تۆپەكەیان خستە گۆڕەپانی سەربەخۆكانەوە
2022-05-06 16:46:48
(درەو):
سەربەخۆكان كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەوە، سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی هەردوولایان جڵەوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق داوەتە دەست سەربەخۆكان، سەربەخۆكانیش هێشتا بێدەنگنو باوەڕ بە دۆخە سیاسییە نوێیەكە ناكەن، سەربەخۆكان كێن ؟
سەربەخۆكان لەنێوان سەدرو چوارچێوەدا
مۆڵەتە یەك مانگییەكەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، عەبادی، حەكیم) كۆتایی هات، چوارچێوە لە كۆتایی مۆڵەتەكەدا دەستپێشخەریی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رایگەیاند.
سەدر كە مانگی رەمەزان لە خەڵوەتدا بوو، هەر دوای رەمەزان خەڵوەتەكەی شكاندو بە تویتێكدا دەرفەتەكەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی وەرگرتەوەو بانگەوازی پێكهێنانی حكومەتی راگەیاند.
هەردوولا (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا، دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ.
ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق نادیارە، هەندێك بە (45) پەرلەمانتارو هەندێكی تر بە (40) پەرلەمانتار ئەژماریان دەكەن، لەپاڵ ئەمەشدا قسەوباسی جیاواز هەیە لەبارەی دەستەواژەی "پەرلەمانتاری سەربەخۆ"وە.
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە دیاریكردنی (دوو لەسەر سێ) وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی گەیاندە بنبەستی سیاسی، هیچ یەكێك لەو دوو بەرە سیاسییەی كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراقەوە دروستبوون، بەبێ ئەوی تر ناتوانن نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەگوێرەی دەستوریش بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێناكات.
یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رویدا، سەركەوتنی هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بوو بۆ پەرلەمان، ئەمە بەرەنجامی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بوو، هەموارێك كە خواستنی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تیشرینی 2019ی عێراق بوو، بەهۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە بۆ یەكەمجار لە عێراقی دوای سەددامدا سەرۆك وەزیرانێك (عادل عەبدولمەهدی) ناچار كرا لەژێر فشاری شەقامدا دەستلەكاربكێشێتەوە.
هەمواری یاسای هەڵبژاردن وەكو ئەوەی پیشبینی لێ دەكرا نەیتوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان، بەجۆرێك ئەم توێژە سیاسییە نوێیە كۆتایی بە سەردەمی حوكمڕانی هێزە نەریتییەكانی بهێنن، بەڵام دابەشبوونی سیاسی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتیش ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەو دەرفەتەی بە سەربەخۆكان بەخشی، بەبەهێزی لەناو گۆڕەپانە سیاسییەكەدا دەركەون.
پەنابردنی هەردوو بەرە سیاسییەكەی عێراق بۆ سەربەخۆكان، ئەگەر بەدیوێكدا بێئاكامبوونی هەوڵی هەڵواشینی بنبەستی سیاسی عێراق بێت بەم توێژە سیاسییە نوێیەدا، بەدیوەكەی تردا نیشاندەری ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش شیعەكان لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019وە لەبەردەم شەقامی ناڕازیدا چیتر توانای سەرچڵیی سیاسییان نییە.
ئێستا كە هەردوو بەرە ناكۆكەكە داوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە كەمینەیەكی سەربەخۆ دەكەن، ئایا سەربەخۆكان خۆیان كێنو ژمارەیان چەندە ؟ ئایا توانای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان هەیە ؟ ئایا ئەگەر كاندید دیاری بكەن هەردوو بەرە ناكۆكە سیاسییەكان متمانە بە كاندیدەكە دەبەخشن ؟ ئەگەر كاندیدی سەربەخۆكان حكومەت دروست بكات توانای تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسییەكانی دەبێت یاخود روبەڕووی هەمان چارەنوسی عادل عەبدولمەهدیو مستەفا كازمی دەبێتەوە كە هەردووكیان كاندیدی تەوافوقی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بوون ؟
سەربەخۆكان كێن ؟
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق هێشتا وەڵامێكی ئەوتۆیان بۆ بانگەوازی هەردوو بەرەكە نییە كە داوای دیاریكردنو پێكهێنانی حكومەتیان لێكردوون.
(حسێن عەربەب) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقی سەربەخۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێ" لەماوەی دوو رۆژدا پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دیدی خۆیان لەبارەی پرسی بنەستی سیاسیو ئەو دەستپێشخەرییانە رادەگەیەنن كە خراونەتەڕوو".
ئەم پەرلەمانتارە باس لەوە دەكەن، تێڕوانینی جیاواز لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەیە لەبارەی ئەگەری بەشداریكردن لە حكومەتو وەرگرتنی پۆست یاخود نا.
دەستپێشخەریی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرچەندە لەوەدا چونیەكن كە پرسی پێكهێنانی حكومەت دەدەنە دەست پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، بەڵام لە وردەكاریدا هەندێك جیاوازییان هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكاتو كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكات، واتە چوارچێوەو سەدر پێكەوە گفتوگۆ بكەنو كاندیدەكە پەسەند بكەن، بەڵام سەدر لەمە زیاتر رۆیشتووە، دەڵێ با سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەنو سەدر پشتیوانیان دەكات، بەڵام سەدرییەكان بەشداری لە حكومەتەكەدا ناكەن، بەمەش دەرگای دانیشتنو گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە داخستووە.
چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرباری ئەوەی مافی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دەداتە دەست سەربەخۆكان، بەڵام هاوكات مەرجی ئەوەی داناوە ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكومەت دەكەن دەبێت پێكەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، یاسایەك كە دەرگای كردوەتەوە لەسەر سەركەوتنی خەڵكانی سەربەخۆ بۆ پەرلەمان، واتە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەن سەربەخۆكان خەڵات دەكاتو لەلایەكی ترەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.
جیاوازییەكی تری دەستپێشخەریی هەردوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی كاتی بۆ سەربەخۆكان دیاری نەكردووە، بەڵام سەدر ماوەی (15) رۆژ مۆڵەتی پێداون حكومەت دروست بكەن، سەرباری ئەمە سەدر مەرجی هەیە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئەوانەی كە مافی پێكهێنانی حكومەتیان پێدەدرێت بچنەپاڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، ئەمە بۆ ئەوەیە لە قۆناغی یەكەمدا پێكەوە بتوانن كاندیدی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، لەم حاڵەتەشدا لە ئەگەری سەركەوتنی سیناریۆكەدا كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت.
فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراق لە تویتێكدا بەمشێوەیە پێناسەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەكات:
سەربەخۆكان چەند جۆرێكن:
• سەربەخۆی راستەقینە: ئەمانە ژمارەیان كەمتر لە 7 پەرلەمانتارە
• سەربەخۆی سەربە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە: ئەمانە ژمارەیان (10) پەرلەمانتارە
• سەربەخۆكانی سەربە هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر: ئەمانە ژمارەیان لەنێوان (7 بۆ 10) پەرلەمانتاردایە
• سەربەخۆی حزبیش هەیە كە مەیلو پارەیان لەلایەن حزب یاخود كەسێكەوە بۆ دابین دەكرێت: ئەمانەش ژمارەیان لەنێوان 24 بۆ 30 پەرلەمانتارە
بەهۆی ئەم دابەشبونەی كە لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆدا هەیە، فەرهاد عەلادین پێشبینی دەكات سەربەخۆكان نەتوانن حكومەت دروست بكەنو بنبەستی سیاسی لە عێراق هەر بەردەوام بێت.
زۆرینەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەربە پێكهاتەی شیعەن، دیارترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵك"ە كە خاوەنی (18) كورسی پەرلەمانەو هاوپەیمانێتی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ (9 كورسی)و بزوتنەوەی (ئیمتیداد)ە كە ئەویش بەهەمان شێوە (9) كورسی هەیە، ئەم هاوپەیمانێتییە تائێستا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی بەشداری پێكهێنانی حكومەت دەكات یاخود نا؟ لەپاڵ سەدر رادەوەسێتێ یاخود چوارچێوەی هەماهەنگیی ؟ دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار دەدات یاخود كاندیدی یەكێتیی ؟
چارەنوسی حكومەتی سەربەخۆكان
سەرباری ئەوەی پێدانی مافی پێكهێنانی حكومەت بە سەربەخۆكان لەلایەن هەردوو بەرە ناكۆكەكەوە تەنیا وەكو تاكتیكێكی سیاسی تەماشا دەكرێت، بەڵام ئەگەر گریمانە بكرێت دواجار هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێكبكەون سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن، حكومەتی سەربەخۆكان حكومەتێك دەبێت هاوشێوە لاخود لاوازتر لەو حكومەتەی كە ئێستا هەیەو مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات.
كازمی كاندیدی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەكان بوو لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی)، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا روبەڕووی چەندین هێرشی گروپە چەكدارە شیعەكان بووەوە، نەیتوانی بەڵێنەكانی بۆ دەستگیركردنی بكوژی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، حكومەتی سەربەخۆكان كە حكومەتی بەلاداخستنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بێت، روبەڕووی هەمان چارەنوس دەبێتەوە.