بەشار ئەسەد دوو بژاردە دەربارەی رۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو
2018-05-31 10:18:47
(درەو میدیا):
بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا هۆشداریدەداتە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان و رایدەگەیەنێت دوودڵ نابن لە بەكارهێنانی هێز بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە.
ئەسەد لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " روسیا الیوم" وتی:" تاكە كێشە كە لەسوریا ماوەتەوە ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكراتە."
ئەسەد وتیشی:" بە دوو بژاردە مامەڵە لەگەڵ هەسەدەدا دەكەین، یەكەم كردنەوەی دەرگای دانوستانە لەگەڵیاندا، چونكە زۆرینەیان هاوڵاتی سوریان و وا پێویست دەكات كە وڵاتەكەیان خۆش بوێت و ناخوازن بوكەڵەیەك بن بەدەستی هیچ بیانییەكەوە."
ئەسەد بە زمانی هەڕەشەوە وتیشی :" ئەگەر لەگەڵ یەكدا وەك هاوڵاتیی سوریی نەژین، ئەوا پەنادەبەین بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانە بە هێز، ئەوە خاكی خۆمانە و مافی خۆمانە و ئەركی خۆمانە ئازادی بكەین و پێویستە لەسەر ئەمریكییەكان ناوچەكە بەجێبهێڵن و بە رێگایەك لە رێگاكان بەجێی دەهێڵن."
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ئەسەد رایگەیاند ئەمریكییەكان بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی هاتن بۆ عێراق، بڕوانن چیان بەسەرهات و پێویستە وانەیان وەرگرتبێت."
ئەسەدد ئاشكراشیكرد خەریكبوو پێكدادانی روسیا و ئەمریكا لە سوریا رووبدات، بەڵام بۆ خۆشبەختی بەهۆی دانانی سەركردایەتی روسیا، نەك سەركردایەتی ئەمریكا، رووینەدا.