چۆن ژێر خانێكی بەهێز بۆ كەرتی نەوتی كوردستان پێكەوەبنێین ؟
2022-05-21 18:52:25
نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە هەموو وڵاتێك بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێكی بەهێز و ،پێویستە كە هەنگاوی یەكەم ژێر خانی وڵاتەكەی لەهەموو كەرتەكانی(( پیشەسازی و كشتوكاڵ و سەربازی و وزە و پەروەردە و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگززاریەكان و ...هتد.))،بەهێز و پتەوبێت بۆئەوەی بتوانێت كە سەرخانی وڵاتەكەشی بەهێز و خۆڕاگر بێت لەبەرامبەر هەر گۆڕانكاری و ڕووداوێكی لەناكاودا.هەر كەرتێك لەو كەرتانە گرنگی و كاریگەری خۆی هەیە وەك كۆڵەكەیەكی بنچینەیی وان بۆ پێكەوەنانی وڵاتێكی گەشەكردوو و پێشكەوتووی بەهێز.بۆئەوەی بتوانێت تا ئەوپەڕی سوود لە سەروەت و سامان و توانا مادی و مرۆییەكانی خۆی وەربگرێت و بیشیخاتە خزمەتی خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا و وڵاتەكەیەوە.بۆیە هەر یەكێك لەو كەرتانە ژێر خانی خۆی هەیە و پێویستە بە بەردەوامی كاری پێشخستن و نۆژەنكردنەوە و سازكاری تیادا بكرێت بۆئەوەی بەتوانا و وزەی تەواوی خۆی كاربكات و ئەو بەرهەم و دەسكەوتەی كە چاوەڕوان دەكرێت لێوەی دەستبكەوێت.بۆیە ئەركی حكومەت و دەسەڵاتە كە كاری چاودێری و دابینكردنی بوجەی پێویست بكات بۆ ئەو بوارە،چونكە چەندە ژێر خانی وڵات بەهێز و پتەوبێت هێندەش دەتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵبنێت و لەگەڵ هەموو قۆناغ و سەردەم و ڕووداو وگۆڕانكاریەكاندا خۆڕابگرێت و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
• لە هەرێمی كوردستانیشدا بەداخەوە لەماوەی 30 ساڵی حوكمڕانی كوردستاندا نەتوانراوە ژێر خانێكی پتەو وبەهێز لەهیچ كام لەو سێكتەرانەدا ئەنجامبدات،هەربۆیەش لە بەرامبەر بچووكترین كارەساتی سروشتیدا وەك بەفر و باران و لافاو و ڕەشەبا و خۆڵبارین و ئاگركەوتنەوەدا گەورەترین زیان بەر ئۆرگان و دامودەزگاكانی و هاوڵاتیانیش دەكەوێت.
• ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە كەرتی وزەیە (( بەنەوت و غازی سروشتیەوە)) كە خۆشبەختانە ماوەی 20 ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوویكردۆتە ئەم كەرتە گرنگ و كاریگەرو پڕ مەترسیەش.و دەستیكردۆتە گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتی و بیرلێدان و هەڵكەندن و دەرهێنان و فرۆشتنی و پاڵاوتنیشی لەناوخۆ و بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش.لەلایەك ئەم هەنگاوە دڵخۆشكەرە لەبەرئەوەی هەر وڵات و كۆمەڵگایەك خاوەنی سەرچاوە و سامانی سروشتی دەوڵەمەندی خۆی بێت ئەوا پێویستە چاوەڕوانی گەشە و پێشكەوتنی لێبكرێت ئەگەر بە ئیدارە و پلان وئیڕادەیەكی بەهێز و خەمخۆر و زانستیەوە بەڕێوەببرێت.بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا بەداخەوە لەماوەی ئەو 20 ساڵەدا نەتوانراوە ئەم كەرتە گرنگ و كاریگەرە وەكو ئەوەی كە پێویست بێت خزمەتبكرێت و بەرەو پێشببرێت و ژێر خانێكی بەهێزی بۆ بنیاتبنرێت بۆئەوەی ببێتە كەرتێكی خاوەن سوود و قازانج و پڕ داهات كە ڕەنگدانەوەی باشی هەبێت لەسەر تەواوی سێكتەرەكانی تریش و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری وڵاتیش.بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەوە ڕووینەداوە و بە پێچەوانەوە كەرتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆتە مایەی قەرزارباری و ململانێی ناوخۆی و ناوچەیی و ڕاوەستانی هەموو گەشە و پێشكەوتنێكی ئەم هەرێمە.
• ژێر خانی كەرتی وزە((نەوت و غازی سروشتی )) بریتین لە چی؟
ئاشكرایە ژێر خانی كەرتی وزە بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو وڵاتێكدا چەند سێكتەر و بوار دەگرێتەوە كە بەبێ بوونی ئەو دامەزراوانە ناتوانرێت كەرتی وزە پێشبخرێت و بخرێتە خزمەتی گەشە و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگاوە ،جا ئەو ژێر خانانە بریتین لەهەریەكە لە :
1. كێڵگە نەوتیەكان: كە پێویستە بەشێوەیەكی زانستی و وورد و ئایندەبینی كێڵگەی نەوتی لەوڵاتدا كاری (( ڕووپێوی و گەڕان و لێدانی بیر ودەرهێنانی نەوتی و غازی سروشتیەكە و تێكردنی ئاو بۆ ناو بیرەكان)) ئەنجامبدرێت،گەر بكرێت بەتوانای خۆماڵی و ئەگەر نەشتوانرا ئەوا بەهاوكاری و یارمەتی كۆمپانیا بە ئەزمون و شارەزاكانی جیهانی ئەو كارە بكرێت.
2. تۆڕی بۆری گواستنەوە: ئەمەش یەكێكە لەو ژێرخانە زۆر گرنگانەی كەرتی وزە،چونكە بەبێ بوونی تۆڕێكی بەربڵاو و فراوان و هەمەجۆر و سەربەخۆ لەیەكتر ناتوانرێت نەوت و غازی سروشتی لە كێڵگە نەوتیەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ یان بۆ هەناردەكردنی لە ڕێگەی دەریاوە بێت یان وشكانیەوە.بۆیە بونی تۆڕێكی بۆری گواستنەوە ئەركێكی سەرەتایی و پێشەنگی دامەزراندنی ژێرخانی كەرتی نەوتە.
3. دامەزراندنی بینا و دامەزراوەی نەوتی سەرخان: وەك پاڵاوگە و یەكەكانی چارەسەری بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نەوتی خاو و لابردن و خاوێنكردنەوەی لە خەوش و توخمە نانەوتیە زیانبەخشەكان وەكو ((قوڕ و لیتە و ئاو و كانزا و خوێكان و ...هتد.))كە هەموانیان زیان بە جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتیەكە دەگەیەنن.
4. كۆگای هەڵگرتن: یەكێكە لە خاڵە سەرەكی و بنەڕەتیەكانی ژێر خانی كەرتی نەوت،بەشێوەیەك كە هێندە توانای هەڵگرتنی ((نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتیەكان تری )) هەبێت لانی كەم بەشی 3 ڕۆژی بڕی هەناردەی نەو ت بكات بۆ دەرەوە یان لانی كەم توانای هەڵگرتنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی وەكو((بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپی و زەیتەكان و ...هتد.)) لانی كەمی 1 مانگی هەبێت،بۆئەوەی لەكاتی ڕووداوو و یان گرفتێكی تەكنیكیدا وڵات تووشی ڕاوەستاندنی پڕۆسەی هەناردەكردن نەبێتەوە كە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی داهات و دروستبوونی كێشەی دارایی بۆ دابینكردنی خەرجیەكانی وڵات.
5. سەكۆكانی باركردن و هەناردەكردن: ئەم سەكۆیانە بەتایبەتی لەسەر دەروازە ئاوەیەكان دەبێت كە زەرورە بەشێوەیكی پێشكەوتوو كاری تیادا بكرێت و دابمەزرێت چونكە ئەم ژێر خانە بریتیە لە كۆتا فۆناغی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی .بۆیە گەر ئەم ژێرخانە كێشە یان گرفنێكی بۆ دروست ببێت ،ئەوا دەبێتە هۆی ڕاوەستانی پڕۆسیی فرۆشتن و باركردن و هەناردەكردن كە ئەمیش كاریگەری دەكاتە سەر داهات و فرۆشتن و وڵاتیش زیانی گەورەی پێدەگات.
• بۆیە گەر بمانەوێت ژێر خانێكی پتەو و بەهێز بۆ كەرتی وزە((نەوت و غازی سروشتی )) هەرێمی كوردستان دابمەزرێنین، ئەوا پێویستە كە هەموو ئەو خاڵانەی لای سەرەوە بنیاتبنێین بەشێوەیەكی تۆكمە و بە تەكنەلۆژیای سەردەم.جا بۆ ئەو پێكەوەنانەی ژێر خانە نەوتیە پێویستە و ئەركی حكومەتی هەرێمە كە ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە هەڵبنێت:
• ئەركەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
1.بودجەی پێویستی بۆ دابینبكات: چونكە كەرتی نەوتی بەهێندەی داهاتەكەی پێویستی بە خەرجی گەورەشە و چەندە خزمەت بكرێت لەڕووی چاودێری و پارێزگاریكردن وسازكاری و پێشخستن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزرایەكانی ((ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و ...هتد.))، هێندەش دەتوانێت داهات و دەسكەوت بداتەوە بۆ وڵات.كەواتە نابێت حكومەتی هەرێم لەم كەرتەدا دەستبگرێتەوە،بەڵكو پێویستە بەبەردەوامی بودجەی پێویستی بۆ دابینبكات.
2. كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكاندا: ئەو كارانەی كە لەتوانای خۆیدا نیە كە جێبەجێیان بكات،پێویستە لەڕێگەی گربَبەستی تۆكمە و شەفافەوە دوور لەگەندەڵی و دەسكەوتی كەسی و حیزبی بەپلانی زانستی و واقعیانەوە،لەگەڵ كۆمپانیای بەناوبانگ و بەئەزموون و شارەزا كاری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدات.
* ئامانج لە پێكەوەنانی ژێر خانێكی بەهێز لەكەرتی نەوتدا چیە؟
1. زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی :هەموو ئەو پڕۆژانەی كە ئەنجامدەدرێن و دەبنە ژێرخانی كەرتی نەوت،ئامانج لێیان بریتیە لە زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی،چونكە چەندە بڕەكەیان زیاتر بێت هێندەش دەبنە سەرچاوەی داهات و دەوڵەمەندبوونی حكومەت و لەو ڕێگەیەشەوە كۆمەڵگا خۆشگوزەران و وڵاتیش ئاوەدانتر دەبێتەوە و دیاردەكانی بێكاری و هەژاری و برسێتی و تاوان و كۆچكردن و نەخۆشی و ...هتد.نامێنن و كەمبدەبنەوە و حكومەتیش لای زیاتر دەكاتەوە بەلای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژە ئەندازیاری و ئاوەدانیەكان و تەواوی سێكتەرەكانی ژیان.
2. ئاسانترین میكانیزم بۆ پڕۆسەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غازی سروشتی : ئامانجێكی تری پێكەوەنانی ئەم ژێرخانە، بریتیە لەوەی كە بە ئاسانترین میكانیزم پڕۆسەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غازی سروشتی وڵات بەڕێوە بچێت،چونكە چەندە كرداری گواستنە و گەیاندن و باركردن ئاسابێت ئەوەندەش كڕیار زیاتر دەبێت بۆ بەرهەمە نەوتیەكان و بەمەش وڵات قازانجی زیاتر دەكات و داهات و دەسكەوتی زیاتر وەدەستدێنێت.
* لەكۆتایدا،گرنگە حكومەتی هەرێم كە ماوەی 20 ساڵە دەستیكردۆتە دەرهێنان و فرۆشتن و گرتنبەری سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری،كە بەداخەوە تائێستا نەوت، بۆتە تاكە سەرچاوەی گەورە و گرنگ بۆ داهاتی وڵاتەكەمان و هەموو سێكتەرەكانی تر چاوەڕوانی ئەم كەرتە دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن بودجەی پێویستیان بۆ دابینبكرێت و بەرنامە وكارەكانی خۆیان جێبەجێبكەن.هەربۆیە گرنگە كە حكومەتی هەرێم كە لەسەرەتای كاروان و قۆناغی گەشەپێدانی كەرتی وزەی كوردستاندایە،هەر لەسەرەتاوە بە پلانێكی تۆكمەی زانستی بكەوێتە خۆ بۆ بونیاتنانی ژێرخانی نەوتی كەرتی وزە لە كوردستاندا،چونكە بەبێ پێكەوەنانی ئەم ژێرخانە كارێكی سەخت دەبێت بۆ ئایندە بەڕاست و دروستی بتوانین داهات و قازانجی گەورەتر وەدەستبێنین،بەڵكو هەر بەم شێوەیەی ئێستامان دەكەوینە ژێر قەرزی كەڵەكەبووی زیاتر و ڕەحمەتی كۆمپانیا نەوتیەكانەوە.وناتوانین نەوت و غازی سروشتیەكەمان بكەینە نیعمەت و هەر بەنیقمەت و سەرەخۆرەی میلەت و وڵاتەكەشمان دەمێنێتەوە.