی كە ( 18751 ) دەنگی بەدەستهێناوە
كاندیدی ژمارە ( 34 ) : تەها حەمە ئەمین كە ( 16527 ) دەنگی بەدەستهێناوە
واتا ئەو شەش كاندیدەی كە دەنگەكانیان دووبارەن لە باركۆدی سندوقەكانی دەنگدان هەر شەشیان دەرچوون، بەڵام لەو 8 كاندیدەی یەكێتی كە لە سلێمانی دەرچوون ناوی ( د. میران محەمەد و شیروان میرزا ) ناویان دووبارە نیە لە باركۆدی سندوقەكان واتا بەم شێوازەی ساختەكاریی ساختەكارییان بۆ نەكراوە، بەڵام نازانرێت بە شێوازی تر ساختەكاریان بۆ كراوە یان نا؟.
كێشەكە تەنها لەوەدانیە كە ساختەكاری بەرامبەر لایەنەكانی تر كراوە بەڵكو یەكێتی ساختەكاری بەرامبەر بە كاندیدەكانی خۆشی كردووەو ئەو شەش كاندیدە ناوەكانیان پرۆگرام كراوەو لە سندوقەكاندا دەنگیان هەبوبێ یان نا ئامێری ئەلكترۆنیەكە دەنگی بۆ ئەو شەش كاندیدە نوسیوە، هەربۆیە كاندیدی تەنها یەك گروپی دیاریكراوی ناو یەكێتی دەرچونەو گروپەكانی تری ناو یەكێتی بە كۆتاش كاندیدیان دەرنەچووە، كە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی كە ئەنجامەكە دەرچووە توشی شۆك بوون، چونكە ئاگاداری ئەو كارە نەبوون.