Draw Media

فوئاد مەعسوم: ئەگەری یاریكردن بە ئەنجامەكان رەتناكەمەوە

فوئاد مەعسوم: ئەگەری یاریكردن بە ئەنجامەكان رەتناكەمەوە

2018-05-31 12:34:01


(درەو میدیا):
دوای ئەو رەخنە زۆرانەی لێی گیرا بەهۆی نوسراوەكانی لەبارەی هەوڵەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، سەرۆكایەتی كۆمار ئەگەری رودانی یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتناكاتەوە هەروەك ئەوەی جەختیش لەسەر روودانی ناكات، بەڵام سەرۆك كۆمار پشتیوانی لە گرتنەبەری رێكاری یاسایی دەكات.
دوێنێ شەو فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق دوو نوسراوی بڵاوكردەوە و تێیدا ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئەو لیژنەیەی كە حكومەت دروستیكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانەكانی رودانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار.
نوسراوەكانی فوئاد مەعسوم نیگەرانی لێكەوتەوە و ژمارەیەك لایەنی سیاسی عێراقی و كوردی بەیاننامەیان لەسەر بڵاوكردەوە.
لەو رونكردنەوەیەدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، فوئاد مەعسوم زامنی پابەندبون بە دەستور دەكات و ئەركی ئەوەیە چاودێری هەموو بابەتێك بكات كە دژ بێت لەگەڵ بنەمای دەستور و یاساكان و لەوچوارچێوەیەدا نوسراوی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە بەوپێیەی ئەو دادگایە بەرپرسە لە لێدانەوەی دەستور.
رونكردنەوەكەی سەرۆك كۆمار جارێكی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكات هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و لەوەش زیاتر رەخنە لە پەرلەمان دەگرێت كە دانیشتنەكانی بە كراوەیی بەجێدەهێڵێت، لەوبارەیەشەوە ئاماژە بە دوو بڕیاری دادگا فیدراڵی دەكات (بڕیاری 55/2010 و بڕیاری 56/2010) كە هێشتنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بە نادەستوری ناودەبات.
سەرۆك كۆمار جارێكی تر جەخت لەسەر نادەستوریبوونی ئەو لیژنە باڵایە دەكات كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی ساختەكاری پرۆسەی هەڵبژاردن دروستیكردووە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار دەڵێ" فوئاد مەعسوم بە یەك دووری لە هەمووانەوە رادەوەستێت و پشتیوانی هیچ كوتلە و لایەنێكی سیاسی ناكات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand